ئێران.. راپەڕینێکی خیانەت لێکراو! - It's Over 9000!

ئێران.. راپەڕینێکی خیانەت لێکراو!

نوسەر: عەبدوڕەحمان گەورکی
نوسراو لە بەرواری
0 0
11:09 2024 , September 15

ئاوڕدانەوەیەک لە دووهەمین ساڵڕۆژی راپەڕینی سەرتاسەریی خەڵکی ئێران و ئاسۆکانی!

 

پێشەکی!

دوابەدوای کوشتنی بە ئەنقەستی کچێکی کورد بە ناوی ژینا ئەمینی (مەهسا ئەمینی) خەڵکی سەقز لە تاران، لە رۆژی ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١ (2022) ئێران تەقیەوە و دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران هەڵتەکێنرا! ئەم دۆخە بەر لە هەموو شتێک، دەرەنجامی دەسەڵاتی ٤٥ ساڵەی ئەو رژێمە بوو کە خەڵک لە دژی بوو! دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران لە ماوەی ٤٥ ساڵی رابردوودا، بە هۆی (سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆرییەت) لە سەر پێ ماوەتەوە!

خەڵکی ئێران ئەم رێژیمەیان ناوێت. چونکە لە دوژمنایەتییەکی ئاشکرادایە لەگەڵ شارستانیەت و کۆمەڵگای مرۆڤایەتی! خەلکی ئێران حکومەتێکیان دەوێت کە ئازادی، دیموکراسی، پێکەوەژیان، ئاشتی و دۆستایەتی جێبەجێ بکات. بەڵام رژێمی ئێران، لانیکەم لە ئاخاوتن و کرداردا، دوژمنە و کارنامەکەی پڕە لە رەشایی لەم بوارانەدا!

ئەگەرچی خەڵکی ئێران لە هەموو روویەکەوە خۆبژێو و دەوڵەمەند و بە توانایە، بەڵام بۆ گۆڕینی ئەم دۆخە پێویستیان بە پشتیوانیکردن هەیە! هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە داوا لە دەوڵەتان دەکەن لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە نەبن و پشتیوانی لەم رژێمە نەکەن! ئەمە هەموو ئەو خواستەیە کە خەڵکی ئێران لە دەوڵەتانیتر هەیانە. ئەگەر دەوڵەتان ئەم کارەیان بکردایە، هیچ شوێنەواری لەم "دۆخە ئازاربەخشە"ی ئێستا نەدەما و ئێران وڵاتێکی شایستە دەبوو لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا!

هەتا ئێستا!

خەڵکی ئێران چەندین جار لە دژی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی وڵاتەکەیان راپەڕیون. ئەوان ویستیان و سەرکەوتوو بوون لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی شا و ئێستاش لە هەوڵ و راپەڕیندان بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی ئایینی لە وڵاتەکەیان.

دوایین و گەورەترین و درێژترین راپەڕینی گەل لە دژی دیکتاتۆرییەت، لە دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد! ئەگەرچی ئەم کوشتنە لە تاران روویدا، بەڵام بە خێرایی هەموو ئێرانی گرتەوە. چونکە خەڵکی ئێران رق و کینەیەکی شاراوەیان لە رژێمی ئایینی هەبوو کە بەم "کوشتنە" سەری هەڵدا!

دیکتاتۆرییەت لە ئێران و پشتیوانانی، دوای دەرئەنجامەکانی ئەم "تاوانە" شڵەژان و وەخۆ کەوتن و بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵیان دا راپەڕینی دژە دیکتاتۆرییەتی خەڵکی ئێران بە لاڕێدا بەرن! بەداخەوە جگە لە پشتیوانانی (سیاسەتی سازان لەگەڵ دیکتاتۆریی ئایینی)، تاک و لایەنانی وا هەبوون کە خوازراو یان نەخوازراو، لەگەڵ دیکتاتۆرییەت "هاودەنگ و هاوڕەنگ" کەوتن و بوونە "ڕێگر" بەرامبەر بە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت لە ئێران. ئەو لایەنانە درووشمی وایان بەرزکردەوە کە بە دڵی "دیکتاتۆرییەت" بوو، یان هەڵگری درووشمی وابوون کە لە بەرژەوەندیی "بچووک"ی گرووپی، قەومی یان نەتەوەییدا بوو، یانیش بە بچووککردنەوەی خواستی سەرەکیی خەڵکی ئێران، بوونە یارمەتیدەری دیکتاتۆرییەت لە ئێران و بوونە مەلەوان لەو مەلەوانگەیەی دیکتاتۆرییەت بۆی ئامادە کردبوون.

رێکخراوە رەسەن و جەماوەری و شۆڕشگێڕەکان!

گەل هەمیشە هەوێنی راپەڕین بووە بۆ رووخاندنی دیکتاتۆرییەت بە ئایندەشەوە. بەڵام رۆڵە رەشید و نەبەز و گیان لەسەر دەستەکانی گەل، لە پێناو بەدیهێنان و پێگەیاندنی دەستکەوتەکانی گەلەکەیان، پەیوەستی لایەن و رێکخراوە شۆڕشگێڕەکان بوون. بەبێ ئەم رێکخراوانە، مەحاڵ بوو، وە ئێستاش مەحاڵە، "راپەڕین" بگاتە ئاستی "شۆڕش" و دیکتاتۆرییەت لەم وڵاتە نەمێنێت. هەربۆیە هەمیشە ئەم رێکخراوانە لەلایەن دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانەوە کراوەنەتە ئامانج و بە شەیتانکردن!

ڕێگای راست و درووست و رەسەن!

هەروەک لە راپەڕینی ئەم دواییەدا سەلمێندرا، خەڵکی ئێران هەروا لە مەیدانی رووخاندنی دیکتاتۆریەتدان. ماندوو نابن و دیکتاتۆرییەت دەڕوخێنن. چونکە ئەزموون سەلماندوویەتی کە "سەرکەوتن بۆ گەلە" و "شکستی دیکتاتۆریەت" حەتمییە! خەڵکی ئێران بە کەمتر لە رووخاندنی دیکتاتۆرییەت رازی نابن!

دەستکەوتە گرنگەکانی خەڵکی ئێران لە راپەڕینی ساڵی ١٤٠١ (2022)!

لە دوایین و گەورەترین راپەڕینی خەڵکی ئێراندا، ئەزموونەکان دەریانخست کە دیکتاتۆریی ئایینی بە هێنانە ئاڕای کۆمەڵێک دروشمی لادان و چەواشەکاری، بە نیاز بوو راپەڕین لە رێڕەوی رووخاندنی دیکتاتۆرییەت "دوور بخاتەوە" و هێزی سەرەکی و ناوەندی رووخاندنی دیکتاتۆریی بخاتە "پەڕاوێز"ەوە. لە پاشماوەکانی دیکتاتۆرییەتی پێشووەوە بگرە تا ئەو لایەنانەی قبووڵیان کردبوو لە مەیدانی دیکتاتۆرییەتدا یاری بکەن و درووشمی چەواشەکاری و لادانیان هەڵگرتبوو. لە (حیجاب)ەوە بگرە تا ئایین و نەتەوە و ئاڵا و ژن و ژیان و ... هتد، هەر لەبەر ئەم هۆکارە گرنگە بوو کە وریایی لە پێناو پێشخستنی راپەڕیندا خرایە پێش هەموو هەنگاوەکانیتر!

خۆشبەختانە "دەزگای سەرکردایەتیکردنی بەکۆمەڵی راپەڕین" کە سەر بە بەرخۆدانی ئێرانە، توانی ئەم راپەڕینە لە شاڵاوی دیکتاتۆرییەت بپارێزێت و هەموو تەکنیک و تاکتیکەکانی دیکتاتۆری تێکبشکێنێت و ئەو درووشمەی لە گۆڕەپانی راپەڕیندا مایەوە، بریتی بوو لە "ڕاپەڕین تا رووخاندنی دیکتاتۆری"، "نا بۆ شا و نا بۆ شێخ(واتا ئاخوند)". و هەروەها "ناوەندەکانی شۆڕش".

بەمجۆرە، هەندێک تاک و رەوت، کە وەک رووەکی بەهار گەشەیان کردبوو، زۆری نەخایاند سیس بوون و نەمان. چونکە ئەوان "رەسەن" و "شایستە" نەبوون بۆ ئەوەی ببنە ئاڵترناتیڤ بۆ ئەم رژێمە. ئەوانەی هاتبوون بۆ سواربوون بەسەر شەپۆلەکاندا، شەپۆل هات و ئەوانی برد. ئەوەی لە گۆڕەپانەکەدا مایەوە، ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیکی "ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەت ئێران" بوو، کە تا ئێستاش ئاڵاهەڵگری رووخاندنی دیکتاتۆرییەتە لە ئێران.

دەستکەوتێکی گرنگ!

کەوایە سروشتییە بە رێز و بایەخەەوە سەیری ئەم (ئالتەرناتیڤ)ە بکرێت. چونکە رەگ و ریشەی لە ناو خاکی ئێراندایە و لە دارێک دەچێت کە بە خوێنێکی زۆر ئاو دراوە و سێبەرەکەی بۆ ئاشتی و سەقامگیری و پێکەوە ژیانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەوە ئەرکە بە هەموو تاکێکی ئێرانی و ئازادیخواز و ئاشتیخوازەوە کە بەهێزتری بکات بۆ ئەوەی بە زووترین کات خواستی سەرەکیی خەڵکی ئێران کە رووخاندنی دیکتاتۆرییەتە بێتە دی.

بە گوتەی رێبەری شۆڕشی خەڵکی ئێران، بەڕێز مەسعوود رەجەوی، وەڵامەکە لە "ئاگر" و چارەسەری توند و چەکدارانەی خەڵکی ئێراندان لە دژی دیکتاتۆریەت. دوورکەوتنەوە لەم پرەنسیپە، واتە بە تەنیا هێشتنەوەی گەل و بێ بەرگریکردنیان لە بەرامبەر دیکتاتۆرییەتدا!

هەربۆیە ئێران شوێنێک نییە بۆ دیکتاتۆرییەت. شوێنی دیکتاتۆرییەت زبڵدانی مێژووە!

بۆچونی نوێ