شۆرشی ژینا – ژن، ژیان، ئازادی ئەو دەنگانەی نەبیسران - It's Over 9000!

شۆرشی ژینا – ژن، ژیان، ئازادی ئەو دەنگانەی نەبیسران

نوسەر: د. مەجید حەقی
نوسراو لە بەرواری
0 0
16:09 2024 , September 22

لە کاتی ناشتنی تەرمی ژینا لە ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١دا شەپۆلێک بە دروشمی "ژن، ژیان. ئازادی" دەستی پێکرد، کە بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر، رۆژهەڵاتی کوردستانی تەنیەوە و سەرانسەری ئێرانی داگرت. شەپۆلی شۆرشێ ژینا – ژن، ژیان، ئازادی سنوورە جوغرافییەکانی تێپەڕاند. دەنگی مافی خوازی کوردستان لە تاران بیسرا و بەلووچستان ببوو بە هاوسەنگەر و ئازەربایجان هاوسۆزی کوردستان هەبوو.

ترسی لاوان لە سەرانسەری ئێران لە بەرامبەر پۆلیس، گەشتی ئیرشاد، بەسیج و هەموو دەزگا سەرکوتکەرەکانی رژێم ڕووخا و رژێمی ئێران گەیشتبوو لێواری ڕووخان.

ئەوەی لە شۆرشی ژینا دا ڕوویدا تەنیا بە هۆی "هۆشیاری شۆرشگێرانە" خەڵکانی ئێران نەبوو، بەڵکوو شەپۆلێک بوو لە هەست و تووڕەیی لە سەرکوتی سیستماتیکی خەڵک لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە. سەرهەڵدانێک کە بەپێچەوانەی ڕاپەرینەکانی ڕابردوو دوای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی، خۆجێی و لۆکال یان ئابووری، و وەک جۆڵانەوەی سەوز بۆ شەڕی نێوان جیناحەکانی رژێم نەبوو. بەڵکوو ڕاپەرینێک بوو بۆ گۆڕانی تانوپۆی ستەم و چەوسانەوە. چ چەوسانەوەی نەتەوەیی بێت لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندی و هزری داگیرکاری، چ چەوسانەوەی مرۆڤ بەدەستی مرۆڤ بێت یان سیستەمی باوک سالاری و پیاوسالاری. ژن ژیان ئازادی بە قەوڵی شێکسپێر ئاوردانەوەیەکی تووڕەبوو لە هەموو ڕابردووی پڕلە ستەم و چەوسانەوە.

بە شێوەیەکی گشتی هەست بە شتێکی کەمتر لە هۆشیاری دەبیندرێت، بەڵام شۆرشی ژینا سەلماندی کە، بە بەرێوەبەرییەکی هۆشمەندانە دەکرێ هەستەکان بە شێوەکی ئامانجدار رێک بخرێن. کاتێک هۆی هەستەکان کێشەیەکی چارەسەر نەکراو بێت. کێشەگەلێک کە دەبێتە بەربەستی  ژیانی ئاسایی مرۆڤ، کاتێک ئێمە زیان دەبینین، کاتێک دەترسێین، کاتێت تووڕەین یان کاتێک شتێک وەک شێرپەنجە رۆح و جەستەی نەتەوەیەک لەناو دەبات، بەرلەوەی کە "هۆشیار" بین؛ ئەو ئازارانە بە گۆشت و خوێنی خۆمان هەست دەکەین، ئەو هەستانە دەبنە سەرچاوەی کردەوە. سات بە سەر سات ئەو هەستانە لە سەریەک کۆڵەکە دەبن و دەبنە بڵێسە و شکڵی هۆشیاری بەخۆی دەگرێت و بۆ ئەوەی چارەسەری کێشەیەک بکات و برینەکان سارێژ بکاتەوە.

شۆرشی ژینا سنوورەکانی حیزبی و رێکخراوەیی تێپەڕاند و بوو بە هۆی ئەوەی کە نەوەیەکی نوێ پێ بنێتە گۆڕەپانی خەبات و جوغرافیی سیاسی – رێکخراوەیی کوردستان تووشی گۆڕانێکی هەتاهەتایی بوو. گۆڕانێک کە تا ئێستاش لە گەڵ بێت حیزبەکانی کوردستانی نەیانتوانیوە خۆیان لە گەلی بگونجێنن و ناوەرۆک و قووڵایی ئەو شؤرشە بەو شێوەیەی کە پێویستە نەبووتە بنەمای گۆڕان لە هزری سیاسی و رێکخراوەیی بزاڤی سیاسی کوردستان. شۆرشی ژینا بوو لێگەر و چالشی هەمبەر هەموو نەریتە کۆنەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و رێکخراوەیی و پرسی "رێبەریی ژنان" لە پەراوێزەوە بوو بە سەنتەری باسەکان و حیزبەکان ڕکەبەریان دەکرد لە پشتیوانی کردنی زارەکی لە ژنان و ویستی یەکسانی خوازانەیان. دینامیکی بزاڤی ژینا هۆشیاری نەبوو بەڵکوو هەستی هاوبەش بوو. هۆشیاری شتێکە کە لەسەرەوە بۆ خوارێ لە ڕووناکبیر و ئێلیتی ڕۆشنبیرەوە بۆ ناوکۆمەڵگا دێت، لە شۆرشی ژینا بە پێچەوانە بوو. ئەوە هەستی خەڵک بوو کە ڕووناکبیران و ئێلیتی سیاسی جووڵاند و هەستی مرۆڤەکان بوو شكلی ماددی بەخۆیەوە گرت بوو و شەپۆڵی خوڵقاند. هەستێک کە لە دڵی مرۆڤێکەوە بۆ مرۆڤێکی دیکە، لە چاوێکەوە بۆ چاوی دیکە و لە جەستەیەکەوە بۆ جەستەی دیکە شەپۆڵی لێدەدا. کاتێک دایک و باوکان لە سەر گۆڕی ڕۆلەکانیان سروودی شۆرشگێرانەیان دەخوێندەوە، کاتێک دایک و باوکی شەهیدان بە جیاتی ڕەشپۆشی لە ناشتنی ئازیزانیان، دیلانی شانازیان دەگێرا، ئەوە هەستەکان بوون ببوونە بڵێسەی ئاگری شۆرشێک کە بوو بە هۆی دەسپێکی خۆهۆشیاری بۆ گۆڕانی بنەڕەتی.

شۆرشی ژینا – ژن، ژیان، ئازادی دەبێ لە ڕوانگەی سیاسەتی بەریەک کەوتن سەیر بکرێت. بۆ ئەم مەبەستە بە وتەی ئەندی مەریفیلد (Andy Merrifield) 1960 لە کتێبی سیاسەتی بەریەک کەوتن (The Politics of the Encounter) ئەم شۆرشە وەک دلۆپەکانی هاوتەریبی باران وا بوون. دلۆپەکانی باران لە هەورەکانەوە بەشێوەی هاوتەریب (موازی) دەجووڵێن، تاکاتێک دلۆپێک، تەنیا و تەنیا بۆ جارێک لە هێڵە هاوتەریبەکان دەردەکەوێت لە گەڵ دلۆپەکەی دیکە بەریەک دەکەون و ئەم لە هێل دەرکەوتنەی تاقە دلۆپێک دەبێتە هۆی زنجیرەیەک لە بەریەک کەوتنەکان و ئەوم لەبەر یەک کەوتنانە دەبنە هۆی خوڵقاندنی شتێکی نوێ، نەزمێکی نوێ کە بنەماکانی ئەو خەباتی بەکۆمەڵ و هاوبەشە. جۆڵانەوەی ژینا بەرکەوتنی دلۆپەکان لە ناو دلۆپە هاوتەریبەکان بوو.

جووڵانەوەی ژینا بوو بە هۆی سەرهەڵدانی دیمەنێکی نوێ لە سیاست و سیاسەت کردن. کۆمەڵگای ناونەتەوەیی دەنگی گەلانی ئێرانی بیست. نەتەوە یەکگرتووەکان دەستی کرد بە دامەزراندنی کۆمیتەی لێکۆلینەوەی ڕاستییەکان لە مەڕ جینایەتەکانی رژێمی ئێران.  شتێک کە بوو بە هۆی پەلە کردنی حیزبەکان و زۆرێک لە رێبەرانی حیزبە سیاسیەکان چ لە ئاستی حیزبە ناوەندگەراکانی ئێرانی و چ لە ئاست حیزبە کوردستانیەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ تووشی "کوێری خێرایی" بن و پەلە بکەن لە رکەبەری گەیشتن بە دەسەڵات. ئاکامی ئەو مەنشووری جۆرج تاون بوو، کە بوو بە سەرەتایەک بۆ لێکترازان و شەپۆلی هێزی نەرێنی لە ناو شۆرشدا. شۆرشێک کە دەیتوانی ببێتە هێزی گۆڕان و کوردستان لە پەراوێزەوە بکاتە سەنتەری رێبەریی بزاڤی دادپەروەرانە و مافخوازانەی گەلانی بندەستی ئێران بوو بە قوربانی دەسەڵاتخوازییەکی  بەپەلە و جێ نەکەوتوو. کوردستانی یەکپارچە بەرەبەرە بەرەو لێکترازان چوو.

دووساڵ دوای شۆرشی ژینا و دوای ڕووداوی ١٣ی ئاڤریلی ٢٠٢٤، ئێستا جیهان لە هەموو کاتێک زیاتر ناوەرۆکی رژێمی ئێران دەناسێت و بە بوێریەوە دەتوانم بڵێم کە هیچ کاتێک دەرفەتێکی وا گونجاو لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا بۆ بزووتنەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەهاتووتە پێش. بەڵام بەهۆی لێکترازانێک کە مخابن کۆتاییەکی بۆ نابیندرێت دەرفەتەکان هەموو ڕۆژێ لە دەست دەچن؛ و لەکاتێکدا کە دەبێ پانتایی تۆرە کۆمەڵایەتییەکان لە سەدەی هۆشی دەستکرددا ببنە مەکۆی سەرەکی خەبات دژی داگیرکاری و لەپێناو بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەییەکان، ئەم پانتاییە بووتە مەکۆیەک بۆ یەکلا کردنەوەی کێشە رێکخراوەیی، تاکەکەسی و سیاسی ناوخۆیی ماڵی کورد.

دەرفەتێکی زێرین لە مەترسی دۆراندایە، ئەگەر بێت و حیزبە سیاسیەکان دەنگی شۆرش بەو شێوەیەی کە هەیە نەبیسن، هاواری نەوەی زێد (Z) و ئالفا (Alpha) بە گوێیان نەگات و نەتوانن ژنان، لاوان و نەوەی نوێ بکەنە ڕۆلگێری سەرەکی بڕیارە سیاسیەکان و بەشداری سیاسیان و نەتوانن بە زمانی سەدەی هۆشی دەستکرد بدوێن.

 

 

بۆچونی نوێ