ئەو وانانەی کە کورد دەبێ لە ئیسرائیل فێر بێت

نوسەر: د. مەجید حەقی
نوسراو لە بەرواری
0 0
20:05 2025 , May 15

بە بۆنەی ٧٧ ساڵەی سەربەخۆیی ئیسرائیل

ڕۆژی ١٤/٥/١٩٤٨ ئیسرائیل بە فەرمی سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاند. ساتێک کە نەتەنیا وەرچەرخانێک بوو لە مێژووی جووەکانی جیهاندا، کە دوای سەدان ساڵ دەرکران و داگیرکراوی گەڕانەوە وڵاتی خۆیان، بەڵکوو لاپەڕەیەکی نوێ لە ژێئۆپۆلیتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرایەوە. . ئێستا دوای ٧٧ ساڵ، ئیسرائیل نەک تەنها وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ، بەڵکو وەک یئەکتەرێکی سەرەکی لە بواری ئاسایش و ئابووری و تەکنەلۆژیای جیهانیدا دەناسرێت. ئیسرائیل چۆن توانی سەربەخۆیی بەدەست بێنێ و بیابانێک بکاتە ئاوەدانترین شوێنی ژیان، ببێتە بەهێزترین دێموکراسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وەک زڵهێزێکی سەربازی و تەکنۆلۆژی لە ناوچەدا؟ کورد چی دەبێ لە ئەزموونی ئیسرائیل فێر بێت؟

 

جووەکان دوای هێرش لەشکەری ئیسلام بۆ سەر ئیسرائیل و داگیرکردنی ئۆرشەلیم لە شەری "سەلیبی"دا ناچار بوون زێدی خۆیان بەجێ بێڵن. بەرلەوەش مەسیحییەکان وڵاتی جووەکانیان داگیرکردبوو و بەکردوە هەموویان پەریوەی هەندەران ببوون. لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم هاوکات لە گەل لاوازبوونی ئیمپراتۆری عوسمانی جووەکان بەرە بەرە گەڕانەوە زێدی باوباپیرانی خۆیان. جۆڵانەوەی زایۆنیزم لە لایەن تئودور هێرتسێل کە خوازیاری دامەزراندنی ماڵێک بۆ جووەکان لە ئیسرائیل بوو دامەزرا. لە دەسپێکی سەدەی بیستەمدا دوای بەرخودانێکی زۆر سەرئەنجام بە پێی بڕیاری ساڵی ١٩٤٧ی نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراندنی وڵاتی ئیسرائیل بەفەرمی ناسرا. یەکەم کاری ئیسرائیلییەکان بەرلە هەموو شتێک یەکگرتوویی هێزە سیاسی و پارتیزانیەکانی ئەوان لە ژێر چەترێکی هاوبەشی نەتەوایەتی بەناوی هێزی بەرگری ئیسرائیل بوو.

دوای دامەزراندن و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئیسرائیل، ئەو وڵاتە تازە دامەزراوە لە سالێ ١٩٤٨ لە لایەن پێنج وڵاتی عەرەبیەوە کەوتنە بەر هێرش. سەرەرای ئەوەی کە دانیشتوانی ئیسرائیل لە بەراورد لە گەل وڵاتانی عەرەبی کەم بوو، بەڵام ئەو وڵاتە توانی بە کۆکردنەی گشتی خەلک بۆ خەبات، ڕایەڵکەی جووەکانی دیاسپۆرا و پشتیوانی کۆمەلگای ناونەتەوەیی بەرگری لە بوونی خۆی بکات. ئەم ئەزموونە بوو بە هێمایەک بۆ ئەوەی ئیسرائیل ئەرتەش و سیاسەتی ئاسایشی نەتەوایەتی خۆی لە ساڵانی داهاتوودا بەرێک و پێکی دابرێژێت.

دروست کردنی دەوڵەت و ئابووری لە سفرەوە

یەکێک لە دەستکەوەتە هەرە بەرچاوەکانی ئیسرائیل، سازکردنی ژێرخانی ئابوورییەکی بەهێز لە هەلومەرجێکی زۆر سەخت دا بوو. کۆمەلگای ئیسرائیلی کۆمەلگایەکی فرەچەشن لە وڵاتانی جۆراوجۆری جیهانەوە لە ئورووپا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا وە هاتبوون و ئیسرائیل خاوەنی سەرچاوەی ژێرزەمینی وەک نەوت نەبوو. دەوڵەتی ئیسرائیل دەستی کرد بە بەکارهێنانی سیاسەتی سۆسیالیستی سەرەتایی واتە بە دامەزراندنی کۆمپانیا هاوبەشەکان (کیبوتز) بە نەتەوەیی کردنی پیشەسازییەکانی کلیدی وڵات.

دواتر ئیسرائیل دەستی کرد بە گۆرنی سیاسەت و ئازاد کردنی ئابووری و ڕاکشانی سەرمایەکانی بیانی بۆ وڵات و سەرنج دان لە سەر خوڵقاندنی تەکنۆلۆژیای نوێ. گرینگیدانێکی تایبەتی بە پەروەردە، لێکۆلینەوەی زانستی و داهێنانی تەکنۆلۆژی بوو بە هۆی ئەوەی کە ئیسرائیل ببێتە وڵاتی "ستارتاپ"ەکانی تەکنۆلۆژیا. ئەمرۆ تێل ئاڤیڤی پایتەختی ئەو وڵاتە یەکێک لە جەمسەرەکانی سەرەکی تەکنۆلۆژیای پێشكەوتووی جیهانە. پیشەسازییەکانی وەک سایبر، تەکنۆلۆژیای پێوەندیدار بە ئێکۆسیستەمی، وزەکانی نوێ لە هۆیەکانی گەشەی ئابووری ئیسرائیلن.

ئەزموونی شەڕەکانی یەک لە دوای یەکی ئیسرائیل لە بەرامبەر وڵاتانی عەرەبی بوو بە هۆی ئەوەی ئیسرائیل لە سەرەتاوە ببێتە خاوەن ئەرتەشێکی تەواو پیشەیی، ئامادەی گۆڕان و لە سەر بنەمای تەکنۆلۆژیای نوێ. شەڕەکانی ۱۹۵۶، ۱۹۶۷ و ۱۹۷۳ هەموویان ڕۆلێکی گرینگیان هەبووە لە پێکهاتنی دۆکتۆرینی بەرگری ئیسرائیل: بەرگری چالاکانە، پێشگیری پێشدەستانە، بەکارهێنانی زانیاری ورد و تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو. ئەرتەشی ئیسرائیل و ئاسایشی ئەو وڵاتە موساد و شاییت ۱۳ ڕۆلێکی گرینگیان هەبووە لە بەرگری لە سنوورەکانی ئەو وڵاتە.

سەرەرای بوونی شەڕی بێکۆتایی لە ماوەی زیاتر لە ٧٠ ساڵی ڕابردوو لە گەڵ فڵستینییەکان و لە ماوەی زیاتر لە ٤٠ ساڵی ڕابردووشدا لە گەل هێزەکانی پرۆکسی ئێران وەک حیزب اللە و حەماس و هێزەکانی دیکەی بەرەی ناسراو بە مقاومەت، ئیسرائیل توانیویەتی بەکردەوە ببێتە زڵهێزی یەکەمی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە گەڵ ئەمەش بە پەیمانی ئیبراهیم، دەرگای تازە بۆ ئئسرائیل کراوەتەوە کە بتوانێت لە ڕێگەی پێوەندییە ئابوورییەکانیەوە ببێتە وڵاتێکی شوێندانەر لە ئاستی هەموو ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست دا.

 

ئیسرائیل نموونەیەک بۆ لێ فێربوون

ئیسرائیل لە ماوەی ٧٧ ساڵی ڕابردوودا توانیوە ببێتە هێمایەک لە مانەوە، خۆڕاگری و خۆگونجاندن و داهێنانی نوێ. هاوسەنگی لە نێوان دێموکراسی، گەشەی ئابووری و ئەرتەشێکی پیشەیی و سیاسەتی چالاکانەی دیپلۆماتیک بووتە هۆی ئەوەی کە ئەو وڵاتە لە گەمارۆلێدرانەوە ببێتە یەکێک لە ئەکتەرە هەرە بەهێزەکانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و قەبارەی ئەو وڵاتە لە جوغرافیای ئەو وڵاتە زۆر بەرینتر بێت.

سەرەڕای بوونی لێگەر و چالشەکانی زۆری بەردەم ئەو وڵاتە، مێژووی ئیسرائیل سەلمێنەری ئەوەیە کە ئەو وڵاتە نەتەنیا ئێستا یەکێک لە ئەکتەرە هەرە بەهێزەکانی ناوچەیە، ەڵکوو لە بوارەکانی تەکنۆلۆژی، سایبری، وەرزێری پێشکەوتوو و وزە و داهێنانەکانی بواری تەکنۆلۆژیای ئاو یەکێک لە زڵهێزەکانی جیهانە.

یەکێک لە بنەما بنچینەییەکانی هێزی ئیسرائیل، شانبەشانی هێزی سەربازی و دیپلۆماسی، پێشکەوتنە زانستی و تەکنەلۆژییەکانی بەرچاوە. ئیسرائیل کەژمارەی دانیشتووانی کەمتر لە 10 ملیۆن کەسە، وڵاتێکە کە خاوەنی بەرزترین ڕێژەی لێکۆڵەری لە بەراورد لە گەڵ وڵاتانی جیهان دایە. وەبەرهێنانێکی بەرفراوان لە خوێندنی باڵاو و زانستە بنەماییەکان و هاوکاری نێوان زانکۆکان و کەرتی تایبەت، بووتە هۆی دروستبوونی کۆمەڵگەیەکی زانستی دینامیکی و داهێنەر.

یەکێک لە نموونەکانی هەرە بەرچاوی بلیمەتی زانستی لە نێوان جووکەکان، بوونی ڕێژەی بەرچاویان لە وەرگرتنی خەڵاتی زانستی نۆبێلدایە. جووەکان تەنیا نزیک بە 0,2٪ی (واتە ٢ پرۆمیلی) هەموو دانیشتوانی جیهان پێک دێنن، زیاتر لە 22% ئەو کەسانەی خەڵاتی زانستی نۆبێلیان وەرگرتووە جوون. ئەمە لەکاتێکدا یە کە ژمارەی دانیشتوانی موسوڵمان لە جیهان زیاتر لە یەک ملیار واتە 25% دانیشتوانی هەموو جیهان پێک دێنن و تەنیا چوار 4 خەڵاتی زانستی نوبێلیان بەدەست هێناوە.

لە بوارەکانی زانستی جووەکان توانیویانە بەشێوەی خوارەوە خەڵاتی نۆبێل وەرگرن:

  • ۲۵٪ لە خەڵاتی نۆبێلی فیزیک
  • ۲۷٪ لە خەڵاتی نۆبێلی شیمی (کیمیا)
  • ۴۱٪ لە خەڵاتی نۆبێلی ئابووری
  • ۳۲٪ لە خەڵاتی نۆبێلی پزیشکی

ئامارێک کە سەلمێنەری قووڵایی نەریتی زانست پەروەری لە چاند و فەرهەنگی جووەکاندایە.

ناسراوترین براوەکانی خەڵاتی نۆبێلی جووەکان دەتوانرێ ئاماژە بە ئاڵبرت ئەنیشتاین (فیزیک)، ریچارد فاینمێن (فیزیک)، پۆل سامووئێلسۆن (ئابووری)، دانیال کانمێن (ئابووری) و باروخ بن ئیسرائیل (شیمی) بکرێت.  لەناو ناو جووەکانی وەرگری خەڵاتی نۆبێل سێکەسیان خەڵکی ئیسرائیلن.  

ئەم خەڵاتانە نەتەنیا جێی شانازی زانستین بەڵکوو هێمایەکن لە پێگەی جیهانی توێژینەوە لە ئیسرائیل.

 

یەکێک لە دەستکەوتە هەرە بەرچاو و گرینگەکانی ئیسرائیل لە ماوەی ٧٧ ساڵی ڕابردوودا، پەرەپێدانی تەکنەلۆژیای ناوازە لە کشتوکاڵ و ئاودێریدا لە ژینگەیەکی وشک و کەم سەرچاوەدا بووە. ئیسرائیل لە ڕیزی ئەو وڵاتانەیە کە کەمترین سەرچاوەی ئاوی نوێبووەوەیان لە جیهاندا هەیە، بەڵام لە ڕێگەی داهێنانی تەکنۆلۆژیای کشتوکاڵ لەوانە (AgTech) ئەم سنووردارکردنەی کردووە بە سوودێکی گەورە کە کێبڕکێ لە گەڵ وڵاتانی خاوەن ئاو و سەوز دەکات.

چیرۆکی سەربەخۆیی ئیسرائیل تەنیا بە واتای دامەزراندنی دەوڵەتێک نیە، بەڵکوو چیرۆکی سەرکەوتنی نەتەوەیەکە کەسەدان ساڵە هەڕەشەی لەناوچوونی لە سەر بوو، نەتەوەیەک کە توانی لە دڵی شەڕ، کۆچبەری، هەژاری و پەراویزخراوی ببێتە یەکێک لە بەهێزترین ئەکتەرەکانی ناوچە و جیهان. لە ٧٧ ساڵڤەگەری سەربەخۆیی ئیسرائیل، ئەو وڵاتە زیاتر لە هەمووکات خۆی بە کورد نزیک دەزانێت. نەخشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەریکی گۆڕانی خێرایە و بۆ ئەوەی ئیسرائیل ببێتە خاوەنی داهاتوویەکی مسۆگەر و هێمن، جیا لە هێزی چەکداری و تەکنۆلۆژیای بەهێز پێویستی بە دۆستێکی ئاشتی خواز، خۆڕاگر و خاوەن بایەخە مرۆڤی و دێموکراتیکەکانی وەک نەتەوەی کورد هەیە. لەو هەرێمەدا هاوپەیمانی ستراتێژیکی ئیسرائیل، کورد و ئەرمەنی دەتوانێت پارەسەنگی هێز بە قازانجی ئاشتی، تەبایی و گەشەی پایەدار بگۆڕێت.

ئەگەر ئیسرائیل بتوانێت وێرای گەشە ئابووری، تەکنۆلۆژی و سەربازییەکەی ببێتە هێزێک بۆ چارەسەری پرسی کورد وەک گەورەترین پرسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو وڵاتە نەتەنیا دەبێتە هێمایەکی بەهیزی سەربازی، بەڵکوو دەتوانێت ببێتە هێمایەک لە شارستانیەتی نوێ لە سەدەی بیست و یەکەمدا.

 

بۆچونی نوێ