ماوەیەکە هەواڵەکانی پەیوەست بە چالاکییەکانی رژێمی ئێران سەبارەت بە بۆمبی ئەتۆمی و وتووێژەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چوونەتە پەراوێزەوە. ئایا ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی پاشەکشەی کردووە لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی بۆمبی ئەتۆمی یان گۆڕانکاری لەم پرسەدا ڕوویداوە؟
بیرۆکەی "پاشەکشەکردنی ڕژێمی ئایینی ئێران لە چەکی ئەتۆمی" لە تراویلکە بەدەر نییە. چونکە ئەم دەسەڵاتە، هەر لە سەرەتاوە هەوڵی داوە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و چارەنووسی گەلانی جیهان بەم شێوەیە بە بارمتە بگرێت و لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە!
هێزی دژبەر بەرامبەر بە دیکتاتۆرییەت لە ئێران!
پڕۆژە ئەتۆمییەکانی ئەم رژێمە بۆ یەکەمجار لە لایەن موقاومەتی ئێرانەوە ئاشکرا کرا. چونکە رژێم بە نیاز بوو بە "نهێنی" پڕۆژەکە تەواو بکات و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بخاتە بەردەم "کاری ئەنجامدراو"ەوە. بەڵام موقاومەتی ئێران پێشکەوت و پرۆژەکەی ئاشکرای کرد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی هێنایە سەر خەت بۆ ئەوەی بەرەنگاری پرۆژە ترسناکەی رژێم ببنەوە. هەربۆیە ڕژێمی مەزهەبیی ئێران لەم هەنگاوەی موقاومەتی ئێران تووڕەتر بوو!
هاوکات لەگەڵ تووڕەبوونی دیکتاتۆریی ئایینی لەم هەنگاوە ئاشکراکردنەی موقاومەتی ئێران، هەموومان شاهیدی دەستێوەردانەکانی ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی لە وڵاتانی جیهان و بە تایبەتی لە وڵاتانی ناوچەکە بووین.
لێرەشدا هەر موقاومەتی ئێران بوو کە ڕایگەیاند: "دەستێوەردانی ڕژێمی ئێران لە کاروباری ناوخۆی وڵاتانی ناوچەکە، سەد هێندەی بۆمبی ئەتۆمی مەترسیدارترە!" کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێی وابوو بە وەستانەوە لە دژی پڕۆژە ئەتۆمییەکانی رژێمی ئێران و بە تایبەتی بە پێدانی باج بەم رژێمە، دەتوانێت پێش بە بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی رژێمی ئێران بگرێت. بەڵام ئەم ستراتیژەیش بە "تراویلکە" دەرچوو.
سەری رەشەمارە شەڕانگێزەکە لە تارانە!
ئەوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت، بەرهەمی ڕاستەوخۆی سیاسەت و ستراتیژی شەڕخوازانەی ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی ئاخوندییە کە نەک هەر ناوچەکەی ئاگر تێبەرداوە، بەڵکو هەڕەشەی لەناوبردنیشی دەکات. ئەوانەی تا ڕادەیەک واقیعبین و دادپەروەرن، شایەدی لەسەر ئەم فۆرمولەی موقاومەتی ئێران دەدەن کە "سەری رەشەماری شەڕانگێزی و ئاژاوەگێڕی و بناژۆخوازی ئیسلامی لە تارانە!"
دۆخی ناوچەکە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە سوریا، عێراق، یەمەن، ئێستاش ئەوەی لە لوبنان ڕوودەدات، بەرهەمی راستەوخۆی بیرۆکەی "ویلایەتی فەقیهی"یە کە لە ساڵی ١٩٧٩وە حوکمی ئێران دەکات و هەوڵیداوە بۆ فراوانکردنی تا لانیکەم دەست بەو بەشە جیهاندا بگرێت!
ئامانجی رژێمی ئێران!
رژیمی دیکتاتۆریی مەزهەبی ئێران، ئەوەی روو لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانی کردبێت یان ئەوەی دەیکات، بۆ لەسەر پێ مانەوەیەتی لە ئێراندا. خەڵکی ئێران هەر لە سەرەتاوە دەسەڵاتێکی لەمجۆرەیان نەویستووە و نایانەوێت. ئەوان دیکتاتۆریی پاشایەتییان رووخاند، بەو هیوایەی ماف و ئازادی و دیموکراسی بێتە دی لەم خاکە دێرینەدا! بەڵام نەک هەر ئەوە ڕووی نەدا، بەڵکو دیکتاتۆرییەتێکی دزێوتر و خوێنڕێژتر هاتە سەر کار، کە بەهەندوەرگرتنی هەستی ئایینی خەڵک و دەستوەردان لە کاروباری وڵاتان و فرەخوازی، لە تایبەتمەندییە دیارەکانیەتی. ئەم ڕژیمە بە هۆی سیاسەت و ستراتیجی هەڵەی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە، هێشتاش حوکمی ئێران دەکات.
شەڕی سەرەکی!
ماوەیەکی زۆرە موقاومەتی ئێران ئەم ئادرێسەی بە دەوڵەتان داوە کە "سەری رەشەماری ویلایەتی فەقیهی لە تارانە". خەڵکی ئێران زۆر جار ڕژاونەتە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی "سەری ئەم رەشەمارە بە بەرد پان بکەنەوە" و لە پێناویدا دەیان هەزار رۆڵەی بەجەرگی خۆیان کردۆتە قوربانی! ئەوەی پێویستە گەلانی ناوچەکە سەرنجی بدەنێ، ئەو ڕاستییەیە کە "شەڕی سەرەکی، بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی ئێرانە بەرانبەر بە دیکتاتۆرییەتی ویلایەتی فەقیهی". لەم ڕوانگەیەوە، هەم پێویستە بە فەرمی دان بە مافی ڕەوای بەرخۆدان بۆ خەڵکی ئێران بنرێت و هاوکارییان بکرێت، هەمیش خۆیان پارێزراو بن لە دەستدرێژیکردن و هێرشی ئەهریمەنێکی لەو شێوەیە. جگە لەمەش هیچ چارەسەرێک نییە و هەرچییەک بێت، هارتربوونی ئەم ئەهریمەنەیە، کە بەبێ ترس بەردەوامە لە تاوانەکانی. تا ئەم شەڕە سەرەکییە یەکلایی نەبێتەوە، مەودای شەڕەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژانە ڕەهەندی فراوانتر بە خۆیەوە دەگرێت. ئەوەی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت دەرکەوتەیەکی ئەم شەڕە سەرەکییەیە.
خەڵک و موقاومەتی ئێران لە تاران لە بۆسە و ئامادەباشیدان بەرانبەر بە "سەری مارەکە" بۆ ئەوەی ئەم دیاردە ترسناکە لە جیهاندا بنەبڕ بکەن. ئەوان داوا لە کۆمەڵگا و دەوڵەتانیتر دەکەن واز بهێنن لە یارمەتیدانی دیکتاتۆرییەتی ئایینی لە ئێران. ئەمە تاکە داواکاری خەڵکی ئێرانە لە دەوڵەتان و تاکە شتێکە داوای دەکەن.
وەڵامی پرسیارەکە!
ئێستا دەگەڕێمەوە سەر ئەو پرسیارەی لە سەرەتای بابەتەکەدا کردوومە. ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی، وەک دیاردەیەکی شێرپەنجەیی وایە کە دزەی کردۆتە ناو جەستەی کۆمەڵگەی جیهانییەوە و نابێ ڕێگە بدرێت بژیت و بمێنێتەوە. تێپەڕبوونی ٤٥ ساڵ بەسەر دەسەڵاتی شووم و تاوان و تاڵان لە ئێران و دەستێوەردانەکانی ئەم رژێمە لە کاروباری وڵاتان بەسە، بۆ ئەوەی ئەم دیاردەیە "بنەبڕ" بکرێت و دان بە مافی ڕەوای خەڵکی ئێراندا بنرێت بۆ لەناوبردنی ئەم رژێمە.
خەڵکی ئێران هەر لە سەرەتای ئەم ڕژێمەوە، بەهرەمەند بوون لە موقاومەتێک کە هەرگیز لە بەرانبەر دیکتاتۆرییەت سەری دانەنەواندووە و ئێستاشی لەگەڵ دابێت، لەسەر ئەم باوەڕەیە کە "ئێران شوێنێک نییە بۆ دیکتاتۆرییەت. شوێنی دیکتاتۆرییەت زبڵدانی مێژووە". موقاومەتێک کە ڕەگ و ڕیشەی لە قوڵایی کۆمەڵگای ئێراندا هەیە و خاوەن دیپلۆماسییەکی سەرکەوتووە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا و نرخێکی زۆریشی بۆ داوە.
جم و جۆڵەکانی ئەم رژێمە لە بواری ئەتۆمیدا، وەک چالاکییەکانیتری، بۆ درێژکردنەوەی تەمەن و مانەوەیەتی لە دەسەڵاتدا. بە هۆی بوونی موقاومەتێکی لەو شێوەیەیە کە ئەم ڕژیمە لە هەموو بوارەکانی ناوخۆ و دەرەوەی ئێراندا تووشی قەیران بووە و جگە لە "نەمان" هیچ ڕێگایەکیتری لەبەردەمدا نەماوە. بۆیە تاکە چارەسەر بۆ کێشەی ئێران "رووخاندنی دیکتاتۆرییەت"ە بە پشتیوانیکردن لە خەڵک و موقاومەتی ئێران!