شەڕی کۆتایی - It's Over 9000!

شەڕی کۆتایی

نوسەر: د. مەجید حەقی
نوسراو لە بەرواری
0 0
14:08 2024 , August 21

دوای کوژرانی "ئیسماعیل هەنیە" رێبەری رێکخراوی تیرۆریستی حەماس، لە تاران. رژێمی ئێران هەست بە شکستێکی قووڵی ستراتێژیک و ئاسایشی دەکات. میوانێکی زۆر خۆشەویستی خامنەیی لە ڕۆژی سوێندخواردنی سەرۆک کۆمارە نوێیەکەی لە دڵی تاراندا کوژرا و هێزە ئەمنییەتییەکانی ئێران نەیانتوانی شوێنپێی ئەو کەسە بدۆزنەوە. بە دوای ئەودا خامنەیی و کاربەدەستانی لەشکەری و سیاسی ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەیان لە کوژرانی "میوانی ئازیزی"یان لە ئیسرائیل کردەوە. ئاستی ئالارمی لەشکەری لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەرزترین ڕادەی خۆی گەیشت. هەڕەشەکانی ئێران هاوکات بوون لە گەڵ ئەو دەستوەشاندنە یەک لە دوایی یەکەکانی ئیسرائیل بوون بۆ سەر "بەرەی مقاومت" و بەوە ڕژێمی ئێران کە مەکۆی تیرۆریزمی ناونەتەوەیی و سەرچاوەی دارایی، ئایدیۆلۆژی و پەروەردەیی تیرۆریزمە ئێسقانەکانی لە ژێر زەختی ئەو شکستانە کەوتنە قرچە قرچی شکان.

وڵاتانی ڕۆژاوا نیگەران لە ئاکامەکانی شەڕی "لەوانەیی" لە نێوان ئێران و ئیسرائیل کە دەتوانێت ببێتە شەڕێکی ناوچەیی لە هەموو کاناڵەکانی دیپلۆماسی و پێوەندی خۆیان کەڵک وەرگرت بۆ پێشگیری هێرشی تۆڵەسێنەری ئێران و هێزە پرۆکسییەکانی بۆ سەر ئیسرائیل. دوایین جار وڵاتانی بریتانیا، فەڕانسە و ئاڵمانیا، ئیتالیا، ئەمریکا و تەنانەت ئیسرائیل ئێرانیان لە ئاکامی هێرشی وا ئاگادار کردەوە. عەلی خامنەیی ڕۆژی ٢٤ی گەلاوێژ ئەو ئاگادارییانەی بە شەڕی "دەروونی" ناو برد و وتی ئامانجی ئەو شەڕە ڕەوانییە ترس و پاشەکشەی ئێرانە. خامنەیی وتی ئێمە پاشەکشە ناکەین، پاشەکشە چ لە مەیدانی سیاسی و چ لە مەیدانی نیزامی دا دەبێتە هۆی "غەزەبی ئیلاهی". داخۆ ئەمە بە واتای خۆ ئامادە کردنی ئێران بۆ شەڕە؟

کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕژێمی شەڕە، بە بێ شەڕ و ئاژاوە و سەرکوتی بێ بەزەیانەی ناوخۆیی ئەو ڕژێمە کە لەبەرامبەر جێبەجێ کردنی ویستی خەڵک بێ توانایە ناتوانێت درێژە بە دەسەڵاتی خۆی بدات. هەموو ئاماژەکان ئەوە دەڵێن کە هەگەری شەڕی نێوان ئێران، حیزبوڵلە و ئیسرائیل زۆرە. لە کاتی ڕوودانی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا چ بیهەوێ و چ نەیهەوێ ناچار بە بەشداری شەڕ و پشتیوانی لە ئیسرائیل دەبێت. هەرچەند ئێران لە ڕووی یاسای ناونەتەوەییەوە هیچ پاساوێکی حقووقی نیە بۆ هێرش کردنە سەر ئیسرائیل. چونکە ئیسرائیل دانی بە کوشتنی ئیسماعیل هەنیە دانەنەوە. لە گەڵ ئەوەش هەرچی مێژووی هێرشی "تۆڵە ئەستێنەری" ئێران وەدرەنگتر بکەوێت، بەجیاتی ئەوەی کە بەواتای پاشکەشەی ئێران بێت، دەتوانێت بە واتای ئامادەبوونی ئێران بۆ شەڕ بێت. شەڕێک کە لە مێشکی سەرانی کۆماری ئیسلامی "کۆتا شەڕی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" یان تەنانەت دوایین شەڕ بێت.

ئیسرائیلی ژێر رێبەری بنیامین نێتانیاهوو، وا دەردەکەوێت خۆی ئامادە کردووە بۆ شەڕ لە گەڵ حیزبوڵلا و تەنانەت کۆماری ئیسلامی ئێرانیش. ئێستا باشترین دەرفەتە بۆ نێتانیاهوو   بەر لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە نۆڤەمبەری ٢٠٢٤دا ئەمریکا بۆ شەڕێک بە هیچ شێوەیەک ناخوازێت بکێشێت. بە هۆی گۆڕانی کەشی هەڵبژاردن لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوای پاشەکشەی "جۆ بایدن" لە رکەبەری هەڵبژاردنەکان و هاتنی "کامیلا هەریس" وەک کاندیدی سەرۆک کۆماری دێموکراتەکانی ئەو وڵاتە، هەگەری دۆرانی دۆنالد ترامپ لە هەڵبژاردنەکاندا چووتە سەرێ. ئەگەر بایدن کاندیدی سەرۆک کۆماری بمایە، بەو هیوایەی ترامپ دەباتەوە و پشتیوانی لە نێتانیاهوو   دەکات  لەوانەبوو نێتانیاهوو پێی خۆش بوایە شەڕی لە گەڵ حیزبوڵا بۆ دوای هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا وەدرەنگ بخات. بەڵام ئێستا کە لە رکەبەری هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا بەرگەکە گۆڕاوە، نەتانیاهوو دوور نیە بەرلە هەڵبژاردن هێرش بکاتە سەر حیزبوڵلا و بەمەش ئێرانیش ناچار بکرێت بۆ بەرگری لە ستراتێژیکترین هێزی پرۆکسیی خۆی لە ناوچەدا. ئەم لێکدانەوەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە هەگەری سەرکەوتنی کامیلا هەریس، لەوانەیە ئەمریکای ژێر رێبەری کامیلا هەریس چیدی ئامادە نەبن، باجی هەموو سیاسەتە هەڵەکانی نێتانیاهوو   و دەوڵەتە ڕاستگەراکەی بدەن. بۆیە هەلومەرجی شەڕی لە گەڵ حیزبوڵلا یا خود ئێران ئێستا  لە بارترە بۆ نێتانیاهوو   تا دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئەمریکا. لە لایەکی دیکەوە کۆماری ئیسلامی بە کردەوە گەمارۆی ئیسرائیلی داوە. لە باشووری ئیسرائیل حەماس و جەهادی ئیسلامین، کە تاوانی تیرۆریستی ٧ی ئۆکتۆبریان خوڵقاند و گەورەترین کوشتاری جووەکانیان لە دوای هۆلاکۆست لە یەک ڕۆژدا ئەنجام دا. لە باکوور حیزبوڵلای لۆبنان هەیە کە لەسایەی پشتیوانی و هاوکارییەکانی لۆجیستیکی رژێمی ئێران خاوەنی دەیان هەزار مووشک و درۆنن و توانیویانە زۆر جار قەڵای ئاسنینی ئیسرائیل تێک بشکێنن و ببنە هۆی ئاوارەیی زیاتر لە سەد هەزار کەس لە خەڵکی ئەو وڵاتە. تەنانەت بەندەری حەیفاش لە ژێر هەڕەشەی هێرشی حیزبوڵلادایە و بەکردەوە لە ژێر ئەو هەڕەشەیەدا کارامەیی بازرگانی و هاتووچۆی جارانی خۆی نەماوە. لە باشووریش حۆسیەکانی یەمەنن کە لەماوەی دە مانگی ڕابردوودا بەردەوام خەریکی مووشەک بارانی ئیسرائیل بوون و تەنانەت توانیویانە بە درۆن هێرش بکەنە سەر تلاڤیڤی پایتەختی ئەو وڵاتە. لە لایەکی دیکەوە حەشی شەعبی عێراق بە پشتیوانی ئێران مەودا بە مەودا هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل.

هەر چەند ئیسرائیل دەیان هەزار لە خەڵکی بێتاوانی فڵستینی لە ناوچەی غەزە کوشتووە، بەڵام ئەو وڵاتە ئێستاش لە شۆکی ٧ی ئۆکتۆبردا دەژیت و تووشی تراوما و حەپەسانێکی زۆر قووڵ بووە. لە ژێر هەڕەشەکانی حیزبوڵڵای لوبنان بوونی زیاتر لە سەد هەزار ئاوارەی ناوخۆیی لە ئیسرائیل و بنەماڵەکانی بارمتەکان بوونەتەوە زەختێکی نەتەوەیی و سەرانسەری بۆ سەر حکوومەتی نێتانیاهوو  .  ئێستا لای خەڵکی ئیسرائیل پرسیارە داخۆ دەوڵەت و ئەرتەشی ئیسرائیل بۆ ناتوانن ئەو کێشەیە کۆتایی پێ بێنن؟ ئەم زەختە بووتە هۆی ئەوەی کە دەوڵەت، بیروڕای گشتی و تەنانەت ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتەش بەو ئاکامە بگەن: کە ئێمە ناتوانین هەتا هەتایە لە ژێر هەڕەشەی حیزبوڵلادا بین و خەڵک نەتوانێت بگەڕێتەوە سەر شوێنی خۆیان. بۆیە دەبێ سەرەنجامێک بۆ ئەو هەڕەشانە هەبێت و هێرش بکرێتە سەر حیزبوڵلا بۆ کۆتایی هێنانی یەکجاری ئەو هەڕەشەیە و وەدیهێنانی ئاسایشی خەڵک لە باکووری ئیسرائیل. بۆ ئیسرائیل هێرش بۆ سەر حیزبوڵلە و تەنانەت ئێرانیش باشترین دەرفەتە. بۆ ئیسرائیل شەڕی ماندووکەرەوە (فەرسایشی) پرۆکسییەکانی ئێران دژی ئەو وڵاتە، دەبێتە هۆی ماندوویی و لە ناوچوونی هێزیان و ئەمە دەبێتە ڕؤژ بە ڕؤژ لاوازتر بوونی وڵاتەکەیان. لە حاڵەتێکی وادا لەوانەیە کۆماری ئیسلامی نەوێری ڕاستەوخۆ پشتیوانی لە حیزبوڵلا بکات و ئەمەش دەبێتە هۆی لاوازی یەکجاری حیزبوڵلا. ئەگەر ئێران بێت و بۆ پشتگیری لە حیزبوڵلا بەشداری شەڕ بێت، ئەوا لە ڕوانگەی ئیسرائیلەوە باشترین دەرفەتێکە بۆ لەناوبردنی ئێران و هەڕەشەکانی هەمیشەیی. چونکە بەراوردی ئیسرائیل ئەوەیە کە ئەمریکا لە شەڕێکی وادا پشتیوانی ئیسرائیل دەکات. بەوە ئێسرائیل دەتوانێت تەنانەت هەڕەشەی ناڤۆکی ئێرانیش لە سەر خۆی لە ناو ببات. کاربەدەستانی ئێرانی لەماوەی ڕابردوودا چەندین جار هەڕەشەی گۆڕینی دۆکتۆرینی ئەتۆمی خۆیان کردووە. لەکاتێکی وادا ئێران ئەگەر دەستی بە چەکی ئەتۆمی بگات، دوور نیە هێرشی ڕاستەخۆ بکاتە سەر ئیسرائیل. بۆیە سروشتیە رێگە نەدات وڵاتێک کە ستراتێژییەکەی لەناو بردنی خۆیەتی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

لەو دیوی دیکەشدا حیزبوڵاهیش خۆی بۆ هێرشی تۆڵەسەندنەوەی کوژرانی فەرماندەی خۆی "فواد عەلی شکر" بە دەست ئیسرائیل ئامادە کردووە و لەوانەیە هاوکات لە گەل هێرشی ئێران بە تۆڵەی کوژرانی هەنیە بۆ سەر ئیسرائیل هێرشی خۆی دەست پێ بکات. بە قسەی حسن نەسروڵلا ئێران و حیزبوڵلا ئەرکدارن بە تۆڵە سەندنەوەی کوژرانی ئەو دووکەسە.

 

وڵاتانی رۆژاوا و لەوانە دەوڵەتی بایدن بە تەواوی دژی شەڕی لەوانەیی نێوان ئێران و ئیسرائیل و تەنانەت شەڕی لە گەڵ حیزبوڵلەن. دەوڵەتی ئەمریکا هەوڵێکی زۆری داوە بۆ مسۆگەرکردنی ئاگربەسێک لە نێوان حەماس و ئیسرائیل و کۆتایی هێنان بە شەڕی غەزە کە بووتە هۆی کوژران و بریندار بوونی دەیان هەزار کەس لە خەڵکی بێتاوانی فڵستین. نێتانیاهوو زۆر لایەنگری ڕاوەستانی شەڕ نیە، چونکە لەلایەک کۆتایی شەڕ و ئاگر بەست بە واتای سەرکەوتنی حەماس دێت و لەلایەکی دیکەوە کۆتایی شەڕ دەتوانێت کۆتایی ژیانی سیاسی نێتانیاهوو   و دەوڵەتە ڕاستگەڕاکەی بێت. لە گەل ئەمەش سەڕەرای دژبەری کۆشکی سپی لە سیاسەتەکانی نێتانیاهوو   لە هەگەری هەرجۆرە شەرێکی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئەمریکا بۆ بەرگری ئەو وڵاتە بەشداری شەڕ دەبێت. شەڕێک کە دەتوانی کۆتا شەڕ بێت. سەرەرای هەموو رەخنەکانی کۆشکی سپی لە نێتانیاهوو، ئەو وڵاتە لە ماوەی دەمانگی ڕابردوودا بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی و یارمەتی وڵاتی ئیسرائیلی داوە و هێزێکی زۆری دەریایی و بەرگری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەریاکانی ناوچە جێگیر کردووە کە نەک هێزی پێشگیرانە بەڵکوو دەکرێ بێژین هێزی هێرش بەرەیە.

 

کورد لە هەگەری شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل؟

دوای هێرشی درۆنی و مووشەکی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل لە 25ی خاکەلێوەی ساڵی 2724 دا، وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی بریتانیا دەیدو کامێروون (David Cameron) وتی: "ئێستا هەموو جیهان ناوەڕۆکی (تیرۆریستی و هێرشبەرانەی) رژێمی ئێران دەناسێت". ئەو مووشەکانەی کە رۆژگاریک رێبەری حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان دەکردە ئامانج، ئێستا بە ئیسرائیل دەگەن و دوور نیە ئەگەر پێشی ئێران نەگیری مووشەکەکان دەروازەکانی ئورووپاش بکەنە ئامانج.

ستراتێژی بەرەی ناسراو بە "مقاومت" لە ناوبردنی خەڵکی کوردستان و هەموو ئەو دەنگانەیە کە بیر لە داهاتوویەکی ئاشتی خوازانە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دەکەن. شەڕ بەدوای خۆیدا ماڵوێرانی دێنێت، شەڕێک کە نەتەوەی کورد نە بەشدار، نە هۆ و نە دەستپێکەری. شەڕێک کە پێوەندی ڕاستەوخۆی بە کوردەوە نیە. دەرفەتە ناونەتەوەییەکان زۆر بەدەگمەن بە قازانجی کورد دەبن، رژێمی ئێران داگیرکەری کوردستانە. ئەو رژێمە لەماوەی ٤٥ ساڵی رابردوودا لە هەموو شێوازەکانی ئاپارتایدی سیستماتیک و ژێنۆساید کەڵکی وەرگرتووە بۆ لەناو بردنی خەڵکی کوردستان. لەکاتێکی وادا سروشتییە دەرفەتە ناونەتەوەییەکان لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی خۆی بقۆزێتەوە.

دوای دەسپێکی "شۆرشی ژینا" دەنگی "ژن ژیان ئازادی" سنوورەکانی کوردستانی تەنیەوە و ویستی خەڵکی کورد بوو بە ویست و داوایەکی گشتگر. لە گەڵ ئەمەش بە هۆی دووبەرەکی و نەبوونی ستراتێژییەکی یەکگرتووی نەتەوەیی کورد نەیتوانی ببێتە خاوەنی دەستکەوتێکی ئەوتۆی بەرچاو و مخابن لە کاتێکدا کە ئێمە بە سێهەمین ساڵڤەگەری دەسپێکی شۆرشی ژینا نزیک دەبینەوە، حیزبەکانی کوردستانی دەگەڕێنەوە سەر قۆناغی بەرلە شۆرشی ژینا. ئێستا دەرفەتە ناونەتەوەییەکان ئەوەمان لێدەخوازن کە بزاڤی کوردستان بەرفراوانتر لە سنووری حیزبی بیر بکاتەوە و ستراتێژییەکی نەتەوەیی ڕەچاو بکات. ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هێزە سیاسی، مەدەنی و ئێلیتی کورد لە چوارچێوەی کۆنفرانسێکی نەتەوەییدا هێلە ستراتێژییەکانی خۆی بە شێوەی یەکگرتووانە شی بکاتەوە و ئارایشەکی نوێی نەتەوەیی بەخۆیەوە ببینێت.

قووڵایی کێشەکانی نێوان ئێران و کۆمەڵگای ناونەتەوەیی بە ئاستێک گەیشتووە کە کورد دەتوانێت خۆی وەک یەکێک لە ئەکتێرەکانی شوێندانەر لە سەر گۆڕینی سیاسەتەکانی رژێمی ئێران و تەنانەت پارەسەنگی هێز نیشان بدات و ببێتە "مخاطب"ی ئەکتەرەکانی شوێندانەر لەو ناوچەیەدا.

بۆچونی نوێ