ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ پشتیوانی لە رۆژاوای کوردستان، نامەیەک ئاراستەی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کۆمیسیۆنی ئورووپا، وەزارەتی دەرەوەوی بریتانیا و ئیسرائیل دەکات.
لە نامەکەدا داوای پشتیوانی کردەوەیی و پاراستنی هەرێمی رۆژاوای کوردستان کراوە.
دەقی نامەکە بە شێوەی خوارەوەیە:
بۆ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا،
بۆ یەکێتی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
بەڕێزان،
بە ڕێزەوە بانگەوازێکی بەپەلەتان ئاراستە دەکەین بۆ کردەوەی خێرا بۆ پشتیوانی لە گەلی کورد، بەتایبەتی لە ناوچەکانی ڕۆژاڤا (ڕۆژئاوای کوردستان - سوریا). داننان بەو ناڕەوایی و ستەمکارییە بەردەوام و سیستماتیکییەی کە نەتەوەی کوردی دەیان ساڵە ڕووبەرووی دابەشبوون و گۆشەگیری کردووە، زۆر گرنگە.
لە دوای کۆتایی جەنگی جیهانی یەکەمەوە، گەلی کورد بووەتە قوربانی دابەشبوونێکی نادادپەروەرانە و نادیموکراسی. ئەو گەلەی کە ژمارەی دانیشتووانی زیاترە لە پەنجا ملیۆن کەس و بەسەر چوار دەوڵەتی دیکتاتۆردا دابەشکراوە. ئەم دەوڵەتانە بە بەردەوامی مافەکانی مرۆڤیان پێشێل کردووە و کوردیان خستووەتە ژێر کۆمەڵکوژییەوە و تەنانەت لە چەندین قۆناغدا جینۆسایدیان کردووە. نموونەی بەرچاو بریتین لە جینۆسایدی دێرسیم کە لەلایەن تورکیاوە ئەنجامدرا، شاڵاوی ئەنفال و کۆمەڵکوژی هەڵەبجە کە لەلایەن سەدام حوسێنەوە ئەنجامدرا و ستەمکاری بەردەوامی ڕژێمی ئەسەد. ئەم دڕندەیی و پاکتاوکارییە بەربڵاوە، جەختکردنەوەیە لە سەر پێویستیی بەپەلەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی هاوسۆزی لەگەڵ گەلی کورددا بنوێنێت.
لە پانزە ساڵی ڕابردوودا هێزە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بەشدارییەکی بەرچاویان لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکەدا کردووە، لەوانە هەوڵە سەرەکییەکان لە شەڕی دژی تیرۆردا. بە سەرکردایەتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)، ئەم هێزە کوردییانە ڕۆڵێکی بنەڕەتییان لە هەڵوەشاندنەوەی داعشدا هەبوو کە یەکێکە لە گەورەترین و مەترسیدارترین ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی جیهان. ڕاستەوخۆ بەشدارییان کرد لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی تیرۆر لە ئەوروپا و ئەمریکا و دەرەوەی وڵات و هەروەها ڕزگارکردنی کوردانی ئێزیدی لە دیلێتی داعش.
بەڵام پێشهاتەکانی ئەم دواییە دانیشتوانی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان خستۆتە ژێر مەترسییەکی گەورەوە. لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، هێزە ئیسلامییەکان کە گوایە زلهێزە گەورەکانی جیهانی پاڵپشتییان دەکرد، ڕژێمی ئەسەدیان ڕووخاند. ئەم هێزانە کە هەندێکیان پێشینەی پەیوەندی تیرۆریستییان هەیە و لە هەوڵەکانیان بۆ پاکتاوکردنی دانیشتوانی کورد لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی کراون، ئێستا خەریکی کردەوەی توندوتیژی دژ بە ناوچە کوردنشینەکانن. ئەم هێرشانە لەوانە، هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی تورکیا، بووەتە هۆی شەهیدبوونی سەدان هاوڵاتی مەدەنی کورد.
ئێمەی گەلی کورد کە بەردەوام وەک هاوپەیمانی بەها دیموکراسیەکانی ئەوروپا و ئەمریکا وەستاوین، بە قووڵی نیگەرانین لە پەرەسەندنی دۆخەکە. داوای پشتیوانیتان لێدەکەین بۆ پاراستنی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا و دەستەبەرکردنی مانەوە و کەرامەت و مافەکانیان. بۆیە بە ڕێزەوە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین ئەم کارانەی خوارەوە ئەنجام بدەن:
١. دیاریکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) وەک ناوچەی پارێزراو و جێبەجێکردنی ناوچەی قەدەغەی فڕین بۆ ڕێگری لە هێرشی ئاسمانی زیاتر.
٢. هەنگاوی خێرا بنێن بۆ ئەوەی تورکیا و هێزە نیابەتییەکانی هێرش نەکەنە سەر ناوچەکانی ژێر دەستی کورد.
٣. دڵنیابوون لەوەی گەلی کورد لە پرۆسەی سیاسی داهاتووی سوریادا جێگیر بکرێت، لەگەڵ ڕۆڵی ڕاستەقینە لە داڕشتنی حوکمڕانی داهاتووی وڵات و دەستەبەرکردنی مافەکانی.
ئەمه تەنیا پرسێکی مرۆیی نییه، بەڵکو پرسی بەهاکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئاشتەواییه . داواتان لێدەکەین هەنگاوی خێرا و یەکلاکەرەوە بگرنەبەر بۆ ڕێگری لە ئازاری زیاتر و پاراستنی گەلی کورد لە جینۆساید.
ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
12/12/2024