چیرۆکی پەریوەیی لە پێشانگای هونەری هێلسینکی - It's Over 9000!

چیرۆکی پەریوەیی لە پێشانگای هونەری هێلسینکی

نوسراو لە بەرواری 2024 , August 09
0 0

لە لای چەپی ژوورێکی بچووکی گالێری هونەری 𝙃𝙞𝙥𝙥𝙤𝙡𝙮𝙩𝙚 لە شاری هێلسینکی، بە تەشی لە ژوورەکە جیا کراوەتەوە، چەندین وێنە هەن کە پردی پێوەندی ئەمرۆ و ڕابردووی پەنابەرێکی کوردن. لە شاشەی تەلەڤیزیۆنێکی ٧٠ ئینچی چیرۆکی ژنە کوردێک بە بە وێنە و هۆنراوەکانی دووپات دەگێردرێتەوە. چیرۆکی پەریوەیی مرۆڤ لە نشتیمان و ئازارەکانی پەنابەری.

دوایین بەرهەمی وێنەیی هونەرمەند زاگرۆس مەنووچێهر، چیرۆکی ئاوارەیی ژنەکوردێکە بەناوی "میدیا" خەڵکی قامیشلۆی ڕۆژاوای کوردستان. لە پێشانگادا بۆ یەکەمجار ئەزموونێکی نوێی مەنووچێر بە شێوەی ویدئۆ وێنە نمایش دەکرێت. کورتە فیلمێک کە زاگرۆس مەنووچێهر بەرهەمی هێناوە بە یادداشتنامە، وێنە و شێعر چیرۆکی ژیانی میدیا دەگێرێتەوە. چیرۆکی مناڵی و خەون و ئاواتەکانی مرۆڤێک کە ئاوارەیی بەشێکی زۆریان دەکاتە خۆلەمێش.

چیرۆکی میدیا درێژەی بەرهەمەکانی زاگرۆس مەنووچێهرە لە سەر ئەو کارەساتانەی کە نەتەوەی کورد ئەزموونی کردووە. ساڵی ٢٠٢٣ یەکەم بەرهەمی زاگرۆس لەو بوارەدا بریتی بوو لە کورتە فیلمی "بۆنی سێو" کە لەودا چیرۆکی کچە کوردێکی ١٧ ساڵانە دەگێرێتەوە کە بە هۆی کیمیابارانی هەڵەبجەوە تووشی تەنگی هەناسە ببوو و باوکی نەهامەتییەکانی ڕابردووی خۆی هێنابووە دیاسپۆرا. زاگرۆس مەنووچێهر هەروەها لە کورتە فیلمێکی دیکەی خۆیدا کە لە بەهاری ساڵی ٢٠٢٤ لە پێشانگای ناوەندی شاری لاهتی بە نمایش دانراوە چیرۆکی سێ کوردی پەریوە دەگێرێتەوە.

هونەرمەند لە بەرهەمەکانی خۆیدا باسی شوێندانەری توندوتیژی و شەڕ دەکات لە سەر مناڵ و هەڵسوکەوتی کۆمەڵگا. لە ڕێگەی فیلم، وێنە و هۆنراوەکانەوە ئازارەکانی نەوەکانی شەڕ دیتووی کورد بۆ بینەرە ئورووپاییەکان دەگێرێتەوە.

 

زاگرۆس مەنووچێر لەدایکبووی ١٩٩٠ لە سلێمانیە، لە تەمەنی منالییەوە لە گەڵ بنەماڵەی هاتووە فینلاند. ساڵی ٢٠٢٢ بڕوانامەی ماستێری خۆی لە ئاکادێمیای هونەرە جوانەکانی زانکۆی هێلسینکی بەدەست هێنا. ناوبراو لە مەوبەر چەندین بەرهەم لە قاڵبی کورتە فیلم و فیلمی درێژی ساز کردووە و وێنەکانی زاگرۆس ڕازێرەنەوەی زۆر پەرتووک و ڕۆمانی مناڵانن لە فینلاند. بەرهەمەکانی ناوبراو بەشدارییان کردووە لە زۆر فێستیڤاڵی هونەری ناونەتەوەیی و براوەی خەڵاتی گەنجترین دەرهێنەری فینلاند بووە.

 

 مەجید حەقی - ژینامێدیا

 

بۆچونی نوێ