ئێوە کوردن و سونین و هەرکام لەوانە تاوانێکن کە بۆ ئێعدام دەبن - It's Over 9000!

ئێوە کوردن و سونین و هەرکام لەوانە تاوانێکن کە بۆ ئێعدام دەبن

نوسەر: د. مەجید حەقی
نوسراو لە بەرواری
0 0
20:08 2024 , August 06

حوکمی کوشتنی ڕەزا ڕەسایی، بەندکراوی سیاسیی کورد و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان کە لە ڕەوتی شۆرشی ژینا (ژن ژیان ئازادی) دا دەستبەسەر کرابوو رۆژی سێ شەممە  ١٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ لە لایەن رژێمی ئێرانەوە جێبەجێ کرا.

لە شەش مانگی یەکەمی ٢٠٢٤دا لانی کەم ٢٦٦ زیندانی لە زیندانەکانی ئێران لە سێدارە دراون. لەوانە نزیک ٣٠٪ ئەو زیندانیانەی کە لە ئێران لە سێدارە دەدرێن کوردن. لە  کاتێکدا ڕادەی کوردەکان لە ئێران تەنیا ١٦٪ی دانیشتوانی هەموو ئێران پێک دێنن.

لە رژێمی ئێراندا هەرچەند زوڵم و زۆری شتێکی هاوبەشە، نەتەوەکانی ئێران لە ڕادەی ستەمێک کە لێیان دەکرێت یەکسان نین. خەڵکی کوردستان بە گشتی بە هۆی کورد بوون و خەباتی دەیان ساڵەی بۆ بەدەست هێنانی مافی چارەنووسی خۆی بە شێوەیەکی سیستماتیک بوونەتە قوربانی ئاپارتایدی دەسەڵاتی ناوەندی لە ئیران.

ساڵی ٢٠١٥ کاتی دادگای حەوت زیندانی سیاسی کورد بە ناوەکانی فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، قاسم ئابستە، خەسرەوە بیشارەت، کامران شێخە و ئەیووب کەریمی کە بەتاوانی ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان گیرا بوون و دادگایان تەنیا دوو خولەک درێژەی هەبووە "قازی مقیسە" ڕوو بە وان دەکات و دەڵێ: "ئێوە کوردن، سونین و سەلەفین، هەرکام لەو تاوانانە ئێعدامێکیان هەیە[1]".

کورد بوون یەکێک لە پێوەرەکانی رژێمی ئێرانە بۆ لەسێدارەدان و کوشت و قەڵاچۆی خەڵکی کوردستان. تەنیا لە مانگی مەی ٢٠٢٤ دا زیاتر لە ٢٥ بەندکراوی کورد لە لایەن رژێمی ئیرانەوە لە سێدارە دراون و لە مانگی جوولای ٢٠٢٤ دا لانی کەم ٢٦ کۆلبەری کورد لەلایەن چەکدارەکانی رژێمی ئێرانەوە کوژراون. کوژرانی ئەو زیندانیە کوردانە و کۆڵبەرەکان بە ئامانجی سزای بە کۆمەڵی خەڵکی کوردستان و بەرتەسک کردنەوەی ئاڵقەی ئابووری بە سەر خەڵکی کوردستانە کە لەماوەی ٤٥ ساڵ حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی دوای فەرمانی جەهادی خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ بە شێوەیەکی سیستماتیک و بەرنامەدارێژراو بە هەموو شێوەیەک سەرکوت دەکرێن.

پرسی ئاپارتایدی سیستماتیکی کۆماری ئیسلامی ئێران، یەکێک لە دۆسیەکانی تاوانەکانی رژێمی ئێران دژی نەتەوە بندەستەکانە کە جێی خۆیەتی چالاکان و مافپەروەرانی کورد هەلمەتێکی جیددی و هەماهەنگ بۆ بە فەرمی ناساناندی ئاپارتایدی سیستماتێکی ئەو رژێمە دژی نەتەوەی کورد دەست پێ بکەن. ناشێ رێگە بدرێت رژێمی ئێران بێ ترس لە سزادان خەریکی پاکاوتەکردنی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بێت.

 


[1] بی.بی.سی صفحە دو ٢٥/٧/

بۆچونی نوێ