ئەرکی ڕێبەرایەتی لە پرسی ئەمنییەت و پارێزگاریی هێزی مرۆیی - It's Over 9000!

ئەرکی ڕێبەرایەتی لە پرسی ئەمنییەت و پارێزگاریی هێزی مرۆیی

نوسەر: مەسعوود نادری
نوسراو لە بەرواری
0 0
09:09 2024 , September 25

گرینگیدان بە پاریزگاری لە ئەندامانی هەر ڕێکخراو و دامەزراوە و بزووتنەوەیەک، یەکێکە لە ئەرکە سەرەتایییەکانی سەرکردایەتی و بەڕێوەبەرایەتیی ئەو ڕێکخراو یان دامەزراوە یان بزووتنەوەیە. ئاکامی گرینگیدان بە ئەمنییەت و پاراستنی هێزی مرۆیی دەبێتە هۆی دروستکردنی هەستی خاونداریەتی و گرینگیی تاک و هەوڵی زیاتری تاک بەرەو بەدیهێنانی ئامانجی بەکۆمەڵ و گرووپی ئەو بزووتنەوە یان ڕێکخراو و دامەزراوەیە. 

کاتێک خەباتکارێک دەزانێت ژیان و خەباتی بۆ کۆمەڵێک (مجموع) سەرکردایەتی بێبایەخ نییە، لە هیچ  گیانفیدایک درێغی ناکات. پێچەوانەکەشی، کاتێک کەسێک بزانێت ژیان و تێکوشان و هەوڵەکانی بۆ ڕێبەرایەتی بێبایەخە و هیچ گرنگییەکی نییە، دڵسارد دەبێتەوە و شوڕش بەرە بەرە پشتیوانیی خەڵک لەدەست ئەدات و لە باتی بەرەو سەرکەوتن، بەرەو داڕمان و ئاشبەتاڵی دەچێت.

نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە ئەمنییەت گرنگترین مەرجە بۆ مانەوەی کۆمەڵگەیەک و ڕیکخراو یا بزووتنەوەیەکی تەندروست و بەتایبەت کە دوژمنەکەت هیچ بەهایەکی مرۆڤی و نێودەوڵەتی بۆی گرینگ نەبێت.

باری بوزان، شارەزای بواری ئەمنییەتی و ماموستای پێوەندییە نێودوڵەتییەکان لە کتێبی "گەل، دەوڵەتەکان و ترسدا" ئاوەها ئەمنیەت پێناسە دەکات: "ئەمنییەت واتە بەرنەکەوتنی مەترسی یان پارێزراوبوون لە مەترسی و هەروەها دوورکەوتنەوە لە هەر هەڕەشەیەک و ئامادەکاری بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکان".

 

کێ هەیە نەزانێت کەمتەرخەمیی بەرپرسان لە بواری گرینگینەدان بە پرسی ئەمنییەتی تاک و کۆمەڵ، کارەساتی لێ دەکەوێتەوە. پرسێک کە هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات لەم بوارەدا بەداخەوە کارنامە و ڕابردوویەکی سەرکەوتوویان تا ئێستەش نەبووە! لە سەروەی هەموویانەوەش حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە کە زۆرترین زەربەی لێ کەوتووە و هیچ کاتیش بە ڕووی موبارەکی خۆی نەهێناوە و ناهێنێت! وەک ئەوەی نە بای هاتبێت و نە بۆران!!

سەبارەت بە گرینگیدان بە پاریزگاری لە ئەندامان و گرینگیی ئەمنییەت و پاراستنی هێزی مرۆیی، دەتوانین ئاماژە بەم نموونەی خوارەوە بکەین کە لەلایەن هیزی ئاسمانی سنتکام (فەرماندەییی ناوەندیی هێزە سەربازییە نیشتمانییەکانی ئامریکا) لە بیرەوەرییەکانیاندا بڵاویان کردووەتەوە. فەرماندەیی سنتکام لەم بارەیەوە دەڵیت: لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتدا بۆ ڕزگارکردنی چەند بارمتەیەک لە دەست گرووپێکی تیرۆریستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی خراپیی کەشوهەوا، پەیوەندیی چاودێری فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەکەمان و پەیوەندیی بێتەل لەتەک هێزە تایبەتەکانمان لە ناوچەکە تێک چوو؛ لەم کاتەدا فەرماندەی گشتی بە فڕۆکەوانەکان فەرمانی دا کە فڕۆکەکان بفڕێنن، هاوکات بە فڕۆکەوانەکانی وت بۆ ئەوەی هێزە تایبەتەکان هەست بە بوونی ئەو فڕۆکانە لە ناوچەکەدا بکەن تا دەتوانن لە نزمترین ئاستدا و لە نزیکی زەوی بفڕن!کاتێک فڕۆکەوان و بەرپرسە پەیوەندیدارەکان مەترسی و ئەگەری بەرکەوتنی فڕۆکەکانیان بە زەوین لەو کەشە نالەبارەدا بە فەرماندەکە ڕاگەیاند، ئەویش وەڵامی دایەوە: سەربازەکانمان، ئەگەر هەستیان کرد کەسێک لە سەرەوە چاودێرییان دەکات و فەرماندە لەبیری نەکردوون، بە ورە و وزە و بوێرییەکی باشترەوە ئۆپەراسیۆنەکە ئەنجام دەدەن و ئەگەری سەرکەوتنیان زیاتر دەبێت. کە ئەمەش بەتەواوی ڕاست بوو؛ کاتێک فڕۆکەکانمان بەسەر هێزەکانماندا دەسووڕانەوە و پەیوەندییە بێتەلەکانمان بەهێزتر بوو، گوێمان لێ بوو ورەو و و وزە و مۆڕاڵی هێزەکانمان بەرزبووە و ئۆپەراسیۆنەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات و بارمەتەکانمان ڕزگار کرد.

ئەمە نیشان ئەدات چەندە بایەخدان بە ژیان و خەباتی تاک و گرینگیدان بە پرسی ئەمنییەت و پارێزگاری لە هێزی مرۆیی لەلایەن کۆمەڵ و گرووپی سەرکردایەتییەوە بۆ مانەوەی کۆمەڵگەیەک و سەرکەوتنی ڕیکخراو و دامەزراوە یان بزووتنەوەیەکی تەندروست لە بەرانبەر دوژمندا گرینگیی زۆر و کاریگەری هەیە.

بۆچونی نوێ