ئێران..دەسەڵاتی دز و جەردە! - It's Over 9000!

ئێران..دەسەڵاتی دز و جەردە!

نوسەر: عەبدولڕەحمان گەورکی
نوسراو لە بەرواری
0 0
19:08 2024 , August 31

هەرچەندە لە سەرەتاوە روون بوو، بەڵام هیچ سەرۆککۆمارێک لە ئێران(!)وەک مەسعوود پزیشکیان نیشانی نەداوە کە "دەستنیشانکراو"ە و لە ئێران هەموو کاروبارەکان بەدەست "وەلی فەقێ"یە! پزیشکیان خۆی گوتبووی کە بۆ "پاراستنی رژێم" هاتۆتە گۆڕەپانی شانۆی هەڵبژاردنەکە. چون رژێمی لە "مەترسی"دا بینیوە! (ماڵپەڕی جەماران، ٢٩ی پووشپەڕ). هەروەها وتبووی کە "ئیسڵاح تەڵەبێکی ئوسوولگەرا"یە! کە بە بڕوای خەڵکی ئێران، ئەمە "بنەمای چیرۆک"ەکەیە و کۆتایی هاتووە. واتە دەرهاویشتە و گووشراوەی پێناسەی دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقێ بریتییە لە (دزی) و (جەردەیی) و(خوێنڕشتن)!

 

سەرۆکایەتییەکی بێ کۆماری و بێ جەماوەری!

لە ڕاستیدا لە ئێران، "سەرۆک" زۆرە، بەڵام "کۆماری" هەر نییە. خەیاڵییە. چونکە هەموو سەرۆکەکان دامەزراوی (وەلی فەقێ)ن و ئەویش شەرعیەتی خۆی لە "ناکۆماری؟" وەردەگرێت. هەر لەبەر ئەمەشە دەوترێت، ئەم دەسەڵاتە دەسەڵاتێکی "ناشەرعی"یە!

 

کابینەی خامنەیی!

دەسەڵاتی ئایینی لە ئێران هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا، نەک هەرگیز دەستبەرداری "ئیعدام" نەبووە و خۆی لە فراوانخوازی و شەڕخوازی و تیرۆر دوور نەخستۆتەوە، بەڵکو ئەمانەشی بە پێویستییەک بۆ مانەوەی خۆی زانیوە و کردوویەتی بە بەشێک لە سیاسەتی بنەڕەتی خۆی. ئێستا خامنەیی و رژێمەکەی، دوای نزیکەی ٤٥ ساڵ لە گێژەڵوکەی قەیرانە ناوخۆیی و ناوچەییەکاندا و لە ترسی راپەڕینی خەڵک، پەنایان بردووەتە بەر کوشتن و بەکۆمەڵکوژکردنی زیندانیان. جارێکی دیکە گەڕۆکی بەناو (ئیرشاد) دەستی بە کار کردووە و ستەم و چەوساندنەوەی ژنان و کچان لە شەقام و کۆڵانەکاندا بەردەوامە و کوشتنی رۆژانەی کۆڵبەرانی کورد و بەلووچ هەروا بەردەوامە. پزیشکیان چەندین جار رایگەیاندووە کە کابینەکەی، بە رەزامەندی خامنەیی راگەیاندووە. خەڵکی ئێران کابینەی (پزیشکیان)یان بە "کابینەی سێدارە" ناوزەد کردووە!

بە وتەی پزیشکیان، کابینەکەی، جگە لە جێبەجێکردنی سیاسەتەکانی خامنەیی هیچ پلانێکی نییە. لە کاتێکدا کە پلانی کار و سیاسەتی خەڵکی ئێران بریتییە لە رووخاندنی خامنەیی و تەواوەتی رژێمی ویلایەتی فەقێ و دامەزراندنی کۆمارییەکی دێموکراتیک. خانمی مریەم رەجەوی، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران رایگەیاند: کابینەی پزیشکان تێکەڵەیەکە لە باندە دز و تاڵانچییەکانی کابینەکەی (ئیبراهیم رەئیسی) و (رۆحانی).

 

مانای حکومەتی یەکگرتوویی نەتەوەیی (ویفاقی میللی)!

ڕۆژی سێشەممە، ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣، پزیشکیان، کابینەکەی خۆی وەک "حکومەتی ویفاقی میللی" ناساند. زۆری نەخایاند، دوای راگەیاندنی کابینەی حکومەت، جەواد زەریف کە پێشتر سەرۆکی بانگەشەی هەڵبژاردنی پزیشکیان بووە و پزیشکیان وەک جێگری ستراتیژی خۆی ناساندبووی، شکستی خۆی راگەیاند و دەستی لەکارکێشایەوە! (هەڵبەت دوای ماوەیەک دووبارە گەڕایەوە ناو گۆڕەپانەکە)و بەم شێوەیە دەبینرێت کە دوای کۆچی دوایی ئیبراهیم رەئیسی، کێشە ناوخۆییەکانی دەسەڵات بە بەرچاوی دەرکەوتووە.

سەرەڕای ئەو تەپ و تۆزەی پزیشکیان و دەوروبەری، کە لە شانۆی هەڵبژاردندا و لە ئامادەکارییەکانی کابینەکەدا بە وشەی "گۆڕانی گەورەی ناوخۆیی" و "هاوکاریکردن لەگەڵ دەرەوە" دەریانخست، ئەوەی ئێستا لە پێکهاتەی کابینەی پزیشکیاندا بەرچاو دەکەوێت، بریتییە لە بەردەوامبوونی هێڵی "گرژبوونەوە" و شکستی بێشەرمانەی "گۆڕانی گەورە و "هاوکاریکردن". محەممەد جەواد زەریف، بانگدەر و بەڕێوەبەری سەرەکیی شانۆی بانگەشەکردنی پزیشکیان، ئەم شکستەی بە دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند و لە روونکردنەوەی هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەیدا، نووسیویەتی: داوای لێبوردن دەکەم بۆ بێتواناییم لە بەدواداچوونی کاروبارەکان لە کۆریدۆرەکانی سیاسەتی ناوخۆییدا."

بارودۆخی ئێران روو لە تەقینەوەیە و زوو یان درەنگ، وەک (ئیسحاق جەهانگیری) باسی کرد، ئەم "ژوورە پڕ لە گاز"ە بە هۆی پریشکێکەوە دەتەقێتەوە. کردنەوەی بچووکترین بۆشایی، لە کەمترین ماوەدا، دەبێتە لێکدابڕانێک کە هەموو دەسەڵاتەکە لەناو دەبات. لە ترسی بەرچاوڕوونییەکی وادایە کە خامنەیی و کابینەی پزیشکیان پەنایان بۆ ئێعدامی بەکۆمەڵ بردووە. بەڵام ئایا ئەمە دەبێتە هۆی ساڕێژکردنی برینەکەی رژێم؟ نەخێر! هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی کاری پزیشکیان و ناساندنی کابینەکەی، ریکۆردی ٣٠ ساڵەی لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ لە ئێران شکێندرا و بەڵگەنامەیەکی دیکە بۆ "کۆتایی چیرۆکەکە" زیادکرا.

 

دۆخی بژێوی ژیان لە ئێران!

میدیاکانی حکومەت باسیان لە دروستکردنی زەمینە بۆ گرانکردنی نرخی نان لە 10 پارێزگای وڵات کرد. راپۆرتەکان ئێستا لە رەهەندێکی فراوانتر و فەرمیتردا، باس لەوە دەکەن کە نزیکەی 25% نرخی نان لە ناوچەکانی ئێراندا بەرزبووەتەوە.

تەنیا (گرانبوونی نان) نییە کە ئاسۆی رەشی برسێتی خستۆتە بەردەم ملیۆنان کەسی بێبەش. لە ئێستادا، پچڕانی بەردەوامی کارەبا و دواتر پچڕانی ئاو و لەکارکەوتنی ئامێرەکانی گەرمکەرەوە لە گەرمای سەختی هاویندا، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باشووری ئێران، ژیانی خەڵکی تاڵ کردووە.

ڕۆژی شەممە ٢٧ی گەلاوێژ، پزیشکیان لەگەڵ ئەندامانی کابینەکەی، پێکەوە چوونە مەجلیس. مەجلیس بوو بە گۆڕەپانی شەڕ و ململانێ. ناوبراو وێڕای دەربڕینی پێزانینی خۆی بۆ خومەینی و پاسدار قاسم سولەیمانی و ئیبراهیم رەئیسی، لە ترسی لێکترازان و بۆشایی لە ناو حکومەتدا وتی: "نەبوونی یەکڕیزی و یەکگرتووییمان بە واتای هەنگاونانە بەرەو ئاگرەکە!" پابەندنەبوون، یەکنەبوون، پابەندنەبوون بە واتای لێواری ئاگرەکەیە! هەروەها وتی: "ئەگەر لەسەر ئەم شێوازە بڕۆین، گەوجانەیە بیر لەوە بکەینەوە کە دەگەینە شوێنێک".

پزیشکیان کە بۆ ناساندنی کابینەکەی چووبووە مەجلیس، وێڕای ئاماژەدان بە دۆخی نالەباری رژێم و قەیرانە دیارەکانی ناو رژێم، بۆ پشتیوانی لە ئەندامانی کابینەکەی وتی: زیاتر لە ١٠ هەزار حاڵەتی کەسایەتییەکان، پشکنینیان بۆ کراوە، و ئەمانە، ئەو ئازیزانەن کە ئێستا لەبەردەمتدا دانیشتوون. باوەڕ بکەن ئەو تیمەی کە بە مەجلیسمان ناساندووە، هەر ئەو تیمەیە کە هەمانە. هێمای رێککەوتنە، هێمای هاودەنگییە لە ناو حکومەتی (ئیبراهیم رەئیسی)و (روحانی)یەوە هەتا (ئەحمەدی نژاد). هەربۆیە کاتێک باس لەسەر رێککەوتنی نیشتمانی (ویفاق) و کابینەی حکومەت دەکرێت، مەبەست رێککەوتنی نێوان باندە دز و تاڵانچیەکانە کە هاوبەشن لە حکومەتدا و هیچ پەیوەندییەکیان بە خەڵکی ئێرانەوە نییە.

ئەندامێکی مەجلیسی رژێم وتی: "ئەمڕۆ گەلەکەمان دەڵێت ئێوە لەکاتی هەڵبژاردندا کڵاوێکتان خستینە سەر". ئێوە متمانەتان بە هیچ سوننەیەک لە نێو ئەهلی سوننەدا نیە، هیچکەس بە ئەندازەی پێکهاتەی کابینەکەتان، جێگەی نائومێدی و دڵساردی نەبووە بۆ ئەم بەشە گرنگەی کۆمەڵگەی سوننە و میللەتی ئێران.

بەم شێوەیە، لە یەکەم رۆژی کۆبوونەوەی مەجلیسی رژێم لەگەڵ کابینەی پزیشکیاندا، بەناو ویفاقی پزیشکیان و سەرەڕای ئەوەی کە هەوڵی داوە ئەو بۆشاییە بە ئاوێتەبوونی حکومەتەکانی پێشوو ببڕێت، ئاگری شەڕ و ململانێ و مەترسیەکانی سەر رژێمی قەیران لێدراوی خامنەیی بلێسە دەسەنێت. هەڵبەت بە دوای ئەمڕۆکەدا، دواڕۆژیش هەیە!

***

بۆچونی نوێ