هەڵبژاردن دیکتاتۆرییەتدا!! - It's Over 9000!

هەڵبژاردن دیکتاتۆرییەتدا!!

نوسەر: عەبدولڕەحمان گەورکی
نوسراو لە بەرواری
0 0
04:06 2024 , June 21

کاتێک سەیری ئێرانی ئێستای ژێر دەسەڵاتی ئاخوندان دەکەیت، دیمەنەکە زۆر بە ئازارە و جگە لە "دواکەوتوویی" و "سەرکوت" هیچی تر بەرچاو ناکەویت. پلان و سیاسەتەکانی ئەم دەسەڵاتە لە بنەڕەتدا لەگەڵ کۆمەڵگای پێشکەوتووی ئێستای جیهاندا ناگونجێت. دیموکراسی و مافی مرۆڤ و پابەندبوون بە یاسا نێودەوڵەتییەکان و پرەنسیپی زێڕینی "پێکەوە ژیانی ئاشتیانە" و ... هتد بوونی نیە. چونکە کەسی یەکەمی ئەم دەسەڵاتە، تەنها بیر لە "مانەوەی دەسەڵات" دەکاتەوە و پەنا دەباتە بەر هەر تاوانێک بۆ ئەم پاراستن و هێشتنەوەیە. بێگومان سازشتکارانی رۆژئاوایی پێشوازی لەم دیدگایەی ئاخوندان دەکەن! چونکە ئەوانیش تەنها بیر لە بەرژەوەندی خۆیان دەکەنەوە، بۆ ئەوەی بە ئاسانی دەست بەسەر سەروەت و سامانی گەلی ئێراندا بگرن.

ئێران، سەردەمانێک، پێشکەوتووترین و دەوڵەمەندترین و شارستانیترین کولتووری جیهانی هەبووە و ئەم راستییەش لە مێژوودا تۆمار کراوە! بەڵام بەهۆی بوونی دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئاخوندی، هەموو ئەمانە چووەنەتە ژێر پرسیارەوە. خەڵکی ئێران یان ئاوارەی هەندەران بوون، یان دیلن لەناو ئەو وڵاتدا! بەڵام لەگەڵ ئەم دەسەڵاتەدا نەبوون و نین. ئەوان ئازادی و حکومەتێکی نیشتمانی و دیموکراتیکیان دەوێت. مێژوونووسان ئاگادارن کە ئێران، بە هۆی دەسەڵاتی رێژیمە دیکتاتۆرییەکان، هاوتەریب لەگەڵ پڕۆسەی دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی، نەک هەر بەرەوپێش نەچووە بەڵکو دواکەوتووە!

لە ئێرانی ئێستادا "هەڵبژاردن" بوونی نییە و ئەوەی هەیە "دامەزراندن"ە (واتە ئینتیساب). کەواتە "شۆڕش و گۆڕانکاری" پێویستە لە ئێراندا رووبدات. بەڕێز مەسعوود رەجەوی رێبەری موقاومەتی ئێران لە دوایین پەیامی خۆیدا لە ٢٠ی جۆزەردانی ساڵی ١٤٠٣ دەڵێت: "تەنانەت لە چوارچێوەی ئەم رژیمەشدا، ئیتر ئەمە هەڵبژاردن نییە، بەڵکو گاڵتەجاڕییە" و بۆ پێکەنینە. بەڕیز رەجەوی ئاماژە بەو راستییە دەکات کە دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ئایینی ئێران، تەنانەت کاندیدبوونی کەسایەتییە ناسراوەکانی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی رێژیمی "رەتکردووەتەوە"!

بەڕێز رەجەوی دەڵێت: "هەموو شتێک لە مردن و جێنشینیی خامنەیی و پاراستنی رژێمەوە هەڵدەچنریت". بۆ ئەم مەبەستە ناچارە وەک هەمیشە گرژبوون و بچووککردنەوە و پیتاندن و تیرۆر و شەڕخوازی زیات بکات و بەرەو دەستخستنی چەکی ئەتۆمی هەنگاو بنێت کە لەوە دەچیت، سەری رەشەماری ویلایەت، بۆ مانەوە و سەپاندنی هەژموونی خۆی ئەمکارە دەکات.

لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ئاخونداندا، ئەزموونەکان دەریانخستووە تەنیا ئەو کەسانە پۆستی سەرەکی لە ئێران وەردەگرن کە لە لایەن وەلی فەقیهەوە رەزامەندییان لەسەر دراوبێت. هەر لەبەر ئەمەشە لە روانگەی گەل و موقاومەتی ئێرانەوە "مار هەرگیز کۆتر هەڵنایەنیت" و "هەڵبژاردن لە ئێران لە تراویلکە بەدەر نیە". بە واتایەکیتر، تا ئەو کاتەی "وەلی فەقێ" بەسەر ئێراندا حوکم بکات، بارودۆخی ماددی و مەعنەوی خەڵکی ئێران بەرەو باشی ناچیت. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی "تاکە رێگای دەربازبوون لەم دۆخە، رووخاندنی دیکتاتۆرییەتی ئایینیی ویلایەتی فەقیهیە". بە باوەڕی بەڕیز رەجەوی "کات، کاتی شۆڕش و دادخوازیی ئاگرینە".

چاوخشاندنێک بە سەر چەند دەیان کاندیدی سەرۆکایەتی، بەتایبەتی ئەو شەش کەسەی کە لایەن "ئەنجوومەنی نیگەهبان"ەوە پەسەندی کراون بۆ ئەم پۆستە، کە خۆی، "ژێردەستە"ی وەلی فەقیهی دەسەڵاتدارە، ئەوەمان بۆ دەردەخات کە هەموویان کەسانێک بوون و هەن کە لە بنەڕەتدا و پێشتریش، هەموویان "ئەڵقەی لە گوێی وەلی فەقێ" بوون بە ئێستایشەوە و کارنامەیان ئەوەندە "رەش"ە کە پێویست ناکات هەر باسی بکرێت. لە نێو ئەو شەش کەسەدا، میرغەزەب و ئاخوند (پوورمحەممەدی)، بەرچاو دەکەوێت کە ئەندامی "دەستەی مەرگ" بووە لە کۆمەڵکوژییەکەی ساڵی 1988دا کە زیاتر لە ٣٠ هەزار زیندانی سیاسی لە سێدارە دران و لەم دواییانەدا و دوای لەناوچوونی (ئیبراهیم رەئیسی) وتی: "رەئەیسی هێمای توڕەیی و رق و کین بوو بەرانبەر بە دوژمنان و موجاهیدینی خەلق".

پوورمحەممەدی هەمان ئەو کەسەیە کە لە مانگی گەلاوێژی ٢٠١9 وتبووی: "لەم ٤٠ ساڵەدا هیچ زەبرێک نەبووە لە رژێم وەشێنرابێت کە دەستی موجاهیدینی تێدا نەبووبێت و موجاهیدین هۆکاری سەرەکی نەبووبن تیایدا". ئێمە هێشتا حیساباتمان لەگەڵ موجاهیدین یەکلایی نەکردووەتەوە و دوای یەکلاکردنەوەی حیسابەکان، وەڵامی ئەو قسانە دەدەینەوە. لەسەر دەستی موجاهیدین زیانێکی زۆرمان بەرکەوتووە. ئەمڕۆ موجاهیدین دوژمنترین دوژمنی ئەم رژێمەن. دەبێت تۆڵە لە یەکە بە یەکەیان بکەینەوە. هەموویان تاوانکارن و پێویستە لە دادگا سزا بدرێن و سزای توندیان بەسەردا بسەپێنرێت".

دوا وشە!

کەوایە ئەوەی گرینگە "رێگای بێ گەڕانەوە"یە لەبەر دەم دەسەڵاتی دیکتاتۆریی ویلایەتی فەقیهی لە لایەک و خەڵکی ئێران لە لایەکیترەوە. رۆژێک ئەم رووبەڕووبوونەوەیە یەکلا دەبێتەوە. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە لایەنی سەرکەوتوو هەمیشە ئەو خەڵکەن کە رووبەڕووی دیکتاتۆرییەت بوونەتەوە. هەر لەبەر ئەمەشە کە پێویستە هەر لە ئێستاوە بگوترێ کە نومایشی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئێران، لە لایەن خەڵکی ئێرانەوە بایکۆتیان کراوە. خەڵکی ئێران ئەم دەسەڵاتە و پاڵێوراوانی ئەم رژێمە بە هی خۆیان نازانن. چونکە ئەم دەسەڵاتە "کەمینەیەکی زۆر کەم"ە کە خۆی بەسەر چارەنووسی (85) ملیۆن ئێرانیدا سەپاندووە و شەرعیەتی جەماوەری نییە.

بۆچونی نوێ