کوردستانی ڕازاوە - It's Over 9000!

کوردستانی ڕازاوە

نوسەر: فاتح ئارش
نوسراو لە بەرواری
0 0
13:06 2024 , June 18

 زۆر بەکورتی: لە مێژە کە گەلەکەمان لە گەڵ کێشەی تایبەت لە چەشنی کەمی هەست و زانستی لەباری نەتەوەیی ڕووبەڕووە بەڵام نەورۆزی ئەمسال شتێکی زۆر پێچەوانەی ڕابردوو پیشاندا کە لە ڕووانگەی فکری منەوە هۆکاری سەرەکی ئەم جیاوازیە باس لە گەشەی ڕۆشنبیری (تێگەیشتن) دەکات کە هۆکاری بەرز بوونەوەی هەستی خۆناسی و دووری لە ترس و نادڵنیایی بەدوای خۆیدا دێنێ، کاتێک کە ئاستی هزری مرۆڤ لە خوار بێ هەستی کاردانەوەی زۆر کەمە، هەست پێویستییەکی گرنگی ژیانە ئەگەر بتوانی بەشێوەی دروست بەکاری بهێنیت، هەستێک کە لە ڕووانگەیەکی لۆژیکییەوە سەرهەلدات مرۆڤ ڕوو لە ئاراستەیەک ڕادەکێشی تا ڕوو لە ئارەزوەکانی دەروونی بکات و دوورەپەرێز بێ لە فاکتەرە زیانبەخشەکان، بەکورتی بە زۆری تێکڵاوی هەست و زانستی خۆناسییە کە مەترسییەکانی دەوروبەرمان دەستنیشاندەکات، فاکتەرەکانی وەک بەرز بوونەوەی ئاستی خوێندەواری لە گەڵ ئینتەرنێت و ماس مێدیا هاوکات بەربەرەکانێی گەنجانی ڕۆشنبیرو ناسیونالیستی نەتەوەیی دابینکەری بەشی زۆری ئەم ئاڵوگۆڕەن.

کاتێک کە مرۆڤ گەیشتە ئاستی خۆناسی هێزی کاردانەوەی دەڕواتە سەرو ئەوە قبوڵ ناکات کە وەک مرۆڤی پلە دوو پێناسە بکرێت و کولتوورو بەها مرۆڤییەکانی دیکە لا گرنگن و خەونەکانی جیاوازن و پێناسەیەکی تایبەت بەخۆی لە سەر ژیانی دەبێ، دەتوانین بڵێین نەورۆزی ئەمساڵ باسی لە خەونەکان و هەستی بەرزی باوەڕ بە خۆبوونی زۆری پێوە دیار بوو، لە هەر چوار پارچەی کوردستان کچان و کوڕانی بەهەستی نەتەوەکەمان کوردستانیان بە ئاگرو جلوبەرگی ڕازاوە ڕازاندەوە کە دەتوانین ئەم ڕازانەوەیی سەرنج ڕاکێشە کە جێگای سەرنجی نەتەوەکانی دیکەش بوو بە هەوڵێک بۆ کردنەوەی دەروازەی داخراوی پرسیارە ئاستەمەکان پێناسە بکەین، ئەوەیی کە بینامان جیاوازی زۆری هەیە لە گەڵ هەڵسوکەوتێکی کوێر کوێرانە یان بێ بیرکردنەوەی تایبەت و ئیمکانی بۆ دەڕوات کە ئەم گەلە لە داهاتوویەکی نزیکدا دۆخێکی تایبەت بخوڵقێنێ.

لە ژیانی گەورە ساڵیمدا دوو خاڵ لە مێشکمدا هێلانەیان کردبوو یەکەم ئەوە بوو کە داخۆ ڕۆژێک دێت کە کرماشانییەک لە باکووری کوردستان هۆرە بچڕێ و خەڵک گوێی لێ بگرن یان کوردێک لەو بەشەیی کوردستان کلاش هەورامی بپۆشێ، بەکورتی وەها بیرم دەکردەوە کە ئەگەر شتی لەم چەشنە ڕووبدات یانی ئاستی هەستی نەتەوایەتی و یەکتر قبووڵکردن گەیشتەوەتە قۆناغێکی زۆر بەرز، بەخۆشییەوە کە ئەمساڵ بینام کە وێنەی پێشەوا، ئاڵای کوردستان، گۆرانی بە زاراوەی کەڵهوری بڵاو بوونەوەو کەسێکی لوڕ بە لیباس لوڕی و زاراوە نیوە لوری و نیوە سۆرانی لە ئامەد لە باکووری کوردستان بە دەنگێکی زوڵاڵ گۆرانی بۆ ئاپۆرای هەزاری بەشداران نەوڕۆزی ئەو شارە دەگوت و خەڵک خۆشییان بۆ دەکرد، لە بۆچوونی مندا ئەم جیاوازیی مانایەکی تایبەت دەبەخشێ بە بواری نەتەوەیی و بە داگیرکەرانی کوردستان دەڵێت تایبەتمەندی (خەسلەت) کۆیلەیەتی لە کوردستان لە حاڵی بار کردندایەو کاتی خۆ بەدەستەوەدان تێپەڕ بووە، جا ئەمجار نۆرەی ئێوەیە کە ڕۆژگارێکی سەخت و پڕ لە دڵەڕاوکێتان هەبێ. بەهیوای سەرکەوتن.

بۆچونی نوێ