ئێران .. بەرەو رووخاندنی دیکتاتۆرییەت! - It's Over 9000!

ئێران .. بەرەو رووخاندنی دیکتاتۆرییەت!

نوسەر: عەبدولڕەحمان گەورکی
نوسراو لە بەرواری
0 0
19:08 2024 , August 18

رووداوەکانی تایبەت بە ئێران خێرایە و ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت. ئەمە پرۆسەیەکی سروشتی داڕمانی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرییە کە ئێمە دەیبینین. تەنها شتێک کە خەڵک و هێزەکانی هەردوو لایەنی ململانێکان بتوانن بیکەن، کورتکردنەوە یان درێژکردنەوەی "کات"ەکەیەتی. لە لایەک بەرەی گەل بەرفراوانتر و بەهێزتر دەبێت و لە لایەکیتریشەوە ڕۆژانە بازنەی دیکتاتۆر بچووکتر و لاوازتر دەبێتەوە. داڕمانی دیکتاتۆرییەت، دەرئەنجامی پێگەیشتنە لە دۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگادا. دۆخەکە ئێستا ئامادەیە. لە یەک کاتدا یەکێکیان بەرەو پێش دەچێت و ئەویتریان بەرەو پاشەکشە.

ڕاپەڕینی گەلی ئێران لە ساڵی ١٤٠١ (2022) بە خواست و ئاڵای سەرەکیی "ڕوخاندنی دیکتاتۆریەت"ەوە سەرکەوتووانە ڕێگەی خۆی بەڕووی "رزگاری"دا کردەوە. ئەو ڕەوتە فرەییەی کە وەک ڕووەکی بەهار گەشەیان دەکرد دوای ماوەیەکی کورت نەمان و ئەوەی لە گۆڕەپانەکەدا مایەوە " ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیکی ئەنجومەنی نیشتمانیی موقاومەتی ئێران"ە کە ڕەسەنترین و ڕەگداکوتاوترین و شایستەترین و لە هەمان کاتدا، درێژخایەنترین هاوپەیمانیی سیاسییە لە گۆڕەپانی ئێراندا. ئەم هێزە نەک هەر لە گۆڕەپانەکەدا مایەوە، بەڵکو فراوانتر و پێداگرتر بووە. بەجۆرێک کە ئێستا لە هەموو شوێنێکی ئێراندا خاوەن هێزی ڕێکخراوە و لەسەر ئاستی جیهانیشدا لە لایەن بەشێکی زۆر لە کەسایەتی و سیاسەتمەدار و پەرلەمانتاری وڵاتانی جیهانەوە پاڵپشتی دەکرێت.

بارودۆخی ئێران!

 

پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران بەردەوامە و ڕۆژانە ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئێران لەسێدارە دەدرێن زیاد دەکات. هەروەها ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی، لە پێشەوەی سەرکردە دیارەکانی وڵاتانی جیاواز، نیگەرانن لە هەوڵەکانی رژێمی ئێران بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی. فراوانبوونی (شەڕی غەززە) زۆر وڵاتی نیگەران کردووە، بەتایبەت وڵاتانی ناوچەکە. هیچ کەس و هیچ بزووتنەوەیەک نایەوێت شەڕەکە فراوانتر بکرێت. بەڵام لە هەمان کاتدا زۆربەی حکومەتەکان لەو ڕاستییە نزیک بوونەتەوە کە جگە لە ڕووخاندنی رژێمی ئێران هیچ ڕێگایەکیتر بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی ناوچەکە لە ئارادا نییە. چونکە تا ئێستا لە هەموو دەرگاکانیتر کوتراوە و هیچ دەرەنجامێکی نەبووە! ئەم لایەنانە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی کە رژێمی ئێستای ئێران "نەگۆڕە" و بەردەوامە لە جووڵەکانی لەسەر هێڵی سەرکوتکردن لە ناو ئێران و فراوانخوازی لە دەرەوەی ئێراندا. بۆیە جگە لە "گۆڕینی ڕژێمی ئێران" هیچ بژاردەیەکیتر لە ئارادا نییە.

 

کارێکی بێ وێنە لە نەتەوە یەکگرتووەکان

لەم دواییانەدا، ڕیپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕێز جاوید ڕەحمان، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە "تاوانە دڕندەکان، لەوانەش لەسێدارەدانی بەپەلە و خودسەرانە و لە دەرەوەی دادوەریدا، کە لە ماوەی ساڵانی ١٣٦٠ تا ١٣٦١ و لە ساڵی 1367 کۆچی خۆری ئەنجامدراون، نموونەی "تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتی"ین. لەوانەش کوشتن و هەروەها ژینۆساید و، ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە دەبێت دادگایی بکرێن. جاوید ڕەحمان وتی: دووپاتی دەکەمەوە، نابێت بێ سزایی هەبێت بۆ ئەمجۆرە پێشێلکارییە گەورەیەی مافەکانی مرۆڤ، بەبێ گوێدانە ئەوەی کە ئەو پێشێلکارییە گەورەیە کەی ئەنجامدراوە. نابێ رێگە بدرێت رژێمی ئێران و ڕێبەرانی ئەو رژێمی، لە ئاکامی جینایەتەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و ژینۆساید بێ سزا بمێننەوە. "میکانیزمێکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە و وردبینی نێودەوڵەتی بۆ ئێران زۆر پێویستە".

 

پشتیوانیکردنی زۆرینەی کۆنگرێسی ئەمریکا

کۆنگرێسی ئەمریکا لە بڕیارنامەی ١١٤٨ی خۆیدا، بە واژۆی زۆرینەی ئەندامانی کۆنگرێس، پشتیوانیکردنی خۆی بۆ موقاومەتی خەڵکی ئێران ڕاگەیاند و خوازیاری دانپێدانانی مافەکانی گەلی ئێران و خەباتی ئەوانە بۆ دامەزراندنی کۆمارێکی دێموکراتیک، کە لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی ئایین و دەسەڵات، ئێرانێکی نائەتۆمی، پلاتفۆرمی ١٠ خاڵی خانمی مریەم ڕەجەوی، مافەکانی موجاهیدین لە ئەشرەف ٣ و داننان بە مافی خەباتکارانەی شانەکانی شۆڕش (کانونەکانی شۆڕش) بێت لە دژی سوپای پاسداران.

 

پشتیوانیکردنی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا لە خەڵک و موقاومەتی ئێران

لە رۆژی ٤ی گەلاوێژی 1403 (2024)، بڕیارنامەی دووحیزبیی (599) لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردن لە مافەکانی دانیشتوانی ئەشرەف ٣ هەنگاوێکی ناوازە و دەسپێکی قۆناغێکیتر بوو. کار و هەنگاوەکانی ئەمدواییەی رژێمی ئێران، کە لە دوای شانۆگەریی هەڵبژاردنی لە ئێران ڕوویان دا، نیشان دەدەن کە هەتا ئەم رژێمە لە سەر کار بێت، ئاشتی و ئاسایش لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا مەترسی لەسەرە. چونکە لە ئێراندا لە ژێر دەسەڵاتی وەلی فەقێ دا، ئازادی و دیموکراسی و مافەکانی گەل هێشتا هەر "قوربانی"ن. ناکرێت حکومەتێک لە ناوخۆی وڵات جۆرێک بێت و لە دەرەوەی سنوورەکان جۆرێکیتر! ئەم دووانە دوو دیوی دراوێکن!

 

ئامادەبوونی سەرۆکی پێشووی شارەوانی نیویۆرک لە ناو موقاومەتی ئێران

ئەمساڵ ڕودی جولیانی، سەرۆکی پێشووی شارەوانی نیۆیۆرک و یەکێک لە لایەنگرانی دێرینی موقاومەتی ئێران، لە ساڵیادی هێرشەکانی حکومەتە بووکە شووشکەی خامنەیی لە عێراق بۆ سەر ئەشرەف لە پارێزگای دیالە لە ڕۆژانی ٦ و ٧ی گەلاوێژی 2009، لە کۆنفرانسێکدا کە خانمی مریەم ڕەجەوی ئامادەی ببوو، وتی: "هیچ کەسێک، هیچ کەسێک نەیدەتوانی ئەم بزووتنەوەیە لەسەر پێ رابگرێت و بیپارێزێت، جگە لەو گەلەی خاوەن ئەمجۆرە بەهرە و ڕەوشت و گەورەییە بێت". خانمی مریەم ڕەجەوی نموونەکەیەتی. بەڵام هەمووتان زۆر لەو دەچن. گەلێکی زۆر کاریگەر. وڵاتەکەتان لە لێواری شۆڕشدایە. "ئێوە دەبنە سەرمایەیەکی گەورەی یارمەتیدەر، بۆ بنیاتنانی جیهانێکی ئازاد کە مافەکانی مرۆڤ تێیدا ڕێزی لێبگیرێت." هەروەها وتیشی: ئێوە خاوەن شتێکن کە زۆرێک لە وڵاتان کاتێک دیکتاتۆرییەکیان ڕووخاند، هەرگیز نەیانبووە. هەر بۆیە هەمیشە سەرلێشێواوی و ئاژاوەی لێکەوتۆتەوە. ئێوە حکومەتێکی کاتیی تەواو ئامادەکراوتان هەیە کە دەتوانێت سبەی، بە سەرکردایەتی خانمی مریەم ڕەجەوی، ئیدارەی وڵات بەدەستەوە بگرێت و شتێک درووست بکات کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا چاوەڕێی بووین، ئەویش دیموکراسییە. ئێوە لە سەروبەندی رووخاندنی ئەم دیکتاتۆرییەتەدان. ئێمە دەبێت خەبات بکەین، بجەنگین. ئەم مەسەلەیە کە دانوستان، دانوستان، دانوستان، دانوستان؛ "دوایین جار کە بە دوای دانوستانەوە بوون، بە (هیتلەر) گەیشتین! تا ئەو کاتەی چەرچیل هات. چونکە چەرچیل ئامادە بوو شەڕی بۆ بکات".

 

دوو دیوی یەک دراو!

ئەگەر لە ناوخۆی ئێراندا زیاتر لە 100 هەزار ئێرانی بە دەستی ئەم دەسەڵاتە کوژراون، باجی ئەوە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، تیرۆر و تەقینەوە و هەڕەشە و شەڕخوازییە. پێچەوانەکەیشی درووستە! ئەگەر لە دەرەوەی سنوورەکاندا ئیمتیاز بەو دەسەڵاتە بدرێت، سەرکوتکردنی خەڵکی ئێران و کوشتنی رۆڵەکانی لە ئێران زیاتر دەبێت.

ئەگەر لەدەرەوەی ئێران لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ڕژێمی ویلایەتی فەقێ نەکرێت، لە ناوخۆی ئێران ژمارەی دەستگیرکردن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان زیاد دەکات. کەواتە پشتیوانیکردن لە سیاسەتی سازان لەگەڵ ئەم رژێمە، جگە لە هاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ دیکتاتۆریی ئایینی هیچیتر نییە. ئەم دەسەڵاتە نە هەروا هەڵسوکەوتی خۆی دەگۆڕێت و نە هەروا دەڕوخێت.

 

رووخێنەری ڕاستەقینە!

ڕووخانی ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی کاری خەڵک و موقاومەتی ئێرانە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە کە لەناوبردنی فیزیکیی موقاومەت لە ناوەوەی ئێران و تیرۆر و سنووردارکردنی موقاومەت لە دەرەوەی ئێران، هەمیشە ئەولەوییەتی ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی بووە. بەر لە هەمووان دەسەڵاتی ئێران دەزانێت کە (ئەشرەف ٣) ئیلهامبەخش و نموونە و ڕەمزی گەنجانی ئێرانە. دانیشتووانی ئەشڕەف ژیانی خۆیان بۆ رزگارکردنی گەل و نیشتمانەکەیان تەرخان کردووە. هەزار کەسیان، ساڵانێکی زۆر لە زیندانەکانی ڕژیمدا بوون و نیوەی دانیشتووان، ئەندامانی بنەماڵەکانیان لە لایەن ڕژێمەوە لە سێدارە دراون. ئەوان شایەتحاڵی کۆمەڵکوژکردنی (30) هەزار زیندانیی سیاسی بوون لە ساڵی 1367 (1988) کە زۆربەیان لایەنگری موجاهیدین بوون. لە ساڵی ڕابردووەوە، رژێمی ئێران لە پیلانێکی نوێدا و بە غیابی، بەناو دادگاییکردنی ١٠٤ ئەندامی موجاهیدین و موقاومەتی ئێرانی دەستپێکردووە و هەڕەشەی لە سێدارەدان و ڕادەستکردنەوەی لێکردوون.

***

بۆچونی نوێ