ئێران.. هەنگاوێکی پێویست، بەڵام ناتەواو لە دژی دیکتاتۆرییەت! - It's Over 9000!

ئێران.. هەنگاوێکی پێویست، بەڵام ناتەواو لە دژی دیکتاتۆرییەت!

نوسەر: عەبدولڕەحمان گەورکی
نوسراو لە بەرواری
0 0
12:06 2024 , June 18

چاوخشاندنێک بە بڕیارنامەی ئەمدواییەی دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی

ساڵانێکی زۆرە دیکتاتۆرییەتی دەسەڵاتی ویلایەتی فەقیهی بە دوای بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمیەوەیە بۆ ئەوەی خۆی بەسەر چارەنووسی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بسەپێنێت! ئەم دەسەڵاتە پێش ئەوەی بگاتە ئاستێکی وا، خۆی بەسەر چارەنووسی ئێران و گەلی ئێراندا سەپاندووە. ئەگەر هێزێکی خۆڕاگر و بەرهەڵستکاری وەک "ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران" لەدژی "دیکتاتۆری ویلایەتی فەقیهی" نەبووایە، بە دڵنیاییەوە ئەم دەسەڵاتە تا ئێستا ببووە "دەسەڵاتێکی ئەتۆمی". ئەم هێزە بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1381 (ئابی 2002) کۆمەڵگەی جیهانی لە پلانی مەترسیداری دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەتی مەزهەبی ئاگادار کردەوە و هۆشداری دا لەوەی کە نابێ دەرفەت بدرێت بەو دەسەڵاتە ببێتە دەسەڵاتێکی ئەتۆمی.

ویژدانی بەئاگابووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باش لەبیریەتی کە لە ساڵی ١٣٧٠ (١٩٩١)ەوە موقاومەتی ئێران پڕۆژەی چەکی ئەتۆمیی رژێمی ئێرانی لە زیاتر لە ١٠٠ کۆنفرانسی رۆژنامەوانیدا ئاشکرا کرد و لە ساڵی ١٣٨١ (٢٠٠٢)دا ناوەندە سەرەکی و بە توندی پارێزراو و نهێنییەکانی (نەتەنز) و (ئەراک)ی خستە بەر دیدی کۆمەڵگای جیهانی. بەڵام "سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت" و "دانوستانی بێکۆتایی"، سەرەڕای ئەوەی زۆرجار لەگەڵ پێدانی ئیمتیازاتی ناڕەوادا بووە بە رژێمی ئێران، بووە هۆی ئەوەی ئەم رژێمە، بەبێ ئەوەی تێچووی جددی بدات، دەرفەتی بەو رژێمێ دا بەرنامەی چەکی ئەتۆمی خۆی بەرەوپێش ببات. تا یەک مانگ لەمەوبەر (کەمال خەرازی)، راوێژکاری خامنەیی و سەرۆکی ئەنجومەنی ستراتیژیی پەیوەندییەکانی دەرەوەی رژێمی ئێران، باسی لە گۆڕینی "دوکتورینی ئەتۆمی"ی رژێم بۆ دروستکردنی "بۆمبی ئەتۆمی" کرد و بە خۆبەزلزانییەوە رایگەیاند کە رژێم "توانای" هەیە بۆمبی ئەتۆمی بەرهەم بهێنیت"!

هەنگاوێکی لەمجۆرە ستایش ئەنگێز، کە تەنیا لە هێز و پێگەی موقاومەتی ئێران دەوەشێتەوە، هەرچەندە وڵاتانی ئەندامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەندێک بەهایان پەیدا کرد، بەڵام وەک لە "بڕیارنامەی دەستەی بەڕێوەبەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ شەرمەزارکردنی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی رژێمی ئێران"دا هاتووە، دەردەکەوێت ئەم هەنگاوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە دژی رژێمی ئێران"، بەس نەبووە و ناتەواوە! دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئێران هەرگیز ئامادە نەبووە هەنگاوێک لە "بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی" پاشەکشە بکات بۆ ئەوەی رژێمەکەی لەسەر پێ رابگرێت. چونکە ئەم دەسەڵاتە تەنها بیر لە مانەوەی خۆی دەکاتەوە.

ئەوە لە بیر ناکریت کە بیرۆکەی ئەتۆمیکردنی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتە فەقیهی، بیرۆکەی باڵی بەناو (ریفۆرمخواز)ی ئەم رژێمە بووە کە "سازشتکارانی رۆژئاوایی" دڵیان پێ خۆش کردبوو! دڵخۆشبوونێکی کارەساتبار کە بەداخەوە رۆژئاوای خستە خاڵی پێچەوانەی خواستی گەلی ئێران. خەڵکی ئێران دەیانەوێت دیکتاتۆری لە وڵاتەکەیاندا بڕووخێنن. هۆی درووستبوونی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و موقاومەتی ئێران و بەرپابوونی راپەڕینەکانی گەلی ئێران کە هەمیشە لە زیادبووندایە، جگە لەمە هیچیتر نەبووە و نییە!

خانمی مریەم رەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی موقاومەتی ئێران، بڕیارنامەی ئەمدواییەی ئەنجوومەنی پارێزگارانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ شەرمەزارکردنی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی رژێمی ئیرانی بە "کارێکی باش و حەتمی و پێویست، بەڵام زۆر ناتەواو" زانی" و وتی: "بەلەبەرچاوگرتنی بێڕێزی و هەڕەشەکردن و پێشێلکارییە بەردەوامەکانی بڕیارنامەی ٢٢٣١ ئەنجومەنی ئاسایش لەلایەن رژێمی ئێرانەوە، کاتی ئەوە هاتووە دەستبەجێ بڕگەی (چالاککردن) بەکاربهێنرێت و سەرجەم بڕیارنامەکانی پەیوەست بە پڕۆژە ئەتۆمییەکانی رژێم جێبەجێبکرێن و دۆسیەکە بەرز بکرێتەوە بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان. ئەمە شتێکە کە دەبوو زۆر پێشتر ئەنجام بدرێت".

چاوخشاندنێک بە پێشهاتە سیاسییەکانی پەیوەست بە ئێران و دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی لە ئێران بە روونی ئەوەمان بۆ دەردەخات کە ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوێی لە بانگەوازەکانی موقاومەتی ئێران بگرتایە، دۆخی ئێران و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئەنجامدا کۆمەڵگەی جیهانیش، زۆر جیاواز دەبوو لەوەی کە ئێستا هەیە و بەو شێوەیە دڵتەزین نەدەبوو.

لەژێر رۆشنایی راپەڕینەکانی خەڵکی ئێران لەدژی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی، گرتنەبەری سیاسەتێکی بڕەڕ و چارەنووسساز دژ بە رژێمی ئێران و لەوانە، چالاککردنی بڕگەی تریگەر، بەرزکردنەوەی کەیسەکانی رژێمی ویلایەتی فەقیهی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش، خستنە ژێر بڕگەی حەوتەمی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوزەدکردنی تیرۆریستیی سوپای پاسداران و داننان بە مافی خەڵکی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوە و خەباتی ناوەندەکانی شۆڕش لە دژی پاسدارانی سەرکوتکەر، بە تەواوی بەردەست بووە و مەرجی ئاسایش و ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا هەر ئەمە بووە. ئەوە هەڵوێستێکی مرۆیی و شارستانیانە بووە کە رێگری دەکرد لە دەستپێڕاگەیشتنی دیکتاتۆرییەکی شەڕخواز بە بۆمبی ئەتۆمی و هەروەها شەڕخوازی لە ناوچەکەدا و، بە هاتنە تەنیشت گەل و موقاومەتی ئێران، یارمەتیدەر دەبوون بۆ "پانکردنەوەی سەری رەشەمارەکە لە تاران" و سەدان هەزار گیانی بێتاوان لەدەست نەدەچوو!

بۆچونی نوێ