بەشی یەکەم
زۆر کەس هەن کە لە روانینی یەکەمدا ناکۆکی بە دیاردەیەکی دزێو دەزانن و لە شێوەی روبەرووبوونەوە لە گەڵ ئەو دیاردە کۆمەڵایەتییە دا توشی سەرلێشێواوی دەبن وهەست بە قورسایەکی بێزراو لە سەرشانی خۆیان و دەورووبەریان دەکەن. لەم کاتانەدا مرۆڤ کەمتر بیر لەم راستییە دەکاتەوە کە ژیانی مروڤەکان هەر لە سەرەتای منداڵیەوە تا کۆتایی ژیان پڕە لە ناکۆکی، ناکۆکی لە گەڵ خۆت، لە گەڵ کەسەکانی دەوربەری خۆت، لە گەڵ سروشت و کۆمەڵگا، لە گەڵ دەسەڵاتدارانی بە سەرتا زاڵن، لە گەڵ کلتورو نەریت و هتد. بەم جۆرە ناکۆکی لە گەڵ ژیانی ئێمە مرۆڤەکان قەتیسە و ناکرێ ئێمە ژیانێکی بە بێ ناکۆکیمان هەبێ. گرنگ ئەوەیە کە ئێمە ناکۆکی وەک وزەیەک بناسین کە دەتوانێ هەم تێکدەربێ و هەم پێکهێنەر لە ژیانی ئێمەدا. هەلسوکەوتی ئێمە لە تەک دیاردەی ناکۆکی دەتوانێ وزەو شوێندەنەری ئەم دیاردەیە بەرەو لایەنی ئەرێنی و یان بە پێچەوانەکەی بەرەو لایەنی نەرێنی ببات.
یوهان گاڵتونگ لە کتێبە بە ناوبانگەکەی خۆید( ئاشتی لە ڕێگای بەکارهێنانی کەرەسەی ئاشتیخوازانەوە، ٢٠٠٧ لاپەری ١٣٥) دەنوسێ:
"ئەگەر مروڤەکان بۆ خۆیان خاوەنی ناکۆکی بن دەتوانن بە سەر ناکۆکیەکەدا زاڵ بن، وەکی چۆن سوارێکی باش سواری ئەسپێک دەبێ و بە ئارەزووی خۆێ ئەسپەکە تاو دەدا. بەڵام ئەگەر ناکۆکی خۆی خاوەندارییەتی بە سەر مرۆڤەکاندا بکات، ئەو کات ناکۆکی دبێتە سوار و ئەسپەکە دبێتە مروڤ و سوارەکە دەبێتە ناکۆکی و بە کەێفی خۆێ مرۆڤەکە تاو دەدا و بە ئەو شێوە ناکۆکییە دەتوانێ مرۆڤەکان بەرەو هەڵدێر و تێداچون بەرێ."
لێرەدا بە پێویستی دەزانم ناکۆکی لە زمانی چەند لە زانایان لەم بوارەدا تاریف بکەم ولە زنجیرە وتارەکانی دواتردا بە وردی بچمە ناخی ناوەرۆکی ناکۆکی و لە سەری باس بکەم.
:یوهان گەڵتونگ (٢٠٠٧ ، لاپەڕی ١٣٤ ) ئاوا ناکۆکی پێناسە دەکا
" من ئارەزوویەکم هەیە و کەسێکیتریش هەر هەمان ئارەزووی هەیە و هەمان بابەتی دڵخوازی منی خۆشگەرەکە، ئەگەر ئێمە ئەم دوو لایەنە بە تەباییەوە بۆ گەیشتن بە ئارەزووەکانمان هەوڵ نەدەین ئەگەری ئەوە هەیە بە هۆی ناتەبایی لە نێوانمان توشی گرفت ببین و لە ئاکامی دەستێوەردان دا گرفتەکە قوڵتر ببێت و دۆخێکی مەترسیداری بێنێتە ئاراوەو ببێتە کۆسپ لە سەر رێگەی ئەم دوو لایەنە."
گاڵتۆنگ بە ئەو خاوەن کێشانەی لە بەرابەر یەکتردا رادەوەستن، دەڵێ "دیسپۆت". ناوبرا دوایی تاریفی شێوەی دیکە لە ناکۆکی ئاوا دەکات:
" کەسێک بە تامەزرۆییەوە بۆ گەێشتن بە ئارەزوویەک تێدەکۆشێ، هاوکات هەمان کەس هەمان ئارەزووی بۆ گەیشتن بە ئامانجێکی دیکەش هەیە. هەوڵدان بۆ دوو ئامانجی .جیاواز ئەم کەسە دەخاتە سەر ئاستەنگییەکی دوو لایەنە."
گاڵتۆنگ بە ئەو کەسانەی کە لە ژێڕ تەوژمی ئەو جۆرە کێشەیە دان دەڵێ "دلیماتە."
لە حاڵەتی ئەوەڵدا دوو کەس یا دوو لایەن بۆ گەیشتن بە ئامانج و مەبەستێک هەوڵ دەدەن کە پێگەیشتنی زۆر ئاستەمە جۆنکە نەگونجان هەیە. ئاستەنگی دوویەم ئەوەیە کە کەسێک، یا لایەنێک هەوڵ دەدات بۆ دوو ئامانج و یا دوو مەبەست کە لە گەڵ یەکتر ناگۆنجێن.
ئانیتا ڤۆن هیرتیڵ لە کتێبەکەی دا بە ناوی "رێگاچارەی ناکۆکی بە شێوەی کارناسی، ٢٠٠٥ ، لاپەڕی ١٢) ئاوا ناکۆکی تاریف دەکات:
"ناکۆکی کۆمەڵە کردەیەکە، کە لایەنە پێوەندیدارەکان لە درێژەی کردەوەکانیان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجێک بە شێوازی توندوتێژ دژ بە یەکتر هەڵسوکەوت دەکەن."
گالازێل گەورە زانای ئوتریش لە کتێبەکەی دا بە ناوی (یارمەتی دان بە خۆ لە کاتی ناکۆکی دا،٢٠٠٤ ، لاپەرەی ٢٤ ) بەمجۆرە تاریف لە ناکۆکی دەکات:
"ناکۆکی کۆمەڵایەتی هەلسوکەوتێکە له نێوان ئاکتەرەکان، دووکەس، دوو گروپ، یان رێکخراو و... دێتە ئاراوە. ئەگەر بێتوو لانیکەم یەکێك لەو ئاکتەرانە، جیاوازی یان دژبەری لە ڕووی بیر، هەست، تێگەیشتن و ویستەوە لەگەڵ لایەنێکی بەرامبەری خۆییدا هەبێ، و لەو بروایەدا بێ کە لایەنە بەرانبەرەکەی بە ئاگاییەوە دەبێتە لەمپەرێك لەسەر ڕێی بەئاکام گەیشتنی، ناکۆکی دێنێتە ئاراوە."
یوهان گاڵتونگ ناکۆکی بە گشتی بە سێ جۆر دابەش دەکات کە بریتین لە:
Conflict Intrapersonal ناکۆکی تاک لە گەڵ خۆێ
Conflict Interpersonal ناکۆکی لە گەڵ دەوروبەر
Conflict Structural ناکۆکی سازیی
دیارە هەر بەشەی بۆ خۆێ چەند جۆری هەیە کە لە زنجیرە نوسراوەکانی داهاتوودا هەلوێستەیان لە سەر دەکەم.
هەروەک لە سەرەوە ئاماژەم پێکرد گرنگ ئەوەیە چۆن هەڵسوکەوت لە ئاست ناکۆکی دا دەکرێ. ئەگەر وزەی پێکهاتوو سەبارەت بە ناکۆکی بە بەستەرێکی خۆڵقێنەر و ئەرێنیدا بەرەوپێش بچێ، ئەم وزەیە دەتوانی ژیان دروست بکا و ئەگەر بە پێچەوانە بە بەستەرێکی نەرێنی دا پەرەبستێنی دەتوانی ژیان لەبەین بەرێ. لەم بارەوە یوهان گاڵتونگ (٢٠٠٧ ، لاپەری ١٣٥ ) ئاوا دەنوسێ:
"ناکۆکی پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیانەوە هەیە، بەو مانایە کە ناکۆکی هەم توانای دروستکردنی ژیانی هەیە و هەم توانای لە ناوبردنی ژیان."
ئەگەر ناکۆکی باری نەرێنی بەخۆوە بگرێ و مرۆڤەکان لە بەرابەر یەکتردا هەڵوێست بگرن بەرەبەرە ناکۆکی تووشی قەیران دەبێ.
گالازل باس لە نۆ پلەی جیاوازی قەیران لە ناکۆکیدا دەکا کە بە شێوەی پلکانی نەزم دبنەوە و لە داهاتوودا لێکدانەوەیان بۆ دەکەین. لە پلەی حەوت، هەشت و نۆدا ئاستی قەیران دەگاتە توندوتیژی کە ئێمە لە ئەو زنجیرە نوسراوەدا ناوی دەنێین "زۆر" و لە زنجیرەی دووەمدا بە تەواوی لێکدانەوەی بۆ دەکەین. لەم ئاستە لە قەیراندا لایەنەکان لە رێگای بکارهێنانی "زۆر" هەوڵی لە نێوبردنی لایەنی بەرانبەری خۆیان دەدەن.
دیارە زۆر بۆ خۆی سێ جۆری هەیە کە پەیوەندیان بە پلەی ناکۆکیەکەوە هەیە. لە هەرجێگایەک ناکۆکی بگاتە پلەی قەیران توندوتیژی لە گەڵ خۆی دێنێتە ئاراوە.
(درێژەی هەیە)