بۆچی رژێمی ئێران پێویستی بە تیرۆر هەیە؟ - It's Over 9000!

بۆچی رژێمی ئێران پێویستی بە تیرۆر هەیە؟

نوسەر: عەبدولڕەحمان گەورکی
نوسراو لە بەرواری
0 0
05:08 2024 , August 07

 

 

بیەوێت یان نەیەوێت، رژێمی ئێران لە لێژایی رووخاندنیدایە و راپەڕینی خەڵکی ئێران بەرەو پێشەوە دەچێت. چونکە خەڵکی ئێران ئەم دەسەڵاتەیان ناوێت. هیچ هێز و حکومەتێکیش نییە بتوانێت رژێمی ویلایەتی فەقیهی لە "چارەنووسی تاڵ"ی نەمان رزگار بکات.

ڕەنگە بە شێوەیەکی گشتی بتوانین بڵێین کە هۆکاری گەیشتن بە خاڵێکی وا، لەوەدایە کە راپەڕینی دژەپاشایەتی خەڵکی ئێران لە دژی دیکتاتۆرییەتی حەمەڕەزاشای پەهلەوی، کە لە ساڵی ١٣٥٧(1979) بە سەرکەوتن گەیشت، "گۆڕدرا" بە دیکتاتۆرییەتی ئایینی، کە جۆرێکی خراپترە لە دیکتاتۆرییەت و خۆی بەسەر گەلی ئێراندا سەپاند.

 

ئەم ئاڵوگۆڕە رەگ و ریشەی لە بووشاییەکی قووڵدا هەبوو کە کۆمەڵگای ئێران بەدەستیەوە دەناڵێنێت. هێزە بەئاگا و سیاسییەکانی کۆمەڵگا، کە دەیانتوانی دەستکەوتەکانی ئەم راپەڕینە بەرەو گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە کۆمەڵگادا بەرز بکەنەوە و رێنمایییان بکەن، بە خێرایی لە لایەن رەوتێکی کۆنەپەرستی دەسەڵاتدار بە رێبەرایەتی (خومەینی)، کەوتنە بەر پەلامار و کوشتار! ئەمە سەرەتای "راستییەکی تاڵ"ە لە گۆڕەپانی سیاسی ئێراندا. ئەم هێزانە کە موجاهیدینی خەلق هێزی سەرەکی بوو تێیدا، لەلایەن دیکتاتۆریی شاوە "سەرکوت" کرابوون و گورزی کوشندەیان لێدربوو!

هەربۆیە لە سەرەتای دەسەڵاتی رژێمی ئایینیدا، مەترسیی سەرەکی لەسەر کۆمەڵگا، بە کەم سەیرکردنی ئەم رەوتە کۆنەپەرستانەیە بوو، کە بە کەڵکئاوەژوو لە "مەزهەب" پەرەی سەند و ئێستا و هێشتاش لەسەر کارە!

سەرەتای تیرۆریزمی دەوڵەتی

خومەینی و رەوتی کۆنەپەرستانەی، کە ئێستا بووەتە دەسەڵاتداری ئێران و سەرنجی نێودەوڵەتی بۆ سەر خۆی راکێشاوە، لەبەر ئەوەی هیچ چارەسەرێکی بۆ کێشەکانی کۆمەڵگادا نەبوو، تیرۆرکردنی نەیارانی خستە سەرووی پلانەکانییەوە. بەم شێوەیە تیرۆریزم، کە لایەنێکی فراوانخوازی دیکتاتۆرییەتی ئایینی بوو، وردە وردە دەستی گرت بەسەر جومگەکانی دەسەڵاتدا و هەموو سنوورە ناسراوەکانی بەزاند و رۆژانە رەهەند و شێوازەکانیتری بۆ زیات کرد!

ئەم رەوتە کۆنەپەرستانەیە کە بە کەڵکئاوەژووی هەستی ئایینی خەڵک لە ئێراندا هاتە سەر دەسەڵات و هەمیشە هاوکاری و هەماهەنگی دیکتاتۆرییەت بووه، "تیرۆرکردن"ی نەیارانی خستە قاڵبی "دەوڵەت"ەوە کە زۆر مەترسیدارترە لە جۆرەکانیتری تیرۆر. بێ هۆ نییە کە ئەم دەسەڵاتە بە "بانکەوانی تیرۆر لە جیهان"دا ناسراوە.

نەهێشتنی نەیاران لە ناوخۆی ئێرانەوە دەستی پێکرد. لە درێژەدا، تیرۆر سنوورە نێودەوڵەتییەکانی بەزاند و پێی نایە وڵاتانیترەوە. تیرۆرکردنی نەیارانی ئێرانی (ئامانجی یەکەم) بوو بۆ رژێمێ ئێران. بەڵام لە ساڵانی دواتردا ئەڵقەیەکیتری بۆ زیادکرا. هەوڵی نهێنیی رژێمی ئێران بۆ بەدەستهێنانی "بۆمبای ئەتۆمی"، لەسەر هێڵی بەردوامیی تیرۆری دەوڵەتی بوو، بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن بۆمبای ئەتۆم و، چارەنووسی کۆمەڵگەی جیهان بە بارمتە بگرێت، کە ئەگەر لە لایەن موقاومەتی ئێرانەوە ئاشکرا نەکرابا، ئێستا دۆخەکە زۆر جیاواز دەبوو!

 

نوێترین کردەی گەورەی تیرۆر!

ئەگەرچی تا ئێستا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوی بەسەر "دۆسیەی تیرۆریزمی رژێمی ئێران"دا داخستووە و لە چەند مانگی رابردوودا نموونەی تاڵمان لە وڵاتانی ئەوروپا بینی، بەڵام هەوڵی تیرۆرکردنی ناسەرکوتووی پرێزیدێنت (دۆناڵد ترامپ)، سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کە لە رۆژی شەممە ١٤ی جولای ٢٠٢٤ لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا روودا، جارێکیتر سەرنجەکانی خستەوە سەر رژێمی ئێران.

ئەگەرچی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێراندا، زۆر دۆسییەی نەکراوەی تیرۆریزمی دەوڵەتی ئێران هەن و فاکتەری سەرەکی لەمەشدا "سیاسەتی سازانە لەگەڵ ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆری"یە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو رۆژە هەر دێت کە دۆسییەکان بکرێنەوە و پەردە لەسەر ئەم رووداوانە لابدرێن. ئەو رۆژەیش پەیوەستە بە سەرکەوتنی گەلی ئێران بەسەر دیکتاتۆریی ئایینیدا!

چەند رەهەندێکی ئەمکارە!

ئاشکرایە کە (تیرۆر) نیشانەی لاوازیی حکومەتێکە نەک بەهێزبوونی. تا گەورەتر بێت، لاوازی و بێدەرتانبوونی ئەم دەسەڵاتە زیاتر دەردەخات! پەلاماردانی پرێزیدێنتی پێشووی ئەمریکا، کە ئێستا کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمریکایە، کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر هاوکێشەکانی داهاتوودا. رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لەم پێوەندییەدا نووسیویەتی: "ئەو راپۆرتانەی ئاماژە بە هەڕەشەکانی رژێمی ئێران دەکەن دژی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ، وەک مایک پۆمپیۆ، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا و جۆن بۆڵتۆن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی، بووە هۆی ئەوەی کە تەنانەت دوای دەرچوونیان لە دەوڵەتی ئەمریکا، هێزی پاراستنی دەوڵەتییان بۆ تەرخان بکرێت"

جۆن بۆڵتۆن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی )سی ئێن ئێن) سەبارەت بە پیلانگێڕیی رژێمی ئێران بۆ تیرۆرکردنی ترەمپ وتی: لەو کاتەوەی ترەمپ بە حەق، قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی کوشت، رێژیمی ئێران تینووی تۆڵەسەندنەوە بووە لە ترەمپ.

 

گۆڕینی تاکتیک لە تیرۆردا!

رژێمی تیرۆریستیی ئێران، ئەگەرچی لە ساڵانی یەکەمدا، بە ناردنی تیرۆریستان لە ناوخۆی ئێرانەوە، کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدا، بەڵام لە ساڵانی دواییدا، دەبینین کە ئەم رژێمە بە رێگەی تیرۆریستە بیانییەکانی خۆیەوە ئەمکارە ئەنجام دەدات. ئەمەش فۆرمێکی ئاڵۆزی تیرۆرە کە رژێمی ویلایەتی فەقیهی بەکاری هێناوە.

ڕۆژنامەی لۆمۆندی فەرەنسی (٢٤ی پووشپەری 1403) نووسیویەتی: لە ٩ی نۆڤەمبەری ساڵی رابردوودا، (ئاڵیخۆ ڤیدال کوادراس)، رێبەری سیاسی ئیسپانیا و جێگری پێشووی پەرلەمانی ئەوروپا، بە رۆژی رووناک و لە مەدرید، لە هەوڵێکی تیرۆرکردنیدا رزگاری بوو. ئالیخۆ ڤیدال دەستبەجێ رژیمی ئێرانی تۆمەتبار کرد. تیمی تیرۆریستی ئێرانی نەبوون، بەڵکو فەرمانیان لەلایەن رژێمی ئێرانەوە وەرگرتبوو.

ڕۆژنامەی فرانکفۆرتەر ئالگمەینەی ئەڵمانی (٢٦ی پووشپەڕی 1403) نووسیویەتی: رێژیمی ئێران بە مەبەستی رەتکردنەوەی هەر جۆرە بەرپرسیارێتییەک و دوورکەوتنەوە لە دەرئەنجامە دیپلۆماسییەکان، کەڵک لە باندە تیرۆریستییەکانی وەردەگرێت بۆ مەبەستی کاری تیرۆریستی.

کردەوە تیرۆریستییەکانی رژێمی ئێران هیچ سنوورێک ناناسن و هەر لە سەرەتاوە، لە هەردوو دیوی سنوورەکانی ئێراندا هەبووە. دوو ئەندامی پەرلەمانی ئەرژەنتین لە وتارێکی هاوبەشدا لە رۆژنامەی ئینفوبایە (٢٨ی پووشپەڕی 1403) لە یادی ٣٠ ساڵەی تەقینەوەکەی (ئامیا)دا نووسیویانە: "هەروەک ئەو بەڵگانەی لە دۆسیەکەدا کۆکراونەتەوە دەریدەخەن، هێرشکردنە سەر ئامیا کردەوەیەکی تیرۆریستی بووە کە لەلایەن رژێمی ئێرانەوە رێکخراوە. بێگومان کاتی ئەوە هاتووە کە کۆتایی بهێنرێت بە دەیان ساڵ بێ سزه هێشتنەوە". لە ئەمریکای لاتین و ئەرژەنتین لەم رۆژانەدا و لە ساڵڕۆژی تەقینەوە تیرۆریستییەکەی بوینس ئایرێسدا، هەواڵ و هەڵوێستەکان سەبارەت بە تیرۆریزمی رژێمی ئاخوندی لە لوتکەی هەواڵەکاندا بوون.

تاکتیکی رژێمی ئێران لە تیرۆریزمدا!

رژێمی تیرۆریستیی ئێران بە تەواوی لە هاتنەسەرکاری دۆناڵد ترەمپ لە ئەمریکا تۆقاوە. یەکێک لە تاکتیکەکانی تیرۆری رژێمی ئێران ئەوەیە کە "تیرۆر ئەنجام دەدات" بەڵام "نکۆڵی دەکات" یان تەنانەت "شەرمەزاری دەکات". ئەم فۆرمولەیە لە دۆسیەی رژێمی ئێراندا بە ئەزموون کراوە. لە کردەوە و لێدوانی سەرکردەکانی رژێمی ئاخوندان، و بە لێدوانەکانی خودی خامنەیییشەوە، بەڵگەی زۆر هەیە کە ناتوانرێت نکۆڵی لێ بکرێت یان پەردەپۆشی هەڵناگرێت. لە مانگی (10) ساڵی ١٤٠٠دا، تویتەر (X) ئەکاونتی خامنەیی بۆ هەمیشە داخست، بەهۆی بڵاوکردنەوەی فیلمی ئەنیمەیشنی تیرۆرکردنی ترەمپ و پۆمپیۆ.

 

دوا وشە!

تیرۆر، جەوهەر و کڕۆکی هەمیشەییە لە سروشتی رژێمی مەزهەبیی ئێراندا. چونکە ئەم دەسەڵاتە سەر بە کۆمەڵگای مرۆڤایەتی نییە. هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی تیرۆریستە ناسراوەکان بۆ ئێران، یەکێکە لە بەڵگەنامەکانی ئەم راستییەیە. ئەمساڵ دیپلۆماتکاری تیرۆریست (ئەسەدوڵڵا ئەسەدی) کە لە دادگای بەلژیکادا سزای بەسەردا سەپێندرا و دواتر بە میکانیزمێکی هاوشێوە، جەللاد (حەمید نووری) لە سویدەوە گەڕێنرایەوە بۆ ئێران!

ئێرانی ژێر دەسەڵاتی وەلی فەقێ، ناوەندێکە بۆ راهێنان و کۆکردنەوەی تیرۆریستان. ئەوەی تا ئێستا سەبارەت بە تیرۆریزمی رژێمی ئێران وتراوە مشتێکە لە خەرمانێک. پیلانگێڕی، بەبارمتەگرتن، دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان، شەڕفڕۆشی و هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی بۆمبای ئەتۆمی، هەموویان بەشێکن لەم تیرۆریزمە. بە پێی زانیارییە کۆکراوەکان، باڵوێزخانەکانی ئەم رژێمە، لە خزمەت تیرۆریزمی ئەم دەسەڵاتەدان. هەربۆیە پشتیوانیکردنی کردەیی لە خەڵک و موقاومەتی ئێران پێویستە. چیتر مەهێڵن تیرۆریزمی دەوڵەتی بێتە ناو ماڵەکانتانەوە.

بۆچونی نوێ