ئێران و ستراتیژییە شکستخواردووەکان - It's Over 9000!

ئێران و ستراتیژییە شکستخواردووەکان

نوسەر: د. مەجید حەقی
نوسراو لە بەرواری
0 0
18:10 2024 , October 05

ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەر (یەکی ئۆکتۆبری ٢٠٢٤) کۆماری ئیسلامی ئێران، دووەمین هێرشی ڕاستەوخۆی بۆ ئیسرائیل ئەنجام دا. ئەم هێرشە بە ناوی رەمزی هێرشێ "وعدە صادق ٢" دوای ئەوەی ئیسرائیل لە چەند قۆناغدا سەرەتا لە رێگەی تەقاندنەوەی پەیجەرەکان و دواتر بیسیمەکان و ئەوجار کوشتنی فەرماندەکانی پلە یەک و دووی گرووپی تیرۆریستی حزب اللە و سەر ئەنجام کوشتنی حەسەن نەسروڵلا، رێبەری ئەو گرووپە و چەندین ئەندامی ریبەری دیکەی حیزبوڵلا، زەربەیەکی کاریگەری لە جەستەی حیزبوڵلا کە بە سیپەری کۆماری ئیسلامی ئێران دژی ئیسرائیل دەناسرا وەشاند.

ئیسرائیل لە ماوەی دوو هەفتەدا هەموو ئەو سەرمایەگوزارییانەی کە ئێران بۆ بەهێزکردنی حزب اللە کردبوو، مایە پووچ کرد. ئێران ماوەی زیاتر لە سی سالێ رابردوودا نزیکەی ٣٠ ملیارد دۆلاری خەرجی پەروەردە، رێکخستن و تەیارکردنی حزب اللە ی کردووە. سەرمایەیەک کە دەیتوانی  بەشێکی زۆر لە کێشەکانی ئابووری، ژینگەیی، هەژاری و بێکاری لاوانی ئێران چارەسەر بکات.

ئەمەکە ناوی هێرشی ئەمجارەش "وعدە صادق"ە بەواتای درێژەی هێرشەکەی ١٣ی مانگی نیسانی ئەمساڵەیە و ئاماژەیە بە هەوڵی درێژخایەنی ئێران بۆ لەناو بردنی وڵاتی ئیسرائیل. ئێران بەو هێرشەی خۆی ئامانجێکی دیکەش دەپێکا: ناچار کردنی ئیسرائیل بۆ هەڵسەنگاندنی ریسکەکانی لەوانەیی هەرجۆرە هێرشێک بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران. جارێ تا کاتی نووسینی ئەو بابەتە بەتەواوی شوێندانەری ئەو هێرشەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دەرنەکەوتووە. بەڵام لە پێوەندی لە گەڵ ئێراندا نزیک بە تەواوی وڵاتانی ڕۆژاوایی و لەوانە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەشێکی بەرچاو لە وڵاتانی ئەندامی یەکیەتی ئورووپا ڕەواییان داوە هێرشی لەوانەیی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران. تا لێرە ئێران یەکەم دۆراوی ئاستی ناونەتەوەیی ئەو هێرشە بوو.

لە ڕوانگەیەکی دیکەوە لەوانەیە وڵاتانی ناوچە و کۆمەڵگای ناونەتەوەیی دوای ئەو هێرشەی ئێران بیر بکەنەوە، گۆڕانی ستراتێژی ئێرانە بە کەڵک وەرگرتن لە پۆتانسیەلی ئەتۆمی خۆی بۆ خوڵقاندنی شەبەحی ترس لە بەرامبەر بەهێزی سەربازی و هێزی بەگری ئیسرائیل. بەواتایەکی دیکە لەوانەیە ئێران لە ژێر سایەی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراین و شەڕی یەک ساڵی ڕابردووی غەزە دوور لە چاوی کۆمەڵگای ناونەتەوەیی ئامادەیی ئەتۆمی خۆی بە ئاستێکی وا گەیاندبێت کە بتوانێت ببێتە هەڕەشە دژی وڵاتانی ناوچە و ئیسرائیل.

هاوکێشەی نوێ؟

بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو هەرەشەکانی ئێران دژی ئیسرائیل لە سەر بنەمای دوو پایەی سەرەکی بووە: جبەخانەی مووشەکی و فرۆکە بێ فرۆکەوانەکان و هێزەکانی پرۆکسی وەک حیزبوڵڵە لە لوبنان و حەماس لە غەزە. ئەم ستراتێژیە کە بە دۆکتۆرینی بەرگریی پێشوەختەی ئێران ناسراوە، بەدوای ئەوەدا بوو بە بەهێز نیشاندانی خۆی لە دەرەوەی سنوورەکانی لە گەڵ نەیارانی خۆی بەڕەوڕووبێتەوە بە بێ ئەوەی بۆخۆی پێویست بکات ڕاستەوخۆ بەشداری شەڕ بێت. ئەم ستراتێژیە دوای لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت دوای هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حزب اللە لوبنان و لەناو بردنی ناوەندەکانی ڕێبەری و فەرماندەیی حیزبوڵلا بەرە بەرە لە گەڵ شکست بەرەو ڕوو بوو.

هێرشی سێزدەی مانگی نیسانی ئەمساڵ دوای ئەوەی کە چەندین فەرماندەی ئێران لە دیمەشق کوژران. لەو هێرشەدا ئێران بە سەدان مووشەک و فرۆکەی بێفرۆکەوان هێرشی کردە سەر ئیسرائیل – گەورەترین ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئێران بوو دوای کۆتایی هاتنی شەڕی ئێران و عێراق. بەدوای ئەودا سەردار حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سپای پاسداران ڕایگەیاند: "“بڕیارمان داوە هاوکێشەیەکی نوێ دروست بکەین . . . لەمەودوا ئەگەر ڕژێمی زایۆنی لە هەر شوێنێک هێرش بکاتە سەر بەرژەوەندی و سەروەت و سامان و کەسایەتی و هاووڵاتیانمان، ئەوا بە دژە هێرش بەرەوڕوو دەبێتەوە”. بەهێرش کردنی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی دا پێشی هێرشەکانی داهاتووی ئیسرائیل بگرێت و رێگری بکات لە کوژرانی سەرداران و فەرماندەکانی رژێم، وەک ئەوەی لە یەکی نیسانی ٢٠٢٤ لە دیمەشق رووی دا.

یەکەم نیشانەکانی شكستی ئەو ستراتێژییەی ئێران لە ٣١ی مانگی ژووئیە بوو. ئیسرائیل لە هێرشێکی ئاسمانیدا بۆ سەر بەیرووت "فواد شکور" یەکێک لە گرینگترین فەرماندەکانی حزب اللە ی لە ناو برد. کوژرانی فواد شکور کە بە "رۆحی شاراوە"ی حیزبوڵلا ناسرا بوو، زەربەیەکی چارەنووس ساز بوو لە سەر پەیکەرەی حیزبوڵلا. دواتر تەنیا چەند کاتژمێر دوای دەستبەکار بوونی مەسعوود پزیشکیان وەک سەرۆک کۆماری رژێم، ئیسماعیل هەنیە رێبەری حەماس لە ناو تاراندا کوژرا. هێرشێک کە، زۆر کەسی تووشی سەرسوڕمان  کرد و بوو بەهۆی تراومایەکی دەروونی  بۆ رژێمی ئێران. هەرچەند بە شێوەی فەرمی ئیسرائیل بەرپرسایەتی کوژرانی ئیسماعیل هەنیەی بە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام ئێران وەک هێرشەکەی ١ی ئاوریل ئیسرائیلی بە تێپەرکردنی هەموو هێلەسوورەکانی تاوانبار کرد.

لە حەفتەکانی دوای ئەو ڕووداوە، ئێران هەڕەشەی هێرشی دەکرد بۆ سەر ئیسرائیل، لە گەڵ ئەوەش بە بیانووی گفتگۆکانی بۆ ئاگربەس لە نێوان ئیسرائیل و حەماس هەوڵی دا لە رێگەی کاناڵەکانی دیپلۆماسیەوە پێشی هێرشی زیاتر ئیسرائیل بگرێت بۆ سەر بەناو "بەرەی مقاومت"، بۆ ئەوەی تێچووی خۆیان لەو بەرەیەدا بە ئاستی هەرە کەمی خۆیان بگەیەنن. ڕاست پێچەوانەی ئیسرائیل ڕۆژ بە رۆژ پاشەکشەی بە بەرەی "مقاومت" کرد.بە شێوەیەک زۆر کەس لە ناو ئێران پێیان وابوو ئیسرائیل خەریکی هاندانی ئێرانە بۆ قووڵتر کردنەوەی ململانێی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ناوچەدا.

لە کۆتاکانی مانگی ئووت (ئاگۆست) دا حزبوڵڵە بە ئاراستەکردنی زیاتر لە 300 مووشەک بۆ ئیسرائیل لە تۆڵەی کوژرانی "فواد  شکور"، بوو بە هۆی دەسپێکی خەستتر کردنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر حیزبوڵلە.

بەڵگەی دیکە لە مەڕ وەدی نەهاتنی "هاوکێشەی نوێ"ی جێی ئیدعای ئێران هێرشی ئیسرائیل لە ٢٧ی سێپتەمبر بۆ سەر بنکەی ناوەندی رێبەری حزب اللە و لەناو بردنی " حسن نصرالله" سکرتێری گشتی حزب اللە  و کوژرانی سەرتیپ عەباس نیلفرۆشان جێگری فەرماندەی عەمەلیاتی سپای پاسداران بوو. حسن نصرالله  بە دڵنیاییەوە گرینگترین و بەرچاوترین سیمای پرۆکسی ئێران بوو کە دەکرێ وەک ئاڵقەی پێوەندی ئێران و هەموو بەرەی "مقاومەت" ناو ببرێت. ئیسرائیل هێلێکی سووری دیکەی ئێرانی تێپەر کرد.

هەڵوێستەکانی ئەو کاتی ئێران نیشانەی بێ مەیلی کۆماری ئیسلامی بۆ پەرەپێدانی ململانێێەکان بوو. عەلی خامنەیی ڕای گەیاند کە "محور مقاومت" بێ نەسروڵاهیش درێژەی دەبێ. لە گەڵ ئەمەش ئێران کەوتبووە ناو دوو رێیانەیەکی سەخت. هێرش بۆ سەر ئیسرائیل دەتوانێت ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕێکی سەخت لە گەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا کە خاوەن تەکنۆلۆژیای پێشكەوتووی بەرگری و هێرشن. لە لایەکی دیکەدا خۆپاراستن لە هێرش دەبووە هۆی لەناو چوون و لاوازی متمانەی  هاوسان لە لای هاوپەیمان و دوژمنانی ئەو وڵاتە. لە کاتێکدا ئێران دەیتوانی هێزەکانی دیکەی خۆی لە "محور مقاومت" بۆ نموونە ملیشا شیعەکانی عێراق، سووریا و یەمەن بۆ هێرش بە سەر ئیسرائیل و بنکەکانی ئەمریکایی بە کار ببات، بەڵام لە دەستتدانی سەرۆکی حزب اللە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لە سەر "بەرەی مقاومت" کردبوو کە توانایی و ورەی سەرانسەری "بەرەی مقاومت" ئێرانی لاواز کردبووە.

لەناوچوون و لاوازی لەنەکاوی حیزب للە بوو بە هۆی ترسی ئەوە لە ناو دەسەڵاتدارانی ئێرانی کە دوای لوبنان، سووریا و دواتر عێراق و لە کۆتایی نۆرەی ئێران دێت. دەسەڵاتدارانی ئێران  بەو بڕوایە گەیشتبوون کە شەڕ شتێکی حەتمییە و بۆیە گەیشتنە ئەو ئەنجامە کە دەستپێشخەری باشترین بەرگریە. بۆیە بە جیاتی ئەوەی بە نائامادەیی و لەناکاو تووشی هەڕەشە بین، دەست بە کردەوەی پێشگیرانە ڕووبەڕووی هەڕەشەکە ببنەوە.

لە ناوخۆی ئێراندا توندرەوانی رژێم ڕەخنەی توندیان دەگرت لە دیپلۆماسی ڕواڵەتیی (ظاهری) ئێران لە گرتنەبەری دیپلۆماسی نەرم و "تەعامول" لە گەل رۆژاوادا. لێکدانەوەیان ئەوەبوو کە ئەگەر لە کاتی خۆیدا تۆڵەی کوژرانی ئیسماعیل هەنیە بکرایە، ڕەنگە رێگری لە مەردنی " حسن نصرالله" دەگیرا. هەڕەشەی پۆتانسیەلی ئێران بە هۆی جبەخانەی مووشەکی و هێزەکانی "نیابەتی"یەوە بە شێوەیەکی بەرچاو لاواز ببوو و ئیسرائیل یەک ساڵ دوای هێرشی تیرۆریستی ٧ی ئۆکتۆبر یەک بە دوای یەک رێبەرانی "بەرەی مقاومەی" لە ناو دەبرد و دەرکەوت کە هێرشی سێزدەی نیسانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل کاریگەری نەبووە و بوو بە هۆی ئەوەی کە ئیسرائیل سووتربێت لە سەر سزادانی نەیارانی خۆی. "حزب اللە" ێک کە سەردەمێک قەڵای ئێران دژی ئیسرائیل لە قەڵەم دەدرا لە ماوەی چەند هەفتەدا تا ئاستی لەناو چوون لاواز بوو.

وعدە صادق ٢

لە یەکی مانگی ئۆکتۆبر دا سەر ئەنجام ئێران هێرشی تۆڵە ئەستێنی خۆی دەست پێ کرد. ناوەرۆکی ئەو هێرشە لە گەڵ هێرشی سێزدەی نیسان زۆر جیاواز بوو. ئێران ئەمجارە نزیک ٢٠٠ مووشەکی بالستیک کە لە ماوەی چەند خولەک دا دەیانتوانی ئامانجەکانیان لە ئیسرائیل بپێکن. هاوکات ئێران پێشكەوتووترین مووشەکی خۆی واتە "فتاح ١" بەکار برد. لێکدانەوە سەرەتاییەکان نیشان دەدەن کە هێرشی ئەمجارە خەساری زۆرتریان بە ئیسرائیل گەیاندبێت. لە گەڵ ئەمەش زیانەکانی ئیسرائیل زۆر کەمن و تەنیا کەسێک لە "ئەریحا" کوژرا و دوو کەسیش لە تێل ئاڤیو بریندار بوون.

کاربەدەستانی ئێرانی لە ئامانجی خۆیان لە هەردوو هێرشەکەی سێزدەی نیسان و یەکی ئۆکتۆبر دا هاوسانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامی لە دەمیشق و تارانیان ناو برد. بە ئیدعای کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەو رژێمە نایهەوێ شەڕ و ململانێ لەوە زیاتر تەشەنە بکات. ئێران هەروەها ئیدعا دەکات کە هێرشی یەکی ئۆکتۆبر لە سەر بنەماکانی مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرگری لە خۆ بووە و ئیدعایەک کە ئێران هەوڵی دا لە رێگەی نوێنەری خۆی لە نەتەوە یەکگرتووەکانیشدا پیداگری لە سەر بکات.

ئێران لە دوو ڕێیانەی ستراتێژیکدا

ستراتێژی ئێران بۆ سازکردنی هێزی رێگریکاری (بازدارندگی) لەوانەیە ئاکامی پێچەوانەیی بدات. تەنیا هەڵدانی مووشەک بە شێوەی ئۆتۆماتیک رێگرییەکی کاریگەر دروست ناکات. بەڵکوو بەلەبەرچاو گرتنی ئەو پشتیوانیە ناونەتەوەییەی ئیسرائیل بەدەستی هێناوە، ئێران تونتر لە هێرشەکانی مانگی نیسان تۆڵە بکاتەوە. دژکردەوەی ئەو جارەی ئیسرائیل لەوانەیە ببێتە هۆی زیانی گەورەتر و بەرفراوانتری ڕاستەوخۆ بە ئێران. دەست بە جێ دوای هێرشەکەی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهۆ سوێندی خوارد کە تۆڵەی توند لە ئێران بکاتەوە و ڕایگەیاند، “ئێران ئەمشەو هەڵەیەکی گەورەی کرد- و باجی ئەوە دەدات. ڕێژیم لە ئێران لە ئیرادەی ئێمە بۆ بەرگریکردن لە خۆمان و تۆڵەسەندنەوە لە دوژمنەکانمان تێناگات”.

ئیسرائیل چ هێرش بکاتە سەر بنکە ناڤۆکییەکانی ئێران، یا خود پاڵاوتەکانی نەوتی ئێران و ببێتە هۆی گەیاندنی زیانی ئابووری یان بنکەکانی مووشەکی ئێران، دەتوانێت ببێتە هۆی لاوازییەکی بەرچاوی ئێران بێی ئەوەی کە کۆمەڵگای ناونەتەوەیی دژایەتی بکات. ئیسرائیل ئێستە بە پێی مادەی 51ی مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان مافی بەرگری لە خۆی هەیە و هێرشی ئەمجارەی بە ئاشکرا بەواتای لاواز کردنی ئێران نەتەنیا لە باری سەربازی و ئابووری و ناونەتەوەیی دەبێت، بەڵکوو دەبێتە هۆی تراومایەکی دەروونی قووڵ بۆ هەموو "بەرەی مقاومت".

وا دابنێین ئیسرائیل ناچار بێت باجی ئەو هێرشەی بۆ سەر ئێران بدات. درێژەی بێتوانایی ئێران لە بەرگری شوێندانەر لەر بەرامبەر ئیسرائیل دا دەبێتە هۆی ئەوەی کە هێزەکانی پرۆکسی ئێران رۆژ بە رۆژ لە ناوچەدا لاواز تر بن. دەتوانین بێژین هێرشی " وعدە صادق ٢"  بە دەسپێکی مەرگی حزب اللە دابنێین. چونکە ئێران ئەمجارە ئەو ڕۆلەێ بینی کە ئەرکی حزب اللە بوو. هێرشی ١ ئۆکتۆبر هەرچەند بەهێزتر لە هێرشی مانگی نیسان بوو، بەڵام نیشانی دا کە بۆ گۆڕینی هاوکێشەی هێز بوونی مووشەکی دوور هاوێژ ڕەنگە بەس نەبێت بۆ هاوسەنگکردنی توانا سەربازییەکانی ئیسرائیل یان  تێکەوتن لە شەڕێکی تەواو و درێژخایەندا.

بەرنامەی ناڤۆکی ئێران بێگومان یەکێک لە پاشخانە کانی بەهێزی بڕیاری هێرشی وعدە صادق٢ بوو. ئێران وەک وڵاتێک کە لەبەردەم ساز کردنی چەکی ئەتۆمیە، خاوەنی پێکهاتە  سەرەکییەکانی چەکی ناڤۆکی بریتی لە مادەی دابەش بوو (fissile material)، شارەزایی تەکنیکی و سیستەمی گەیاندنی دامەزراوەکان بۆ چەکی ئەتۆمییە. سەرەرای ئەوەی ئێران ئیدعا دەکات کە پرۆژە ئەتۆمییەکەی ئامانجێکی ئاشتی خوازانەی هەیە، بەڵام ئەو وڵاتە ئێستا خاوەنی ئەو پۆتانسیەلەیە کە هەنگاوی کۆتایی بۆ سازکردنی چەکی ئەتۆمی هەڵگرێت. لە گەڵ ئەوانەش نازانرێ داخۆ ئێران بیری لە ئەگەری هێرشی ئیسرائیلیان کردۆتەوە بۆ سەر بنکەکانی ئەتۆمی کە پڕە لە ئۆرانیۆمی پیتێنراو بە سانتریفۆژی پێشكەوتوو؟

هەڵوێست و هەڵسوکەوتی یەکساڵەی رابردووی کاربەدەستانی ئێران نیشان دەدات کە ئێران خێراتر لەوەی ڕۆژاوا بیر دەکاتەوە خەریکی بەرز کردنەوەی ئاستی هێزی ئەتۆمی خۆیانن. رێک لە ڕۆژی ١٠ی خەزەلوەردا بەشێک لە ئەندامانی مەجلیسی شوورای ئیسلامی ئێران باسی گۆڕینی دۆکتۆرینی بەرگریی ئێران بۆ چەکی ئەتۆمی دەکرد. ئەم باسانە تەنانەت ئەگەر تەنیا وەک دروشـمیش بن، نیشانەی ئەوەیە کە ئێران بەرە بەرە خەریکی ئاشكرا کردنی نیەتی ڕاستەقینەی خۆی لە پێوەندی لە گەڵ پرۆژەی ئەتۆمییەکەی دایە بۆ ئەوەی لانی کەم لەو ڕێگەیەوە هێزی "بەرگریکاری"خۆی بەرز بکاتەوە.

ئێران جارێ رێگەیەکی زۆری ماوە تا ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی خۆی، بۆیە دوور نیە ئیسرائیل ڕێک ئەو دەرفەتە بەکار بێنێت بۆ ئەوەی گوریسی کۆماری ئیسلامی بکاتە ڕیس و ئەزموونی عێراق و سووریا دووپات بکاتەوە. ئەگەر ئێران هەروا بە هێرشی مووشەکی خۆی درێژە بدات و ئیسرائیلش هەرجارێ توندتر لە جاری پێشوو تۆڵە بکاتەوە، لەوانەیە لە درێژخایەندا هەموو هێزی پۆتانسیەلی "رێگریکاری" ئێران لە گەڵ ناهومێدی بەرەوڕوو بکات.

"حزب اللە"یش دوای ئەو شکەستە یەک بەدوای یەکەکانی سەرەرای ئەوەی کە هەروا لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت و خاوەنی جبەخانەی گەورەتر بووە لە سوپای لوبنان و زۆر لە وڵاتانی عەرەبیش، لەمەو بەدوا زۆر زەحمەتە بتوانێت سەر هەڵبداتەوە و ببێتە هێزێکی جیددی بەرگریکاری بەرژەوەندییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

کۆماری ئیسلامی ئێران دوای شکست و لە دەست دانی حزب اللە دوو رێگەی لە پێشدایە: یان بەڕەوڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ و قبووڵ کردنی ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردەیە یا خود هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرییەکی سیاسی و وازهێنان لە دروشمی لەناو بردنی ئیسرائیل. بە قسەی ئیسرائیل کاتز وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بۆ خامنەیی" نیابەتییەکانی خۆت هەڵگرە و لوبنان بەجێ بهێڵە".

دەرفەتێک بۆ بزاڤی نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟

هێرشی ئێران بۆ سەر٣ئیسرائیل، هیچکام لە بنەماکانی  مادەی 51مەنشووری نەتەوە یەکگرتووەکان پڕ ناکاتەوە:

١. ئیسرائیل دانی پێدا نەهێناوە کە ئیسماعیل هەنییەی کوشتبێت و ئێرانیش هیچ بەڵگەیەکی نیشان نەداوە لە مەڕ کوژرانی هەنیە لەلایەن دەوڵەتی ئیسرائیلەوە. جیا لەوە هەنیە شارۆەندی ئێران نیە، تا ئەو وڵاتە مافی هەبێت بە تۆڵەی کوژرانی میوانە ئازیزەکەی هێرش بکاتە سەر وڵاتێکی دیکە.

٢. کوژرانی نەسروڵلا لە ڕووی یاسای ناونەتەوەییەوە هیچ پێوەندییەکی بە ئێرانەوە نیە و ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی هێرش بکریتە سەر وڵاتێکی سەربەخۆ و ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان

٣.  پاسدار عباس نیلفروشان نە لە بالیۆزخانە و نەش لە کۆنسۆل و نەش لە سەر خاکی ئێران کوژراوە، بەڵکوو لە کاتی کۆبوونەوە لە گەل تیرۆریستانی حزب اللە لە لوبنان کوژراوە.

گەر هەلومەرجی جیهانی بە هۆی شەڕی ئۆکراین و ڕکەبەری نێوان ئەمریکا و چین نەبوایە، دوور نەبوو ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بتوانێت بڕیارنامەیەک دژی ئێران دەر بکات و هێرشەکانی لەوانەیی ئیسرائیل ڕەوایی ناونەتەوەیی بەدەست بێنن. هێرشەکانی نیسان و ئۆکتۆبری ئێران بۆ سەر ئیسرائیل ناوەرۆکی هێرشکارانە وشەرئەنگێزانەی ئێرانی بۆ کۆمەلگای جیهانی ئاشکراتری کردووە.

ئێستا کە دەرفەتێک بۆ گۆڕانی هاوسەنگی و پشتیوانی جیهانی بۆ بەڕەو ڕووبوونەوە لە گەل ئێران پێک هاتووە، هێزە کوردیەکان و بزاڤی سیاسی کورد جێی خۆیەتی هەست بە بەرپرسایەتی بکەن بۆ پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی نەتەوەیی گشتگر بۆ ئەوەی بتوانێت بە دیپلۆماسییەکی چالاک و داهێنەرانە ئەو دەرفەتە ناونەتەوەییە بەکار بهێنێت. هەنگاوی یەکەم پێکهێنانی کۆنفرانسی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە.

بۆچونی نوێ