لە فێرگە لە گەڵ هەندێک لە خوێندکارەکانم کە خەڵکی سووریا بوون قسەم دەکرد و بۆچوونی ئەوانم پرسی لە سەر ئەحمەد شەرع (جۆلانی). خانمێکی باڵاپۆش کە بەتەواوی خۆی پۆشابوو هاتە دەنگ، وتی جۆلانی گورگێکە لە پێستی مەڕ دا. ئەو داعشە. کاتێک لە حوموس حاکم بوو، هەموو جارێ لە مزگەوتەکەیەوە بانگی خەلک دەکرد بۆ بەزۆری باڵاپۆش کردنی ژنان و تەنانەت ژنانی مەسیحیشی ناچار دەکرد بۆ ڕەچاوکردنی حیجاب.
بە قسەی ئەو ژنە، کە بۆخۆی زۆر موسوڵمانە و تەنانەی یەک تاقانە مووشی دیار نیە، جۆلانی لە داعشەوە هاتووە و هەڵگری بیروباوەڕی داعشە بەڵام بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی تاڵبان و بە رێنوێنی ئەردۆغان، تا مسۆگەر کردنی دەسەڵاتی دەیهەوێ ڕوویەکی نەرم لە خۆی نیشان بدات. بۆ ئەوەی کە بتوانێت بە ئامانجی خۆی بگات، لە ئێستاوە بەرلەوەی کە گفتگۆکان بۆ نووسین و داڕشتنی دستووری وڵات دەست پێبکات، ئەو داوای کردووە هەموو هێزەکان چەکی خۆیان ڕادەستی "دەوڵەت" واتە "تحریر شام" بکەن. جۆلانی و رێکخراوەکەی بۆمبی ساعەتین، کە چاوەرێی کاتی گونجاون بۆ تەقینەوە و فەرمانی ئەو تەقینەوەیەش لە دەستی ئەردۆغان دایە.