تیرۆریزمی ناونەتەوەیی ئێران- کەی جیهان وەخەبەر دێ؟ - It's Over 9000!

تیرۆریزمی ناونەتەوەیی ئێران- کەی جیهان وەخەبەر دێ؟

نوسەر: د. مەجید حەقی
نوسراو لە بەرواری
0 0
04:05 2024 , May 21

ڕۆژێک دوای هێرشی درۆنی و مووشەکی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، دەیوید کامێروون (David Cameron) وەزیری دەرەوەی بریتانیا دوای سەردانی بۆ ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئێستا هەموو جیهان ناوەرۆکی دەوڵەتی ئێران دەناسێ و دەزانێ کە رژێمی ئێران، رژیمێکی شەڕئەنگیز و مەترسیدارە.  چەندین ساڵ بەرلەوەی کە ئێران لە ١٣ی نیسانی ٢٠٢٤ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، رژێمی ئێران هێزی مووشەکەکانی خۆی لە رێگەی تیرۆری دەوڵەتی و هێرش بۆ سەر بنکەی پەنابەرانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان و بارەگانی حیزبە کوردستانییەکان و جاروباریش هێرش بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوخۆی عێراق و باشوور تاقی کردبووە. هیچکام لەو هێرشانە کە بوونە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیانکەس لە تێکۆشەرانی رۆژهەڵات و ژمارەیەک لە خەڵکی باشووری کوردستان لە لایەن کۆمەڵگای ناونەتەوەییەوە بە شێوەی جیددی وەرنەگیرا.

‌هەڕەشەی ئێران بۆ سەر ئاشتی جیهانی لەو رۆژەدا دەرکەوت کە ئایەتوڵلا خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ فەرمانی جەهادی دژی نەتەوەی کورد ڕاگەیاند. رژێمی ئێران هەرلەو ساتەدا نیشانیدا شتێک ناناسێت بەناوی پەیمانە ناونەتەوەییەکان و جاڕنامەکانی مافی مرۆڤ کە دەوڵەتی ئێرانیش واژۆکاری ئەو پەیمانانە بووە.

لە ماوەی ٤٥ ساڵی رابردوودا جیا لە ئاپارتایدی سیستماتیک دژی نەتەوەی کورد، تۆرەکانی تیرۆریستی ئێران لە هەرجێگەیەک بۆیان لوابێت خۆیان لە ئەنجامی تاوانی دژی مرۆڤی نەپاراستووە و سەدان کەس لە تێکۆشەرانی کوردستانی و ئەندامانی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی رژێم لەلایەن تیرۆریستانی سەربە ئێران کوژراو و بریندار بوون کە بەرچاوترینیان تیرۆری رێبەرانی کورد لە سالی ١٩٨٩ و ١٩٩٢بووە.

هێرشی ١٣ی نیسان بۆ سەر ئیسرائیل یەک ڕاستییەکی شاراوەی بۆ جیهان ئاشکرا کرد. لە نیسانی ٢٠٢٢ دا دوومانگ دوای هێرشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکراین، سەرانی ناتۆ لە کۆبوونەوەی بەرزی خۆیاندا دەوڵەتی ڕووسیایان وەک هەڕەشەی راستەوخۆ بۆ سەر دێموکراسی و ئاشتی جیهانی و چینیان وەک مەترسییەکی جیددی بۆ داهاتوو لە قەڵەمدا. چین دووەمین ئابووری جیهان دوای ئەمریکا، خاوەنی پێوەندییەکی ئابووری بەهێزە لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژاوا لەوانە یەکیەتی ئورووپا. ئەمەکە چین و ئەمریکا لەسەرپرسی تایوان ناکۆکیان هەیە و ڕکەبەری یەکترن لە بوارەکانی تەکنۆلۆژی سەربازی و ئابووری دا شتێکی حاشاهەڵنەگرە. هەڕەشەی چین بۆ سەر تایوان و پابەندی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ بەرگریکردن لەو وڵاتە "شەبەحی" شەری جیهانی سێهەم دەخاتە ڕوو. بەڵام ئێستا دەتوانین بێژین ئەوە کۆماری ئیسلامی ئێرانە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕات دەتوانێت هەرکات جیهان بەرەو وێرانکاری ببات.  

جیهان ئەمرۆ دەبێ تێگەیشتبێت کە سەرەرای ئەوەی کە چین هەڕەشەیەکی جیدییە بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ڕۆژاوا، بەڵام چین ئاگاداری ئەو ڕاستییەیە کە ئەگەر کێشەکانی لە گەڵ جیهان لە ڕادەیەک زیاتر قووڵ بێت زەرەرمەندی یەکەم لەو نێوەدا خۆیش دەبێ. دوای ئەوەی چین لە دیسامبری ساڵی ٢٠٠١دا بووبە ئەندامی رێکخراوی جیهانی بازرگانی، سەدان ملیۆن لە خەڵکی چین لە هێلی هەژاری ڕزگاریان بووە و ئابووری و ژیانیان بەرەو باشتر بوون چووە. چین ئەمرۆ ئەنبار هەموو کاڵاکانی جیهانە. کەوابوو لە ڕووی ئابووریشەوە بێت ڕۆژاوا و چین ناتوانن کێشەکانی خۆیان زۆر قووڵکەنەوە. بۆ حیزبی کۆمۆنیستی چین مادام خەڵکەکی کاریان بە سیاسەت و رەخنە لە دەوڵەت نەبێت، خۆشبژێوی ژیانی خەڵک زۆر گرینگە و نایهەوێ هێزی ئابووری خۆی فیداری ئایدیۆلۆژی سیاسی بکات.

ئێران خاوەنی ٩٪ی سەرچاوە ژێرزەوییەکانی جیهانە و ژمارەی دانیشتوانی ئێران نزیک ١٪ی هەموو جیهانە. بە پێی ڕاپۆرتی سندۆقی جیهانی پووڵ لە سایەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ئابووری ئێران کەمتر لە نیو لە سەدی ئابووری جیهانە. بەو پێیە کۆماری ئیسلامی ئێران شتێکی نیە بۆ دۆڕاندن. ئێستا بۆ هەموو جیهان دەرکەوتوو کە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران تەنانەت گەمارۆکانی ئابووری و سیاسیش دەرفەتن بۆ ئەوەی سیاسەتی هەڕەشە ئەنگێزانەی خۆی لە ناوچەدا گەشە بدات و ببێتە هۆی کێشە لە جیهان. وڵاتێک کە خاوەنی ٩٪ سەرچاوەی ئابووری جیهان بێت، سەرمایەی ئەوەی هەیە کە لە رێگەی پرۆکسییەکانی خۆی و پشتیوانی لە هێزە تیرۆریستییەکان ببێتە هەڕەشە بۆ سەر هەمو جیهان. کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئانقەست گفتگۆکانی بە هێنانەگۆڕی داخوازی نەشێن (نامومکین) بە چەقبەستوویی هێشتووە، بۆ ئەوەی ئاخوندە دەسەڵاتدارەکان ئێران بتوانن پیتاندنی ئۆرانیۆم تا ئاستی بەرهەمهێنانی چەکی ناڤۆکی بەرەو پێش بەرن. بەوە ئەوان دەتوانن هەم لەلایەک ئیدعا بکەن کە ئێران وڵاتێکی ئەتۆمی نیە و جارێ پابەندە بە پەیمانی قەدەغەی گەشەکردنی چەکی ناڤۆکی و لەلایەکی دیکەوە دەستی بەسەر پەلاپیتکە بێت بۆ هەڕەشەکردن لە جیهان. 

لەو سەردەمەی ئێمە تێدا دەژین، کەمتر وڵاتێک هەیە بە ئاست کۆماری ئیسلامی ئێران  هەڕەشەبێت بۆ سەر ئاشتی جیهان. زۆرترین وڵاتانی ڕکەبەری جیهان لە رکەبەرییە ناوچەیی و ناونەتەوەییەکانی خۆیان لانی کەمی نۆرمەکانی یاسای ناونەتەوەیی ڕەچاو دەکەن. لەو نێوەدا ئێران سیمای تاریکی هەموو حکوومەتەکانی جیهانە و نەتەنیا هەڕەشەیە لەسەر خەڵکی ئێران، بەڵکوو ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە هەموو وڵاتانی جیهان دەکات. ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڕەشەی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر هەموو وڵاتانی هاوسێی خۆی و لە  ئەگەر ڕۆژێک پێی بکرێت بە مووشەکە دوورهاوێژەکانی خۆی دڵی ئورووپا و ئەمریکاش دەکاتە ئامانج.

گەمارۆکانی تا ئێستای رۆژاوا لەسەر رژێمی ئێران کاریگەر نەبوون. رژێمی ئێران و سپاسی پاسداران وێرای دەوڵەتە پاوانخوازەکانی دیکە بە کەلک وەرگرتن لە دۆخی ئاڵۆزی ناونەتەوەیی فێری ئەوە بوو گەمارۆکان بۆخۆی بکاتە  دەرفەت و دوور لە چاوەدێری ناونەتەوەیی گەشە بدات بە تواناییە چەکداری و سەربازییەکانی خۆی و هێزی ماسوولکەیی خۆی بۆ سەرکوتی ناوخۆیی و هەڕەشە لە جیهان پەروەردە بکات. لەو نێوەدا ڕۆژاوا تاقی نەکردووە هێز و توانای نەتەوە بندەستەکانی ئێرانە.

بۆ کۆمەڵگای ناونەتەوەیی وەزاڵەهاتوو لە رژێمی ئێران، نەتەوە بندەستەکانی ئیران باشترین دەرفەتن و دەتوانم بێژم تاقانە هێزن کە رژێمی ئێران لێیان دەترسێ و نیگەرانی بەهێزبوونیانە. پشتیوانی سیاسی لە خەباتی نەتەوە بندەستەکانی ئێرانە کە ئێران ناچار بە گۆڕانی ڕەفتاری خۆی دەکات لە ئاستی ناونەتەوەییدا.

 

هەلومەرجی دوای هیرشێ ١٣ی نیسانی ئەمساڵ، دەرفەتێکی تازەی بۆ هێزە سیاسیەکانی کوردستان و نەتەوە بندەستەکانی ئیران خوڵقاندووە. فرەچەشنی نەتەوەیی لە ئێران وای کردووە کە لە ئێراندا هیچ هێزێکی سەرانسەری نەبێت و بەکردەوە کۆکردنەوەی سەرنج بۆ سەر هێزە بەناو سەرانسەرییەکان - کە بە بڕوای نووسەری ئەو دێرانە هێزی ناوەندگەرا و پاوانخوازن تا سەرانسەر – خوڵقاندنی دەرفتە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران. ئێستا کە ناوەرۆکی شەڕەنگیزانەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کۆمەڵگای ناونەتەوەیی و بەتایبەت وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان ناسراوە، پێویستە قووڵایی خەباتی دیپلۆماتیک و ناونەتەوەیی نەتەوە بندەستەکان بەتایبەت نەتەوەی کورد بەرینتر بێتەوە. کاتی ئەوە هاتووە لە قەڕاخ بەرزکردنی دۆسیەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن هێزە سیاسیەکانی دژبەری رژێمی ئێران، دۆسیەی ئاپارتایدی سیستماتیکی نەتەوەکان، هەڕەشەکانی هاوبەشی ئێران دژی نەتەوە بندەستەکان و جیهانی بخرێتە گەڕ و پۆتانسیەلی خەباتی نەتەوەیی بۆ بەرژەوەندییە هاوبەشەکان زەق بکرێتەوە.

ڕووی قسەی من لە هێزە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانە: ئێمە ناتوانین تەنیا بە پێرەوی کردن لە شێوازی ڕابردووی دیپلۆماسی و پێوەندییەکان پرسی نەتەوەیی خۆمان بەو ئاستەی کە پێویستە بەرز بکەینەوە و پشتیوانی جیهان بەرەو لای خۆمان ڕاکێشێن. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بایەخەکان، دروشمەکان و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان لە چوارچێوەی ستراتێژییەکی نەتەوەییدا دابڕێژرێت و دیپلۆماسی نەتەوەیی جێگەی دیپلۆماسی پەرتەوازە و بێ دوور دیمەن بگرێت. بەوە لەوانەیە جیهان دەنگی ئێمە ببیزێت و لە پەراوێزەوە ببین بە فاکتەری دیاریکەر.

 

بۆچونی نوێ