ڕۆژاوای کوردستان، دەرفەت و مەترسییەکان

نوسەر: ئەحمەد عەزیزی
نوسراو لە بەرواری
0 0
11:01 2025 , January 19

بە دوای راکردنی بەشار ئەسەد لە سورییەو ئازاد بوونی دیمشق لە لایەن هەیئەت ئەلتحریر شام و گروپە توندرەوە ئیسلامییەکانی دیکە هەلومەرجێکی تایبەت سەبارەت بە سیستمی دەسەڵاتی سیاسی نوێ و ماڤ و بەشداری پێکهاتەکانی کۆمەڵگای سورییە بەتایبەت چارەنوسی کوردەکان لەم دەسەڵاتەدا هاتۆتە ئاراوە. ئالوزیەکی تێکەلی سیاسی هەیە کە پێشبینیکردنی وردەکارییەکانی ئاستەمە. بە شێوەیەکی گشتی ئاسۆیەکی روون نابینری بە تایبەت بۆ مافی گەلی کورد لە ڕۆژئاوا. کورد نەتەوەی دووهەمە لە دوای عەرەبەکان لە سورییەدا.  کورد تێروانینی جیاوازی سیاسی، دیموکراسی و ماڤی مرۆڤی هەیە بۆ پرسی مافی گەلان و ئەو سیستمە سیاسیەی کە گروپەکان لە هەوڵی نوسینیدان. کورد روانگەی جیاوازی لە گەڵ روانگەی ئەو گروپە توندرەوە ئیسلامیانەدا هەیە کە ئێستا لەهەوڵ دان بە پێی بۆچونی خۆیان نەخشەرێگا بۆ دوا ڕوژی سیاسی خەڵکی سورییە دیاری بکەن. لە گەڵ هەموو ئەم کۆسپ و مەترسیانەی لە سەر ڕێگای مافی کورد لە ڕۆژئاوان کورد کۆمەڵێک لە ئیمکان و کارتی گرنگی بە دەستەوەیە کە ئەگەر بتوانێ هوشمەندانە و لە کاتی خۆییدا کەڵکیان لێوەربگرێ.

 سرنجی سەرەکی ئەم نوسینە لە سەر روونکردنەوەیە سەبارەت بە مەترسییەکان و ئیمکانەکان بۆ کورد لەم قۆناخە هەستیارەی ئێستادا.

 مەترسییەکان

 کوردی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ گەیشتن بە داخوازیەکانی لە ئاڵوگۆری دەسەڵاتی سیاسی لە سورییەدا لە گەڵ چەند مەترسی و کۆسپی گەورە رووبەرووە. یەکەم کۆسپ و مەترسی بۆ ڕۆژئاوا تورکییەیە. تورکییە قورسایی هەوڵە سیاسی و سەربازیەکانی ئێستای خۆی خستۆتەگەر لە دژی ڕۆژئاوا. ئەوە چەند حەوتووە تورکییە بە شێوازو چەکی جۆر بە جۆری سەربازیەوە هێرشی کردۆتە سەر شارو گوندەکانی ژێر دەسەڵاتی سیستمی ئیدارەی خۆسەری لە ڕۆژئاوا. مەبەستی تورکییە روونە. تورکییە دەزانێ کە کوردەکان دەرفەتیان هەبێ دەبنە خاوەن دەسەلاتی نەتەوەیی خۆیان لە کوردستان دا. دەسەڵاتی کوردی لە ڕۆژئاوا  کارتێکەری لە سەر باکوری کوردستان و بەشەکانی دیکەی کوردستان دادەنێ کە ئەمەش ئارەزووەکانی ئەردوغان تێکدەدا بۆ درێژەدان بە پانتورکییسم لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و مەزنخوازی پێکهێنانی سەرلە نوێی خەلافەتی عوسمانی بە داگیرکردنی ڕۆژئاوا لە سورییەو گرێدانەوەی وڵایەتەکانی موسل و کەرکوک لە باشوور بە تورکییەوە. تورکییە جگە لە هێرشیی درندانەی نیزامی بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەهەر شێوەیەک بۆی بکرێ دژ بە هەر جۆرە رێکەوتنێک لە نێوان هەسەدە و هەیئەت ئەلتحریر شام بەسەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع لە دیمشق دەوەستێ کە سودی بۆ کورد هەبێ.

مەترسییەکی دیکە لە سەر کوردی ڕۆژئاوا ئەو روانگە دواکەوتووانە و دوژمنکارانەی ئەو گروپە چەکدارانەیە کە هەرئێستا بە چڕی خەریکی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نوێی ناوەندگەرای ئیسلامیین لە سورییەدا. بەشێکی زۆر لەم گروپانە پاشماوەی داعش وگروپەتوندرەوەکانی ئیسلامی سەلەفین. بەشی هەرە زۆریان راستەوخۆ کرێگرتەی تورکییەن کە بە نیابەتی بۆ تورکییە شەری دژ بە کورد دەکەن و یارمەتیدەری بەرێوەچوونی ئەو ستراتیژیەن کە تورکییە نیسبەت بە ڕۆژئاوا لە سورییە بەرێوەی دەبات. لیدوانەکانی سەرۆکی هەیئەت ئەلتحریر شام ئەحمەد شەرع و ناوەرٶکی دانوساندنی لە گەڵ هەسەدە جێگەی هیوا نیین بۆ چارەسەری پرسی کورد لە ڕۆژئاوا لەم قۆناغەدا. ناوەرۆکی ئەو شتانەی کە ئەحمەد شەرع  بە ژستێکی لیبڕاڵانەوە باسیان دەکا شتی گشتیین و ناراستەوخۆ دەلالەت لە هەڵوەشانەوەی سیستمی خۆبەرێوەبەری ڕۆژئاوا و چەکدانانی شەڕوانانی هەسەدە دەکەن. یەکێکیتڕ لە مەترسی بۆ لایەنی کورد دەنگۆی ناکۆکی نێوخۆی کوردە.  ئەو گروپانەی جیاوازی بۆچونی سیاسییان هەیە لە گەڵ یەپەگە و  لە دەرەوەی هەسەدەن گلەیی و گازەندەی ئەوە دەکەن کە ئەم رێکخراو و گروپانەی کە بیرورای جیاوازیان لە گەڵ یەپەگە دا هەیە لە پرۆسەی بەرخۆدان و دانوساندن لە گەڵ دیمشق لە پەراویز داندراوون. ئێمە هەموومان دەزانین کە دۆزی ئێستای کوردی ڕۆژئاوای کوردستان زۆر هەستیارە. هەموومان دەزانین کە ناکۆکی و ناتەبایی نێوخۆیی کورد هۆکاری سەرەکی بووە لەوە کە کورد زۆر جار ئیمکانی باشی لە مێژوی خەباتی رزگاریخوازی نەتەوەیی خۆییدا بۆ هەڵکەوتووە بەڵام لە بەر ناکۆکی نێوخۆیی لە دەستی داوە. دۆستان و دوژمنانی کورد لەم خاڵە لاوازەی کورد ئاگادارن. کورد بەردەوام کێشەی نێوخۆیی هەیە. هەروەها کورد لە شەری چەکداری و شەری شاخ ئازاو بوێرە بەڵام لە دەوری مێزی دانوساندن و دیپلۆماسی و سیاسی لاوازە. دوژمنانی کورد زۆر بە سانایی دەتوانن کێشەی نیوخۆیی کورد توندتر بکەن و بە سودی خۆیان کەڵکی لێوەربگرن. زۆر گرینگە کە هەسەدە بتوانێ ئەم کێشەیە بە شێوەیەکی عاقڵمەند لە پێناو بەرژەوەندی گشتی کورددا چارەسەر بکات. لە هەمان کاتدا زۆر گرینگە ئەو گروپانەی کێشەیان هەیە لە گەڵ هەسەدا بە لە بەرچاوگرتنی هەستیاریی دوخی ئێستا هەڵوێستێک لە خۆ نیشان نەدەن کە ببێتە هۆکاری تەشەنەکردنی ناکۆکی  و کارتێکەری نەرینی لە سەر ڕۆلی هەسەدە و هەموو پرۆسەی هەوڵەکانی کورد لە ڕۆژئاوا.

دەرفەتەکان

ئیمکانێکی هەرە مەزن بۆ پرسی کورد ڕەوابوونی پرسەکەیەتی. یەکێک لە دەرئەنجامە ئەرێنیەکانی ئاڵوگۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ئاوڕدانەوە لە چارەنوسی مافی نەتەوەیی ئەتنیکی، ئاینی و پێکهاتەکانی دیکەیە کە بە دەیان ساڵە بە زۆرەمڵی مافییان لێزەوت کراوە و  لە پەراوێزی دەسەڵاتی سیاسی دا بوون. یەک لەو نەتەوانە، کوردە کە لە راستیدا گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە کە بۆ ماوەی زێدەتر لە سەد ساڵە بە زۆرەملی ڕاکێشی بندەستی نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکە تورک، فارس و عەرەب کراوون. کورد لەم ماوەدا بەردەوام لە ژێر داپلۆسینی رژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان دا بووەو بەردەوام کوشتاری لێکراوە، لە زێدو ماڵی خۆی دەرکراوە، هەوڵی ژینوسایدی نەتەوەیی و کۆلۆنییزەبوونی نیشتمانەکەی لە سەر بووە. هۆکاری ئەم بێدەوڵەتییەش لە پلەی یەکەم دا دەگەرێتەوە بۆ ئەو غەدرە گەورەی کە زلهێزەکان و دەسەلارتدارانی زاڵ و داگیرکەر بە سەر کوردستاندا سەدوپێنج ساڵ بەر لە ئێستا لە کوردیان کرد. لە پاش لێکهەڵوەشانی ئیمپراتۆری عوسمانی لە کۆتایی شەری یەکەمی جیهانی دا لە پەیماننامەی سێڤر( ١٩١٩) لە نێوان زلهێزەکانی لە شەردا سەرکەوتوو بوون ئاماژە بە پێویستی بە بوونی دەوڵەتی کوردی بۆ کوردان لە ناوچەکەدا کرا. بەڵام لە ژێر گوشاری پاشماوەی عوسمانییەکان بە تایبەت تورک توندرەوە ناسیونالیستەکانی پانتورکیسم ئەم پەیماننامەیان هەڵوەشاندەوەو زلهێزەکان بە تایبەت بەریتانیەی گەورەی ئەو کات و فرانسە  بە بێ پرس بە کورد پەیماننامەیەکی نوێیان بە ناوی پەیماننامەی لۆزان(١٩٢٣) نوسی کە لەودا باس لە دەوڵەتبوونی کوردییان کە لەپەیماننامە پێشودا هەبوو سرییەوە. هەر بە دوای ئەم غەدرەی لە کورد کرا کوردەکان بەردەوام بوون لە خەبات وبەرخۆدانی لە هەموو بەشەکانی کوردستان رێگایان نەدا ئامانجی داگیرکەرانی کوردستان سەربگرێ و کورد بتوێننەوە لە نێو دەوڵەتە ناسیونالیستەکانی عەرەب، تورک و فارس دا. ئەم خەباتو بەرخۆدانە سەد ساڵە بە بەهای سەدان کارەسات، تراژیدی، ئاوارەو مالوێرانی و گیان لە دەستتدانی سەدان هەزار کورد هەتا ئێستا تەواو بووە. کوردێک کە ئەم مێژووە پڕ لە ئازارەی هەیە، خاوەن زمانی خۆیەتی، لە سەر خاک و زێدی خۆی کوردستان دەژی و لە هەموو ئەوانەش گرینگتر خاوەن سەد ساڵ خەبات بۆ ڕزگاری لە ژیردەستیی و گەیشتن بە سەربەخۆیییە. ئەمە ئیمکان و فاکتایەکی بەرچاوە کە کورد لە ئێستادا دەتوانێ بۆ راکێشانی سرنج و پشتیوانی وڵاتانی ڕوژئاوا و لە دانوساندنەکانی کورد لە گەڵ دیمشق کەڵکی لێوەرگرێ.

ئیمکانێکی دیکەی کورد لە ڕۆژئاوا پێکهێنانی پێگەو ستاتۆیەکی باشی بەرێوبەەری دەسەڵاتی کوردییە کە کوردی ڕۆژئاوا لە ساڵآنی رابردوودا بۆ خٶی بنیاتی ناوە. لە لایەک توانیویەتی دەسەڵاتێکی خۆسەری-خۆبەرێوەبەری دامەزرێنێ و لە لایەنی سەربازیشەوە هێزێکی توانامەندی سەربازی گریلا و میلیشیایەکی گەلی پێکبهێنێ. ئەو دەسەڵاتە گەلییە لە ڕۆژئاوا ئیمکانێکی مەزن و کارتێکی بەهێزە بۆ وادارکردنی دەسەڵاتی ناوەند لە دانوساندن و مامەڵەی لە تەک هەسەدەدا.  لە روانگەیەکی دیکەوە ئیدارەی خۆسەری لە ڕۆژئاوا بە هەموو کەماییەسیەکانیەوە لە سەر مەبنای پرینسیپەکانی دیموکراتیک، سیکولار و رێزگرتن لە مافی کەمینەکانی ناو جوگرافیای ئەم دەسەڵاتە پێکهاتووە. ئەگەرچی ئەم سیستمە ئیداریە کەمایەسی زۆرە یەک لەوان وەک پێشتریش ئاماژەم پێکرد لە خۆنەگرتنی ئەو گروپە لە رێکخراوی کوردیە لە هەسەدا کە رای جیاوازیان لە ئاست ئیدارەی خۆسەری هەیە.

کارتێکی دیکەی کە کورد لە رۆژئاوای کوردستان دەتوانێ بەکاری بهێنێ ئەو ڕۆڵە گرینگەیە کە کوردەکان لەسەرکەوتن بە سەر داعش لە عێراق و سورییەدا لە سالەکانی ٢٠١٤ بەدواوە گێڕاویەتی. ئێستاش کورد لە ڕۆژئاوا باری قورسی چەندین هەزار دیلی داعش و ژن و مندالێان کە زۆربەیان شاروەندی ووڵاتانی دیکەن لە سەرشانە. ئەرکێک کە دەبوایە بەر لە هەر وڵاتێکی دیکە وڵاتانی هاوپەیمان لە شەری دژ بە داعشدا لە عۆدەیان بگرتایە. لەم پێوەندیەدا ئەمریکاو وڵاتانی ڕۆژئاوای ئوروپا، بە گشتی دنیای دیموکرات و پارێزەری مافی مرۆڤ بە کوردی ڕۆژئاوا قەرزدارن. ئەم قەرزە کارتێکە کە کورد دەتوانێ کەڵکی لێوەربگرێ.   

ئێستا تاقیکارییەکی گرینگی میژویی لە بەر دەم دەولەتانی  زلهیز لە ناوچەکەو هێزەکانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستانە. پێویستە هەموو هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسیەکانی کورد بخرێتە گەر بۆ ئەوەی کورد جارێکی دیکەش رەنج بە خەسار نەبێ و ئەو ئیمکانەی هاتۆتاتە ئاراوە لە دەستی نەدا. هاودەنگی وپاڵپشتی  هەموو بەشەکانی دیکەی کودستان بە تایبەت باشوری کوردستان لە گەڵ ڕۆژئاوا زۆر گرینگە.

ئەمریکا ودۆستانی هاوپەیمانی لە ڕۆژئاوا بەرژەوندیان لە بوونی دەسەڵاتێکی دیموکراتیک، سیکۆلەر و پێشکەوتنخواز لە ناوچەکدا هەیە. پشتگیری لە کورد لە لایەن هاوپەیمانان لە شەری دژ بە داعش و ئیدعای ئیسرائیل بۆ پشتگیری کورد بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخٶ جێگای تێڕامان و ووردبوونەوەیەکی زۆرە. بەڵام لە بیرمان نەچێ هەتا ئێستا زۆر لەم چەشنە بەڵێنانە لە لایەن دۆستانی کوردەوە بە کورد دراوە بەڵام دەرئەنجامێکی دڵخوازی بۆ کورد لێنەکەوتۆتەوە. بۆیە گرینگە ئیمەی کورد چیتر بە تەنیا بەلێن بۆ دووارۆژ بروا نەکەین. ئێستا کاتی ئەوەیە دۆستانی کورد بە کردەوە هەنگاو بنێن بۆ بەجێگەیاندنی ئەو بەڵینانەی هەتا ئێستا بە کوردیان لە ڕۆژئاوای کوردستان داوە. دوارٶژی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست ناروونە و نازاندرێ بەرەو کوێ دەروا.  مەترسی ئالۆزی زێدەترلە ناوچەکە بەحزوری بەرچاوی گروپەجیهادی و توندرەوەکانی ئیسلامی لە دەسەڵات دا هەرەشەی جیددین لە سەر رێگای سەقامگیری ئاسایش و پێشکەوتنی دێموکراتیخوازانە لە ناوچەکەدا.

چۆنییەتی مامەلەکردن و ئاکامی ئەو ئاڵوگۆرە سیاسییەیانەی لەمڕۆژانەدا لە ڕۆژئاوا لە ئارادان کارتێکەری لە سەر پرسی نەتەوەیی کورد لەهەموو بەشەکانی کوردستان لە ئێستا وداهاتوودا دەبێ.  کورد کارتی زۆری هەیە ئەگەر بتوانێ ژیرانە و لە کاتی خۆییدا کەڵکییان لێوەرگرێ دەتوانێ پرسی کورد سالانێکی زۆر پێش بخات.

ئەمریکا و ئەو وڵاتانەی بەرژەوەندیان لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست دا هەیە نابێ رێگە بدەن بە ئەو گروپە توندرەوە ئیسلامییانەی بروایان بە پرینسیپەکانی دیموکراسی و دابینکردنی مافی کوردو نەتەوەکانی غەیرە عەرەب نییە دەوڵەتێکی توندرەوی ئیدسلامی دامەزرێنن. دەوڵەتێک کە نە لە بەرژەوەندی ئەمریکا و وڵاتانی هاوپەیمانە و نە لەبەرژەوەندی کورد و ئاسایشی ناوچەکەیە.

ئەگەر کورد بە فەرمی خاوەنی ئەو دەزگا خۆبەرێوەبەرییە و هیزی گریللا و سەربازی خۆی بێ وەک هەنگاوی یەکەم سەرکەوتنێکی باشی لەم قۆناخەدا بەدەست هێناوە. هەر بریارێک سەبارەت بە مافی کورد لە ڕۆژئاوا دەدرێ پێویستە بە رێککەوتن لە گەڵ کورد بێ و گارانتی نێونەتەوەیی بۆ مسوەگەری لە جێبەجێکردنیدا هەبێ. لە بیرمان نەچێ دیموکراسی باوی زۆرینە و کەمینە مافی نەتەوەیی کورد و غەیرە عەرەب دابین ناکات، بەلکوو دیموکراسی لە وڵاتێکی فرەنەتەوەیی وەک سورییە دا پێویستە هەنگاوی یەکەم رێکەوتن و بە فەرمی ناساندنی مافی چارە نوس بۆ گشت پیکهاتەکان بێ لە نێو سورییەدا. کاکلەی دیموکراسی خەڵکە. خەڵک لە وڵاتی فرەنەتەوە لە گەڵ خەڵک لە وڵاتێکی تەکنەتەوە دا جیاوازە.

ئەزمونی ئەم ڕۆژانەی دۆزی کورد لە ڕۆژئاوا پێمان دەڵێ کە چەندە جێگای ناوەندێکی نەتەوەیی بۆ کورد خاڵییە. ئەم ناوەندە لانیکەم دەیتوانی لە یەک کات و سات دا خەڵک لە هەر چوار بەشی کوردستان و لە دیاسپۆرا بهێنێتە سەرشەقام لە دژی هێرشی ئێستای ئەردوغان بۆ سەر ڕۆژئاوا.  ئەم ئارایشی جەماوەییە کە شێوازێکی نوێی خەباتی جماوەرییە لە سەر شەقامە دەیتوانی وزە و توانایی زۆر بە ڕۆژئاوا بدات و سرنجی بیرورای گشتی بۆ لای پرسی کورد زیاتر راکێشێ. نەبوونی ئەم چەشنە لە رێکخراو لە ئاستی نەتەوەیی دا دەڵالەت لە لاوازی ناسیونالیزمی کورد دەکات. ڕۆژئاوای کوردستان پێویستی بە ستراتیژیەکی روونە بۆ ئەم قۆناخە. ئەوەی ئێستا سەبارەت بە کورد لە ڕۆژئاوا لەئارادایە دەتوانی پێویستی بە پرۆسەیەکی تایبەت بە خۆیی و درێژخایەنی چەندین ساڵە بێ لە سورییەدا.

 

* نووسەر ئەندامی دامەزرێنەر و ئەندامی جڤاتی گشتی ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و توێژەری دێموکراسی و جێبەجێ کردنی لە ناو دەزگا دەوڵەتتەکاندایە.

بۆچونی نوێ