ناکۆکی بەشی دووەم
لە بەشی یەکەمدا هەوڵماندا پێناسەیەک لە ناکۆکی بکەین و لە کۆتاییدا باسی ئەوە کرا کە ئەگەر ناکۆکی قەیراناوی بێت زۆر بکار دەهێندرێت. یوهان گاڵتونگ (٢٠٠٧ ، لاپەری ٨١ ) باسی سێ جۆرە زۆر دەکات:
ئا. زۆری راستەوخۆ، ئەو جۆرە زۆرە لە لایەن تاکەکەسەوە بە دژی کەسی دیکە بکاردهێندرێت. بە تایبەت ئەگەر ناکۆکی مابەینی لایەنەکان قەیراناوی ببێت، ئەکتەرەکان دەست بۆ توندوتیژی دەبن و زییان بە یەکتردەگەێنن. واتە هەرچەند لە کۆمەڵێکدا مرۆڤەکان پتر بە کلتورو پەروەردەی توند و تیژ بارهێندرابن و یا لە قوتابخانە و بنەماڵەدا ئەزمونی زۆرداریان پەێداکردبێت، ئەوەندەش پتر ئەو مرۆڤانە ئامادەگی ئەوەیان هەیە لە بەرابەر یەکتردا راوەستن و بە دژی یەکتر زۆر بکار بهێنن و زییان بە یەکتر بگەیەنن. ئەگەر لە کۆمەڵدا ناوەندی فێڕکردن و بارهێنان قەوارەیەکی دیموکراتیک و مرۆڤدۆستانەی هەبێت، ئەوە تاکەکانی کۆمەڵگاش ئاشتیخوازانە باردێن و دووری لە توندوتیژی دەکەن. هەر وەها کلتورە قوڵەکانی وەکی ئایین و داب و نەریتی عەشیرەتیش کارتێکەری راستەوخۆیان لە سەر بارهاتنی کەسایەتیکان هەیە. یانی لە ڕاستیدا شەڕ و نەخۆشی، ساڵامەتی و ئاشتی وەکی یەکتر. یوهان گاڵتونگ (٢٠٠٧، لاپەری ٨٣ ) پێیوایە زۆری راستەوخۆ لە پاوانی پیاوان دایە:
" سەرجەم ٩٥٪ زۆری راستەوخۆ لە لایەن پیاوان بکاردەهێندرێت."
ئەو پێوایە ژنان هەست و بەزەیی لە پیاوان پترە، هەر لەبەر ئەوەش کەمتر پەنا بۆ زۆر دەبەن. هەر وەها لە سەر ئەو باوەرەیە کە لەش وعەقڵی پیاو رۆڵیکی گەورە لە ناکۆکی دا و لە بەکارهێنانی زۆر دا دەبینیت. ئەو سازەیەی کە پیاو دایدەمەزرێنیت شیوەیکەی ستوونی هەیە و بە کلتوریکی زۆردارانە ڕاهێنان دەکا. هەر ئەوەندە بەسە کە بزانین لە هەمووی شەرەکاندا کە بە شیوەی گەرم یان بە چەک دەکرێن هەر پێاو بەشدارن. بە پێچەوانە لەش و قەوارەی ژن بۆ زۆرداری بارنایە، چونکە هەر لە سەرەتاوە هەستی بەزەیی تێدا پەروەردە دەبێت و ژن عەلاقەی بە سازەی ئاسوویی پترە. ئەو کلتورەی کە ئەو پێ باردێت ناتوانی تەئیدی زۆرداری بکات. گێرهارت شوارتس زانای ئوتریشی لە کتێبەیکەیدا بە ناوی ( ناسینی ناکۆکی، لێکدانەوەیان و ڕێگاچارەسەریان، ٢٠١٤، لاپەری ٢٣٢) پێوایە کە ژن هەستێکی تیژی لە سەر تێگەێشتنی ناکۆکی هەیە و هەر لەبەر ئەوەش لە پێش پیاواندا ناکۆکێکە وەروودەخەن بۆ ئەوەی پێش بە بکارهێنانی زۆر بگیردرێت.
ب. زۆری قەوارەیی، ئەو جۆرە زۆرە لە ناوەرۆکی سیستمێک، قەوارە و یا سازەیکە دایە. بۆ نمونە لە سیستیمی پیاوسالاریدا چەوساندنەوەی ژنان لە لایەن پیاوان ولە حاکمیەتی گەورە ساڵان دا زۆرکردن لە لاوان و یا لە قەوارەکانی حکومەتی ئێران دەستگای ئیتلاعات، سوپای پاسداران، پۆلیسی ئەخلاقی و تەواویی دەزگا و دامەزراوەکانی دیکەی حوکمڕان بە شیوەی ستوونی و نادێموکرات داڕێژراون چەوساندنەوەی جیابیران و ناڕازیان لە حکومەت و یا لە قەوارەکە بە شیوەیەکی تۆند بەڕێوەدەچێ و بە دژیان زۆر بکار دەهێندرێ. لە زۆری قەوارەیی لە ئێران دا سازەکانی حکومەتی لە هەڵس و کەوت دەگەڵ مروڤەکان دا بە دوو شێوە دەجوڵێنەوە. لە پلەی یەکەم دا هەوڵ دەدەن لە رێگای، گوشار و زەبر و زەنگ، فێرکردن و بارهێنان، مەکتەبەکانی قورئان و دەیان بارەگا و بنکەی دیکە خەڵک ژێڕدەست و ژێڕچەپۆکەی خۆیان بکەن، و شوێنەوار لە سەر شێوەی بیرکردنەوە و هەست و ویستییان دابنێن. ئەگەر لە ژێڕدەستکردندا سەرکەوتوو نەبوون، ئەوە دەستدەکەن بە لە ناوبردنی فیزیکی و کۆشت وبڕی خەڵک و ئەشکەنجەی جەستەیی و رووحی. بۆ ئەو کارە قەوارەکانی کە بۆ بەرنگاری دامەزراون و ئەوکەسانەی بۆ بکارهێنانی زۆر راهێنانیان پێکراوە بۆ سەرکوتکردنی خەڵک دەخەنەگەڕ و پاسدار و سەرباز ڕەوانەی شەقامەکان دەکەن. لە ئەو کاتەدا زۆری قەوارەیی بەرەو زۆری ڕاستەوخۆ دەڕوا. دیارە لێرەدا جیاوازیکی گەورە هەیە. لە زۆری قەوارەیی دا ئەکتەرەکان یەکتر ناناسن، بەڵام لە زۆری راستەوخۆدا ئەکترەکان یەکتر دەناسن و دەزانن چیان لە یەکتر دەوێت. ئەگەر ئەتوو لە ئەو سەربازی کە بۆ سەرکووت کردنی خەڵک رەوانەی شەقامەکان کراوە بپرسی ناکۆکی ئەو دەگەڵ خەڵکی سەرشەقام چییە؟ لەوانەیە وەڵام بداتەوە:" ئەمن ئەمرم پیکراوە تەقە لە خەڵک بکەم." ئەگەر پرسیاری لێبکرێ لە بەرچی تەقەیان لێ دەکات و چ مافێکی لێزەوتکراوە لە وانەیە وەڵام بداتەوە: "ئەمن نازانم." یانی ئەو نە راستەوخۆ ناکۆکی دەگەڵ خەڵک هەیە و نە ئاگامەندە بۆ و لەسەرچی ئەوان دەکوژێ. یانی نە ڕوانگەی لە سەر کردەوەکەی روونە و نە هەست بە نەگونجان و دەخەدەرکەوتنی قازنج دەکات، بەڵام دژکردەوە نیشاندەدا و خەڵک دەکوژێ. ئەوانەی کە خاوەنی سازەکەن زۆر جار لە پشتەوە راوەستاون و راستەوخۆش نایەنە مەیدان. ئەم روونکردنەوانەی سەرەوە ئێمەیان لە تاریفی ناکۆکی قەوارەیی نیزیک کردەوە و پێناسەیکی پێداین. دیارە زانایانی دیکەی بواری ناکۆکی قەوارەیی بە چاویلکەیەکی دیکە دەڕواننە بابەتەکە. هەر لەبەر ئەوەش تێگەێشتنی جیاوازیان دەگەڵ یوهان گاڵتونگ هەیە. بۆ نمونە گێرهارد شوارتس (٢٠١٤، لاپەری ١٩٢ تا ٢١٨ ) بە شێوەی مێژوویی پێکهاتنی قەوارەکان لێکدەداتەوە و باسی ئەوە دەکا کە بە زیادبوونی بەرهەم هێنان و دروستبوونی بازاری ئاڵ وگۆرێ شتوومەک خەڵکە نیشتەجێبووەکان بۆ پاراستنی بازاڕ و گوندەکانیان لە بەرابەر کۆچەرەکاندا پێویاستیان بە حاکمێیەت و بەشی نیزامی هەبوو. ئەو بەشانە کە لەسەرتاوە پێکهاتوون و بۆ بەڕنگاری لە گەڵ دوژمنی دەرەوە دروستبوون، ئێستا هەر ئەو خەڵکانەی کە لە رێگای باج و خەراجەوە ئەوان بەخێودەکەن، دەچەوسێندرێنەوە. لە ناو ئەو قەوارانەش دا چەندین شێوە ناکۆکی هەن، کە لە زنجیرە نوسراوەکانی دیکەدا باس دەکرێن.
لێڕەدا پێمباشە بۆ چاکتر تێگەێشتنی ناکۆکی، تیئوری سێ گۆشەی یوهان گاڵتونگ (٢٠٠٧ ، لاپەڕی ١٣٨ ) بە خوێنەران بناسینم. ئەو پێوایە کە هەر ناکۆکێک لە دوو ئاست دا خۆنیشان دەدا
ئا. لە ئاستی "مانیفیست" ئاشکرا
ب. لە ئاستی "لاتیینت" شاراوە
لە ئاستی ئا. دا تەنیا کردەوە ئاشکرایە. یانی ئەگەر کێشیەیک هەبێت، ئەکتەرەکانی ناو کێشەکە کردەوە نیشان دەدن. بۆ نمونە گلەیی دەکەن، توڕەن، جنێوان دەدەن
لە سەڕئاستی ب .دا هەم ئامانج هەیە و هەم ڕوانگە کە هەردووکیان شاراوەن. دە ئامانج دا دژبەری بەدی دەکری و ئەوەش بۆ خۆێ لە خۆێدا کاکڵی کێشەکەیە. ئەگەر کێشکە دیسپۆتی بێت ، ئەوە یەک ئامانج و دوو ئەکتەر و یا پتر هەن. ئەگەر کێشەکە دلیماتە بێت ئەوە دوو ئامانج و یەک ئەکتەر هەیە. ئەوەی کە زۆر شاراوەیە روانگەیە. روانگە دەتوانی ئیدئولۆژی بێت و یا ڕق و قینی نەتەوەپەرستی بێت و یا هەستێکی خراپ بەرانبەر بە یەکێک بێت. بەڵام دەبێ ئەوەمان لەبیربێت کە کردەوە ناتوانێت شاراوە بێت. لە رێگای کردوە دەتوانین حاڵی بین کە ناکۆکێک هەیە. یوهان گاڵتونگ سێگۆشەیەکی نەخشاندوە کە لە گۆشەی سەڕەوە کردار داندراوە لە گۆشەی چەپ روانگە و لە گۆشەی راست نەگونجان و ئامانجی جێگیر کردوە و ئەو فۆرمولەی خواڕەوەی بۆ نووسیوە:
ناکۆکی = کەردار (ک)+ ئامانج (ئا)+ روانگە (ر)
لە رێگای ئەو فورمولەوە دەکرێ لێکدانەوە بۆ ناکۆکی بکرێت و بزانرێ ئایا سەرچاوەکەی رق و قینە (روانگە) و یا سەرچاوەکەی نەگونجان دەگەڵ ئامانجە و یا پەیوەندی کۆمەڵایەتی. لە هەموو ئەو حاڵەتانەدا کردوە ئاشکرایە و پێمان نیشاندەدا کە ناکۆکێک هەیە.
پ. زۆری کلتوری، ئەوجورە زۆرە لە ڕاستیدا شەرعییەت دەدا بە زۆری راستەخۆ و بە زۆری قەوارەیی. بۆ نمونە لە رێگای ئایینەوە لە رێگای قانون و داب و نەریتی کۆمەڵایەتێەوە و یا لە رێگای زانستەوە کە پایەکەی لە سەر کلتوری قوڵ دامەزراوە رەوایەت دەدڕێ کە ژن نیوەی پیاوە و کوشتنی مرۆڤێک کە لاییک بێت رەوایە یان شەر بەدژی میللەتێک یان ئەنفاڵ کردنی رەوایە و بە خەزا دەژمێردرێ.
زۆربەی جاران لە باری زمانەوانیدا وەبەر گوێمان دەکەوێ کە فەڵانە دەوڵەت دەگەڵ فەڵانە دەوڵەت ناکۆکی هەیە. بە پێ وتەکانی یوهان گاڵتونگ دوو قەوارە ناتوانن دەگەڵ یەکتر ناکۆکیان هەبێ، بڵکە تەنیا مرۆڤەکان دەتوانن خاوەنی ناکۆکی بن. قەوارەکانیش هەر مرۆڤەکان دروستیانکردون و یاسا و ریسایان بۆ داناون و ئەگەر بێتوو دوو قەوارە و یا دوو حیزب و یا دوو دەوڵەت ناکۆکیان هەبێ و لێان ببێتە شەڕ، مروڤەکانی ئەو دوو قەوارەیە پێکەوە بەشەڕ دێن. دەکۆتاییدا زۆری قەوارەیی دەبێتە زۆری راستەوخۆ و مرۆڤەکان یەکتر لە ناودەبەن. ئەگەر ئاڵ و گۆرێک لە رێبەرایەتی و یا هەمووی قەوارەکە پێکهات ئەوە ئاڵ وگۆر بە سەر ناکۆکێکانیش دادێت. یانی بۆ نمونە ئەگەر ئۆردوغان لە سەرۆک کۆماری بکەوێت و کەسێک جێگای بگرێتەوە و ئەو کەسە مرۆڤ دووست بێت، ئەوە ئاڵوگۆریش بەسەر شێوەی ناکۆکیکان دادێت. دەتوانین لێرەدا نمونەیەکی دیکەش بهێنینە بەرباس. ژن و کیژی کورد و میللەتانی دیکەی ئێرانی بە پێگە وجێگەی خۆیان ناڕازین و داخوازی ئەوان ئازادی دەبەرکردنی جل و بەرگ، ئازادی قەڵەم، ئازدی ئاخاڤتن و ئازادی پیشە هەبێت و میراتی وەک پیاوان وەرگرن و لە دادگا حیسابی وەکی پیاوانیان بۆ بکرێت. سەرانی حکومەت ئەو داوخوازیانە بە دژی یاسا و قەوارەکانی حکومەت و کلتور و ئەخلاقی ئیسلامی دەزانن. تا ئەو کاتە ناکۆکی خەڵک دەگەڵ قەوارە و کلتور و یاسایە. بەڵام حکومەت بۆ بێدەنگکردنی خەڵک سەرباز و تانک و تۆپی و فڕۆکە بۆ سەرکوتی خەڵک دەنێڕێت. هەر کە سەربازەکان زۆریان بکار هێنا و دەستیانکرد بە کوشتنی خەڵک زۆرەکە دەبێتە زۆری راستەوخۆ و مرۆڤەکان دەبەرابەری یەکتردا رادەوەستن. هەر لەبەر ئەوەش گاڵتونگ پێوایە تەنیا گیانلەبەر دەتوانی خاوەنی کێشە بێت.
ئێستا لەوانەیە خۆێنەر پرسیار بکا، ئەرێ گەلۆ بۆ ناکۆکی قەێراناوی دەبێت و لە کاتی کێشە و ناکۆکی دا چ ئاڵ وگۆڕێک بە سەر هەست، ویست، بیر و لێ حاڵیبوونی مروڤەکان دادێت؟ لە سەر ئەو چواربەشە لە زمانی گالازل لە زنجیرە وتارەکانی داهاتوودا بۆ خوێنەران باس دەکەم.
لینکی بەشی یەکەم:
https://jinamedia.net/articles/56/d-rd-n-r-s-r