ناوەندی نووسەرانی کوردستان پاڵپشتی لە بانگەوازی ناودێرکردنی "نەورۆزی خاکیپۆشان" دەکات. لە ڕاگەیاندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ ژینا مێدیا هاتووە، ناوەندی نووسەرانی کوردستان داوا لە ئەندامانی ناوەند، نووسەران، خامەبەدەستان، هونەرمەندان، ڕووناکبیران، کەسایەتی و چالاکان و سەرجەم کۆمەڵگەی فەرهەنگیی خۆرهەڵاتی کوردستان دەکات کە پاڵپشتیی لەم بانگەوازە بکەن و هەروەها خاکیپۆشانە و هەوریپۆشانە و جامانەلەمل و هەوریلەمل ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵمان گەرموگۆڕتر بکەن.
دەقی پەیامی ناوەندی نووسەرانی کوردستان بە لە خوارەوەیە:
پەیامی پاڵپشتیی ناوەندی نووسەرانی کوردستان لە بانگەوازی نەورۆزی خاکیپۆشان
نووسەران و خامەبەدەستانی کوردستان
هونەرمەندان و ڕووناکبیرانی نیشتمان
کۆمەڵگەی فەرهەنگیی کوردستان
وەک دەزانین نەورۆز بۆنەیەکی کۆن و دێرینی نەتەوە و گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بەڵام لە کوردستان وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی، مێژوو، فەلسەفە و پێناسەیەکی قووڵی لە پشتە کە ساڵانە لە چوار بەشی کوردستان و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی نیشتمانی داگیرکراومان بایەخێکی زۆر تایبەتی هەیە و ڕێوڕەسمگەلێکی بەشکۆی ئەم بۆنە نەتەوەیییە بەڕێوە دەچێت.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا خەڵکی وریا و هۆشیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان تایبەتمەندییەکی جیاوازتریان بە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز بەخشیوە و وێڕای ناودێرکردنی ساڵانەی نەورۆزەکان، یەکڕیز و یەکگرتوو لە کەڕنەڤاڵگەلێکی گشتی و بە ئاگرکردنەوە، گۆڤەند، هەڵپەڕکێ، کولتووری ڕەنگاڵە و سروود و هێما و سیمبۆلە کوردستانییەکانی دیکە و بەتایبەت جلی خاکی و هەوری و جامانە وەک سێ هێمای ڕزگاریخوازی، سنووری شوناسی کوردستانیبوونی خۆیان لەگەڵ داگیرکەران زۆر زەقتر کردووەتەوە.
نەورۆزی ئەمساڵیش لەلایەن ڕێکخراوە و دامەزراوە و ئەنجومەنە خەڵکییەکان و چالاکی ناوخۆی ڕۆژهەڵات لە بانگەواز و چالاکیی جۆربەجۆردا بە "نەورۆزی خاکیپۆشان" ناودێر کراوە و ئەم ناودێرکردنەش بێگومان بە خوێندنەوەیەکی تێگەیشتووانە و وردبینانە کراوە. بۆیە پێویستە هەموومان سەرەڕای بۆچوون و ڕوانگە جیاوازە سیاسی و ئایدیۆلۆژییەکانمان، پێکەوە یەکدەنگ پاڵپشتی لەم بانگەوازە بکەین.
ناوەندی نووسەرانی کوردستان وێڕای پاڵپشتی لە بانگەوازی ناودێرکردنی "نەورۆزی خاکیپۆشان"، داوا لە ئەندامانی ناوەند، نووسەران، خامەبەدەستان، هونەرمەندان، ڕووناکبیران، کەسایەتی و چالاکان و سەرجەم کۆمەڵگەی فەرهەنگیی خۆرهەڵاتی کوردستان دەکات کە پاڵپشتیی لەم بانگەوازە بکەن و هەروەها خاکیپۆشانە و هەوریپۆشانە و جامانەلەمل و هەوریلەمل ڕێوڕەسمی نەورۆزی ئەمساڵمان گەرموگۆڕتر بکەن.
هەموو پێکەوە بە خرۆشان
بەرەو نەورۆزی خاکیپۆشان
ژن، ژیان، ئازادی
ناوەندی نووسەرانی کوردستان
١٠ی ڕەشەمەی ٢٧٢٤
٢٨ی فێبریواریی ٢٠٢۵