لە ڕاگەیاندراوێکدا دامەزراندنی پلاتفۆرمی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێران ڕاگەیاندرا. رێکخراوەکانی ڕێکخراوی جیهانی کورد، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، -ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا، کوردستان تریبۆناڵ، -ناوەندی پەیامنێرانی مافی مرۆڤی کوردستان و ناوەندی مافی مرۆڤی زاگرۆس ئەندامانی پێکهێنەری ئەو پلاتفۆرمەن. بە پێی ڕاگەیاندراوی پلاتفۆرمەکە ئەم ڕێکخراوانە هەموو توانای خۆیان وەگەڕ دەخەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی پلاتفۆرمەکە، کە بریتین لە :
١. ئاسانکاری لە پەیوەندی و هاوکاریی نێوان ڕێکخراوە چالاکەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ بە مەبەستی پێشخستنی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێراندا.
٢. لەقاودانی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و چوونە هانای قوربانیانی پێشێلکارییەکان.
٣. گەیاندنی ڕاپۆرت و بەڵگەنامەی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ بۆ ناوەندە جیهانییەکان و دادگا نێۆدەوڵەتییەکان.
٤. ڕاکێشانی پشتگری بۆ چارەسەریی دۆزی کورد لە ئێراندا.
لە ڕاگەیاندراوی پلاتفۆرمەکەدا، پلاتفۆرمی ڕێکخراوە مەدەنییەکان داوای هاوکاری و پشتگری لە هەموو چالاکوان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ لەقاودانی پێشێلکاری و پاراستنی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێران دەکات.
هەروەها داوا لە قۆربانیانی پێشێلکارییەکان دەکات بە گەیاندنی بەڵگەو شایەتیدان، هاوکار بن بۆ گرتنە بەری ڕێوشوێنی پێویست دژ بە تاوان و تاوانکاران.