کورتە فیلمی کوردی "چرپە" لە پێشانگای شاری لاهتی لە فینلاند - It's Over 9000!

کورتە فیلمی کوردی "چرپە" لە پێشانگای شاری لاهتی لە فینلاند

نوسراو لە بەرواری 2024 , May 10
0 0

کاتێک مرۆڤ ناچار دەبێ بنەماڵە، کەسوکار، نشتیمان و هەموو ئەو شتانەی کە بۆت ئاشنان لە دەست دەدەی، جیهانت دەگۆڕێت، مرۆڤ ناچار دەبێت هەمووشت سەر لەنوێ دەست پێ بکات. ئەمە مژاری پێشانگایەکە کە لە رۆژی ٣/٥/٢٠٢٤ بە بەشداری پەرلەمانتێر بەرێز پێکا هاویستۆ (Pekka Haavisto) وەزیری دەرەوەی پێشووی فینلاند و دەیان کەس لە کەسایەتییە هونەری و سیاسییەکانی وڵاتی فینلاند لە مۆزەخانەی Malva لە شاری لاهتی (Lahti) کرایەوە. ئەو پێشانگایە تا رۆژی ٣/١١/٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت.

لەو پێشانگایەدا بەرهەمی هونەرمەندی کورد، دەرهێنەر زاگرۆس مەنووچێر بەناوی kuiskaus (چرپە)  کە چیرۆکی سێ پەنابەری کورد دەگێرێتەوە وەک یەکێک لە سەرەکیترین بەرهەمەکان بەشدارە.

لە پێشانگای Määränpää (ئامانج) دا بەرهەمی هونەری دوانزدە هونەرمەندی هاوچەرخ باس لە مژاری بەجێ هێشتنی نشتیمان و دۆزینەوەی نشتیمانی نوێ دەکات. بەشێک لە بەرهەمەکان باسی بەجێ هشتنی ناچاری واتە پەنابەری بەشێوەیەکی دێکۆمێنتاری دەکات. بەشێک لەو بەرهەمانە مرۆڤ دەباتە لێواری ئەو ساتانەی کە کەسان ناچار بوون زێد و وڵاتی خۆیان بەجێ بێڵن. دڵتەنگی، دووری و نەبوونی دەرەتانی پێوەندی و سەر ئەنجام دۆزینەوەی هۆ بۆ ڕاسان و ژیانەوە ناوەرۆکی بەرهەمەکانن.

هونەرمەند زاگرۆس مەنووچێر لەدایکبووی شاری سلێمانی لە تەمەنی مناڵیەوە لە گەڵ بنەماڵەی ڕووی لە هەندەران کردووە و هەر لە تەمەنی مناڵیەوە خولیای هونەری دەرهێنان و پێشانگایی بووە. زاگرۆس ماستیری هونەرە جوانەکانی لە ئاکادێمی هونەری Taideyliopiston Kuvataideakatemia بەدەست هێناوە، مامۆستای هونەرە جوانەکانە. تا ئێستا زیاتر لە ٥ کورتە فیلم و دوو فیلمی درێژی هەیە. ناوبراو یەکم دەرهێنەری بە ڕەگەز بیانییە کە ساڵی ٢٠١٣ لە وڵاتی فینلاند خەڵاتی باشترین دەرهێنەری گەنجی وەرگرتووە و لەو دەگمەن هونەرمەندانەیە کە توانیویەتی لە ئاکادێمی سیبێلیووس  Sibelius-Akatemia  وەرگیرێت.

 

بۆچونی نوێ