ڕۆژانە دەیان ژنی کورد دەبنە قوربانی توندوتیژی و نەریتیە زیانبار و ناڕەوکان و ساڵانە بە سەدان ژن بە ناوی "شەرەف" و لەژێر سایەی بیروباوەڕی کۆندا بە دەستی کەسوکاریان گیان یان لەدەست دەدەن، کچانی کورد بە زۆر بە شوو دەدرێن و لە هەندێک شوێن تەنانەت خەتەنە دەکرێن.
جیهانی ئەمرۆ سەرەرای هەموو پێشكەوتنە زانستی و تەکنۆلۆجیاکەی، هەروا لە گەڵ هەڵاواردن و نایەکسانی قووڵی نێوان ژن و پیاو دەستەو یەخەیە. کوردستان یەکێک لەو ناوچانەیە کە ژنانی کورد هەموو رۆژێ لە گەڵ ژن کوژی، توندوتیژی، هەڵاواردن و نایەکسانی لە مافی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سنووربەندییەکانی نەریتەکۆنباو و زیانبارەکان و ئیسلامی سیاسی بەرەوڕوون. فێمینیسم ئایدیۆلۆژییەکی توندئاژۆیانە نیە، بەڵکوو بزاڤێکە بۆ وەدیهێنانی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. کەوابوو بۆچی ئێمە چ ژن و چ پیاو فێمینیست نەبین؟
یەکەم: فێمینیسم بە واتای یەکسانی نێوان ژن و پیاوە، نەک باڵادەستی ژنان بەسەر پیاودا. زۆرکەس بەتایبەت لە ناو پیاواندا پێموانوایە کە فێمینیسم بزاڤێکە دژی پیاوان. لە کاتێکدا ئامانجی ئەو کۆتایی هێنان بە سیستەمێکە کە، لەودا ژنان ژێردەستەن و پیاوانیش لە چوارچێوە نەریتییەکاندا سنووردار دەکرێن. جیهانێک کە ژنان و پیاوان یەکسان بن، نەتەنیا بە قازانجی ژنان بەڵکوو بە قازانجی هەموو کۆمەڵگا و پیاوانیشە. ئاسمان بە هەموو درەوشانەوەی ئەستێرەکانی ڕووناک و جوانە نەک تەنیا بە هەندیک ئەستێرە.
دووەم: یەکسانی جێندەری تەنیا پرسی ژنان نیە، ئەو کۆمەڵگایانەی کە ژنان و پیاوان خاوەنی مافی یەکسانن، لەباری ئابووری، کۆمەڵایەتی و کلتووریەوە گەشە دەکەن. لە وڵاتانی پێشکەوتوودا بوونی ژنان لە بوارەکانی بەڕێوەبردن و ئابووریدا گەشە و دینامیزمی زیاتری بۆ ئابووری هێناوەتە ئاراوە. بەپێچەوانەوە کۆمەڵگاکانی وەک وڵاتانی ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئاستەنگ دەخەنە بەردەم بەشداری یەکسانی کۆمەڵایەتی و ژنان سەرکوت دەکرێن، نە پێشکەوتوویی مسۆگەر دەکرێت و نەک ئاشتی و ئارامی کۆمەڵایەتی.
سێهەم: فێمینیسم پشتیوانی لە پیاوانیش دەکات. کلێشەکانی جێندەری و زایەندی تەنیا ژنان سنووردار ناکات، بەڵکوو دەبێتە هۆی سنووردار بوونی پیاوانیش. چاوەڕوانییە نادادپەروەرانە لە پیاوان پیاوان بۆ سەرکوتکردنی هەستەکانی خۆیان و دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزان و قبوڵکردنی هەندێک ڕۆڵ فشارێکی دەروونی توندیان لەسەر دروست دەکات. فێمینیزم بە جەختکردنەوە لەسەر یەکسانی، ڕێگە بە هەڵبژاردنی ئازادتر دەدات بۆ هەردوو ڕەگەز.
سەر ئەنجام ئێمە دەبێ فێمینیست بین، چونکە خوازیاری کۆمەڵگایەکی دادپەروەرانەتر، ئازادتر و مرۆڤانەترین. ئەگەر بڕوامان وایە کە نابێ هیچ مرۆڤێک بەهۆی زایەند و جێندەری تووسی هەڵاواردن بێت، کەوابوو هەموومان دەبێ لە پێناو یەکسانیدا خەبات بکەین. فێمینیسم هەڵبژاردە نیە، بەڵکوو پێویستییەکی ئەمرۆی کۆمەلگایە بۆ داهاتوویەکی گەشتر.