خامنەیی لە لێواری مردندایە و بەم زووانە دەمرێت. بەڵگەکان باس لەم راستییە دەکەن. بەڵام سروشتییە خەڵکی ئێران بۆ گەیشتن بە "ئازادی" هیوایان لەسەر مردنی هیچ کەسێک هەڵنەچنیوە. بەڵکو رێگای خۆی گرتۆتەبەر و بە دڵنیاییەوە پێی هەر دەگات. دڵخۆشبوون بە مەرگی سروشتیی هەر دیکتاتۆرێک، هەرچەندە خواستێکی سروشتی و ئاساییە بۆ هەموو مرۆڤێک، بەڵام سیاسەت و ستراتیژ ناتوانرێت لەسەری بنیات بنرێت!
خامنەیی لە دیدارەکەیدا لە رۆژی ١٧ی گەڵاڕێزانی ئەمساڵدا لەگەڵ ئەندامانی مەجلیسی شارەزایان (خبرەگان)، رۆڵی ئەم دەستەیەی لە دیاریکردنی "رێبەری داهاتوو" بە زۆر گرنگ وەسف کرد و رایگەیاند کە شارەزایان ئامادەن ئەم رۆڵە ببینن (ماڵپەڕی خامنەیی. 17ی گەڵاڕێزانی 1403).
ئەم لێدوانانەی خامنەیی هاوکاتە لەگەڵ چەندین قەیرانی ناوخۆیی و دەرەکی کە لوتکەی ئەو قەیرانانە "نەمانی رژێمی ئایینی ئێرانە". هەربۆیە باسکردنی جێنشینی "وەلی فەقێ" و "رووخانی رژێم" دوو قەیرانی جیددی و هاوکاتن بۆ ئەو دەسەڵاتەی کە زیاتر لە ٤٥ ساڵە خۆی بەسەر خەڵکی ئێراندا سەپاندووە.
دوای بڵاوبوونەوەی قسەکانی خامنەیی، پێشنوێژیکەرانی هەینی و نوێنەرانی وەلی فەقێ لە پارێزگاکان بە خێرایی هاتنە سەر شانۆ بۆ شاردنەوەی ئەو راستییە زەقە. یەکێکیان دەیگوت خامنەیی لە "تەندروستییەکی تەواو"دایە و ئەوی دیکەیان دەیگوت "هیچ هۆکارێک نییە بۆ نیگەرانی" و "شتێکی ئەوتۆ نییە" (ماڵپەڕی ئەنجومەنی سیاسەتدانانی ئیمامانی جومعە، ٢٥ گەڵاڕێزان ١٤٠٣). یەکێکیان دەیگوت "رژێمەکە ناوەستیت" و ئەوی دیکەیان وتی "دوژمنان دڵخۆش نەبن". هەندێک بە "درۆ" ناویان دەبرد و هەندێکیشیان باسی ئایندەداربوونی ئەم رژێمەیان دەکرد و ... هتد.
راستییەکە بریتییە لە ترس و دڵەڕاوکێ، کە هەر ساتێک، رەهەند و قووڵاییەکەی لە ناو رێبەرانی رژێمی ئێراندا بەرەوزیادبوون دەچێت. چونکە "خۆرئاوابوونی رژێمی دیکتاتۆریی ئایینی" لە "بۆسەی توڕەیی روو لە تەقینەوەی خەڵکی ئێران"دا بەم زووانە روودەدات و هیچ رێگەیەکی دەربازبوونی نییە لە رووخاندنی رژێمی ویلایەتی فەقێ. بە تایبەت کە ئەم رژێمێ ساڵانێکی زۆرە شەرعیەتی جەماوەری لەدەست داوە و خەڵک چەندین جار لە دژی راپەڕیون و قوربانییان داوە بەرامبەر بەم دیکتاتۆرییەتە و ئێستایش خاوەنی سەرمایەیەکی گەورەن بە ناوی "ستراتیژیی ناوەندەکانی شۆڕش" کە لە هەموو شارەکانی ئێراندا بڵاوبووەتەوە و خاوەن بنکەن.
ئەوەی نیگەرانیی سەرانی رژێمی ئایینی ئێرانی زیاتر کردووە، شکستی شەڕخوازییەکانی رژێمی ئێرانە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی بەرزبوونەوە و سەرکەوتنەکانی تاکە بەدیلی دێموکراتیک واتا "ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران"، کە لەسەر ئاستی جیهانیشدا، هەموو رۆژێک زیاتر پشتگیری دەکرێت.
دوا وشە!
رژێمی دیکتاتۆری مەزهەبیی ئێران بە سەرۆکایەتی عەلی خامنەیی، ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر ناسک و لاوازە و دەنگی هەڵگرتنی دواهەنگاوەکانی گەل و موقاومەتی ئێران بەر گوێ دەکەوێت. ئەرک و کاری ئێرانییەکانە کە لە هەلومەرجێکی وا هەستیار و گرینگدا لە دەوری ئاڵترناتیڤی ئەنجوومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران کۆببنەوە و خۆیان بۆ "سەردەمی نوێ" ئامادە بکەن!