ناوەندی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان: تیرۆری دکتۆر قاسملوو تراومایەکی نەتەوەییە

نوسراو لە بەرواری 2024 , July 13
0 0

 ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بۆنەی ٣٥مین ساڵڤەگەری تیرۆری دکتۆر قاسملوو و هاورێیانی بەیانیەیەک بڵاو دەکاتەوە. لەو ڕاگەیاندراوەدا ناوەند وێرای ئاماژە بە تیرۆری دکتۆر قاسملوو لە کاتی گفتگۆ لە گەل دیپلۆمات تیرۆریستەکانی رژێمی ئێران، ئەو تیرۆرە بە تراومایەکی نەتەوەیی دەزانێت، کە ئازارەکانی ئەو تراومایە تا ئەمرۆش لە ناو خەڵکی کورد دا درێژەی هەیە. ناوەند لە ڕاگەیاندراوی خۆیدا داوا لە حیزبەکانی ڕؤژهەڵاتی کوردستان دەکات لە چوارچێوەی پلاتفۆرمی هاوبەش خەباتی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان پێشڤە ببەن.

دەقی ڕاگەیاندراوی ناوەند بە شێوەی خوارەوەیە:

 

 

 خەڵکی تێکۆشەری کوردستان، رێکخراوە مافخوازەکانی دنیا

 

بە پەژارەیەکی زۆرەوە پێدەنێنە یادی ٣٥ ساڵەی کارەساتی "وییەن" کە تێدا نەتەوەکەمان و بە تایبەتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بووە قوربانی دەستی تێرۆر. لەم کارەساتە خەمبارەدا رێبەری توانامەندی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران و یەکێک لە سەرکردە سیاسییەکانی مێژویی کورد دوکتور عەبدورەحمان قاسملو و هاورێکانی لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تیرۆرکران. ئەوە لە کاتێک دابوو، کە نوێنەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتیخوازانەی پرسی کورد لە رۆژهەلاتی کوردستان بە دڵیکی پاک و بە ئیرادەی چارەسەری یەکجاری لە ڕێگای وتوویژوە سەفەری ئوتریشیان کردبوو بۆ ئەوەی لە گەڵ بە ناو نوێنەرانی وتووێژکاری کۆماری ئیسلامی دانوستان بکەن. بەڵام بە پێچەوانەی هەموو عورفیکی مرۆڤایەتی مەیدانی وتووێژی ئاشتیخوازانەیان بە خۆێنی کوردانی دڵپاک سوورکرد و لاپەڕێکی دیکەی ڕەشیان بە مێژووی خۆیانەوە زیاد کردەوە.

ئەم کارەساتە تێرۆریستییە نەک تەنیا سەرمایەکی گەورەی سیاسی و نەتەوەیی لە بزوتنەوەی کوردستان ئەستاند و بوو بە هۆی خەساریکی قەرەبۆنەکراو و لە هەمان کاتدا دیسان دژەمرۆڤبوونی کۆماری ئیسلامی ئێرانی سەلماند، و بوو بە هوی تراومای پڕ لە ئازاری مرۆیی و تراژدی بۆ نەوەکانی دوای خۆی. ئازارەکان و خەساری ئەم کارەساتە بۆ میللەتی کورد و بزوتنەوەکەی هەر بەردەوامە. لە لایەک زۆربەی خەڵکی کورد پرسیار دەکەن چۆن دەبێ کە رێبەرانی کارامەی ئێمە ئاوا ئاسان لە داوی دوژمن بکەون و لە کارەساتەکانی ڕابردوو وانەیان وەرنەگرتبێت و لە لایەکی دیکەدا خوێنی رێبەرانی کورد فیدای سات و سەودای دەوڵەتی ئوتریش و کۆماری ئیسلامی ئێران ببێت، و هەروەها وەزاڕەتی دادی ئوتریش لە ژێر تەوژمی سیاسی نەیتوانی ئەرکی دادپەروەرانەی خۆێ بەجێبگەێنیت و تا ئێستاش نەتواندراوە کۆماری ئیسلامی ئێران بە هۆی ئەو هەموو تیرۆر و کوشتارانە لە رێگای دادگایەکی نێونەتەوەییەوە مەحکووم بکرێت و داوای بکوژانی وییەن بکرێت و سزابدرێن.

بە خۆشحاڵییەوە دەبێ بڵەین کە لە گەڵ هەمووی ئەو گوشار و چەوساندنەوە و بەرێوەبردنی سیاسەتی ئاپارتایتی سیستماتیک دژی گەلی کورد، رژێمی کۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە گەلەکەمان بە چۆکدا بێنێت. جووڵانەوەی ژینا کە خەڵک یەکدەنگ هاواری "ژن، ژیان، ئازدی"یان دەکرد نیشاندری ئاگامەندی و زیندویی خەڵکی کوردستانە. خەڵک داوای یەکگرتووی حیزبە سیاسییەکان دەکات بۆ ئەوەی مەیدانیکی پان وبەرێنی خەبات بە دژی کوماری ئیسلامی بکەنەوە.

ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەو بڕاوایە دایە کە کەیسی "وییەن" لە پلەی یەکەمدا ستاتۆی کەیسێکی ماف و حقوقی هەیە و لە پلەی دووەمدا بووە بە کەیسێکی سیاسی. لە گەڵ ئەوەی کە حکومەتی ئوتریش بانگەشەی ئەوە دەکا کە بکوژان لە دادگای غیابیدا مەحکوم کراون و دەستبەسەرکردنیان لە فەرمانی ئینتەرپۆل دایە، بەڵام ئەو حوکمە لە لایەن دەزگای دادی ئوتریشەوە ڕانەگەینراوە. هەروەها ئیسکۆرت و ڕەوانەکردنەوەی بکوژان و پشتگیری لە دادگا بۆ ڕاگرتنی بکوژان تا تۆمەتەکە پشتڕاست دەکرێتەوە، دەکەوێتە سەر شانی حکومەتی ئوتریش.  ئێمە وەک ناوەندی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو هەڵسوکەوتەی حکومەتی ئوتریش بە ستەمێکی مەزن لە بزوتنەوەی نەتەوەیی ڕزگاریخوازی کورد دەزانین و پاڵپشتی لە هەرهەوڵێکی نیوخۆی و نێونەتەوەیی دەکەین بۆ وەگەرخستنی کەیسی کارەساتی وییەن.

سەرشۆری و نەمان بۆ کۆماری تیرۆریستی ئیسلامی ئێران.

 

کۆمیسیونی دیپلۆماسی و پەیوەندییەکان

ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

 ١٣ژولای ٢٠٢٤

 

بۆچونی نوێ