دوابەدوای دەستبەسەر کردنی بەرفراوان لە شارە جۆربەجۆرەکانی کوردستان، دوو ئەندامی یەک بنەماڵە بە ناوەکانی خالد بەکری و محەممەد بەکری لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری مەهابادەوە دەستبەسەر کراون. بە پێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی ڕێبەندان، محەممەد بێکری لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە بازنەی ئازادیی شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا. هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٩ی بەفرانبار، خالید بێکری تەمەن ٤٦ ساڵ و برا گەورەکەی محەممەد بێکری لە ڕێگای مەهاباد بۆ سەردەشت لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرا. تا ئەم ساتە هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دەستگیرکردن و چارەنووس و شوێن و تۆمەتی ئەو دوو هاووڵاتییە لەبەردەستدا نییە.