ناوەندی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان داوای یەکریزی ناوماڵی کورد لە باشووری کوردستان دەکات. بە بۆنەی دەیەمین ساڵڤەگەری کارەساتی شەنگال کە لە ساڵی ٢٠١٤ هێزەکانی داعش هێرشیان کردە سەر ئەو ناوچەیەی باشووری کوردستان و بوون بە هۆی کۆمەلکوژی خەلکی شەنگال، ناوەندی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاندراوێک بڵاو دەکاتەوە. لە راگەیاندراووی ناوەنددا وێرای ئاماژە بە ڕووداوی ژێنۆسایدی ئێزیدییەکان، داوا لە هێزە سیاسیەکانی کوردستان دەکات لەو هەلومەرجە ناسکەی ناوچەیی و ناونەتەوەییدا ناتەباییەکان وەلا بنێن و یەکگرتوویی نەتەوەیی مسۆگەر بکەن. دەقی ڕاگەیاندراوی ناوەند بە شێوەی خوارەوەیە<
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان،
هێزە مرۆڤدۆستەکانی جیهان،
خەڵکی بەڕێزی شەنگال.
ئەمڕۆ دە ساڵ بە سەر ئەو نەهامەتیە گەوەرەدا تێپەڕدەبێت کە بەرۆکی میللەتی کوردی گرت. هێزە مرۆڤکوژەکانی داعش کە هێزێکی توندڕەوی ئیسلامی لە عێراق و سوریە بوون، لە سێ مارسی ٢٠١٤دا هێرشیان کردە سەر شەنگال کە گەوەرەترین شاری ئێزیدی نشینی کوردستان بوو. لەو هێرشەدا هێزەکانی داعش بەو پەڕی دڕەندەیی و بێبەزییەوە کارەساتی ژێنۆسایدیان لە دژی پەیڕەوانی ئایینی ئێزیدی و گەلی کورد ئەنجامدا. هەزاران کچ و ژنیان فراند و هەزاران بەساڵاچوو، پیاو و گەنجی کوردیان قەتڵوعام کرد. هەرچەند ئەو هەڵسوکەوتانە بۆ ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نامۆ نەبوو، چوونکە کۆماری ئیسلامی ئێران زۆر جار کردەوەی داعش ئاسای لە دژی میللەتی ئێمە ئەنجام داوە، بەڵام پێویستە دان بەوەدا بنێین کە کڕین و فرۆشتنی کێژ و گەنج و منداڵی ئێزیدی لە بازارەکانی تورک و عەرەبدا، هۆڤانەترین کردار بوو کە لە دژی مرۆڤایەتی ئەنجامدرا. لەوە بێبەزیانەتر، هاودەستی کەسانێک بوو لە گەڵ داعش کە وەک کڕیار ڕەفتاریان دەکرد.
لێرەدا جێی سەرنجە کە چۆن دەیان هەزار پێشمەرگە لە ناوچەکدا لە بەرامبەر چەند سەد هێزی داعش بەرگریان نەکرد و مەیدانیان چۆلکرد؟ بێگومان هێرشی سەر شەنگال و قەتڵوعامی خەڵکی ئێزیدی، پلانێکی ناوچەیی بوو و دەوڵەتی تورکیە رۆڵی سەرەکی تێدا گێڕا.
لە ئێستادا زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان لە سەر ئەو کارەساتە هۆڤانەی داعش هەڵوێستیان هەیە و بە نیازن خۆیان بە پاڵەوانی ڕزگاری شەنگال و ناوچەکە بناسێنن. دەستیان کردووە بە دژایەتی کردنی یەکتر و لە سەر گیان قوربانیانی ئێزیدی مامەڵەدەکەن. هەوڵدەدەن رۆڵی خۆیان گەورەتر و ڕۆڵ و تێکۆشانی لایەنەکانی تر لاوازتر نیشان بدەن یاخود بسڕنەوە. هێزە کوردییەکان لە هەمان کاتدا کە بێبەزیانە بەگژ یەکتردا دەچنەوە بەڵام لە بەرامبەر هێرش و سووتانی دۆڵ و دەشت و شاخەکانی کوردستان و پلانی دوژمنان بێهەڵوێستییان هەڵبژاردووە.
ئێمە لە ناوەندی نەتەویی رؤژهەڵاتی کوردستان، هێرشی داعش و تاوانە دژەمرۆڤەکانی لە سەر کوردستان و شەنگال بە توندی مەحکوم دەکەین. لەهەمان کاتدا هەڵوێستی دژبەرانەی حیزب و ڕێکخراوە کوردییەکان وەک خزمەت بە دۆزی کورد و کوردستان نازانین. ئێمە پێمان وایە کە کوردستان بە گشتی و رۆژئاوا و باشوری کوردستان بەتایبەتی، لە ژێر مەترسی جیدی دان. لە ئێستادا پێویستە یەکگرتووانە لە دژی داگیرکاری و سوتان و پاکتاوکردنی کوردستان بوەستینەوە. کێشە و ناکۆکی ناوخۆیی چارەسەر بکەین و ڕێگە نەدەین کە دوژمنانمان سوود لە ناتەباییمان وەربگرن.
بژی یەکێتی نەتەوەیی.
ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
04/08/2024