بە بۆنەی دووەمین ساڵڤەگەری شۆرشی ژینا

نوسەر: ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
نوسراو لە بەرواری
0 0
07:09 2024 , September 16

 دوو ساڵ بە سەر قەتلی حکوومەتی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی شاری سەقزلە رۆژهەڵاتی کوردستان تێپەر دەبێت. شەهید بوونێک کە بوو بە هۆی چەخماخەی شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی. شۆرشێک کە خێرا سنوورەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تێپەراند و سەرانسەری ئێرانی گرتەوە و دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بوو بە دروشمێکی جیهانی.

ئاخێزی ژینا – ژن، ژیان، ئازادی بوو بە خاڵوەرگۆڕانێکی نوێ لە خەباتی نیشتمانی خەڵکی کوردستان دژی داگیرکاری دەوڵەتی ئێران. شۆرشی ژینا، شۆرشی هەموو چین و توێژەکانی ناو کۆمەڵگا بوو. دروشمی ژن، ژیان، ئازادی پێداگری بوو لە سەر سەرەتاییترین مافەکانی ژیانی مرۆڤێکی سەردەم ، واتە "ژیان" و "ئازادی". نەتەوەی کورد بە درێژایی سەدان ساڵە لە ژێر چەپۆکی ستەم و داگیرکاریدا هەموو دەرفەتەکانی ژیانی لێ ئەستێندراوە. رژێمەکانی ئێران بە ئاپارتایدی سیستماتیک لە دەسپێکی دامەزراندنی دەوڵەتی بەناومودێرن لەو وڵاتە، هەوڵیان داوە بە هەمو شێوازێک گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات بسڕێتەوە و لە رێگەی ئاسیمیلەکردن، گەمارۆی ئابووری، فەرمانی جەهادی خومەینی بنچاڵکردن و لە سێدارەدانەوە دەسەڵاتی کۆنەپەرستانە و دژە مرۆڤی خۆیان داسەپێنن.  "ژیان" و "ئازادی" هاوارێکە دژی داگیرکاری و لە پێناو دیاری کردنی مافی چارەنووس و دادپەروەری کۆمەڵایەتی. ژنانی کوردستان چ بە هۆی سیستەمی پیاوسالاری، باوک سالاری و چ بە هۆی سیستەمی ستەمکارانەی دەسەڵاتی ناوەندیی و یاساکانی ستەمکارانەی دژی ژنان، بە درێژایی مێژوو چەوساوەترین بەشی کۆمەڵگا بوون. لە کاتێکدا ژنان قورسترین ئەرکەکانی ناو بنەماڵە و کۆمەلگایان بە ئەستۆ بووە، بەشداری نەدراون لە پرۆسەی بڕیارە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگادا. دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" خوازیاری لە ناو بردنی هەموو جۆرە هەڵاواردن و ستەمێکە دژی ژنان و تاکەکانی ناو کۆمەڵگا.

 

لە ماوەی شۆرشی ژینا – ژن، ژیان، ئازادی دا، سەدان کەس لە خەڵکی کوردستان لەلایەن رژێمی ئێرانەوە شەهید و بریندار یان بنچاڵکراون.  ژمارەی قوربانیانی کوردستان و بەلووچستان، ئەو دوو نەتەوەییەی کە بە توندترین شێوە لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە دەچەوسێنرێنەوە  57٪ لەسەدیی هەموو ئەو ئاخێزە بوون. ئەمە لەکاتێکدایە لە پانتایی جوغرافی سیاسی ئێراندا ئەو نەتەوانە پێكەوە کەمتر لە ١٦٪ی دانیشتوانی ئێران پێک دێنن.

شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی دوای چەندین مانگ بەرهەڵەستبوونەوە و قوربانی دان، بەداخەوە سەرکوت کرا و  جیا لە سەرکوتی بێبەزەیانە و جینایەتکارانەی رژێمی کۆماری ئیسلامی، بەهۆی نەبوونی وتارێکی یەکگرتوو لە نێو بزووتنەوەی کوردستانی و هاوپەیمانیەکی بەهێز لە نێوان نەتەوەکانی دیکە، نەتوانرا بەرەیەکی یەکگرتوو پێک بهێنرێت بۆ ئەوەی ئەو ئاخێزە سەرانسەری و جەماوەریە بگاتە ئامانجەکانی خۆی.

 لە ئاستی کوردستاندا دوای چەند مانگی سەرەتایی شۆرش هێزەکانی کوردستان بەکردەوە رێگاکانیان لە یەکتر جیاکردەوە، لەکاتێکدا یەکگرتوویی و یەک گوتاری پێویستییەکی هەنۆکەیی بوو.  لێکدابڕانەکانی سیاسی وای لێکرد کە دووساڵ دوای شۆرشی ژینا، کەشێکی تەماوی پێوەندییە سیاسیەکانی ناو بزاڤی کوردیدا داگرتووە.

لە دەسپێکی شۆرشی ژن، ژیان، ئازادیدا بۆ ئەوەی کورد ببێتە خاوەنی وتارێکی یەکگرتوو لە بەرێوەبردنی بزاڤەکە، لە پێوەندی لە گەل نەتەوەکانی دیکەی ئێران و هێزە سیاسیەکانی "غەیرە کوردستانێ" و پێوەندییە ناونەتەوەییەکان و رێکخستنی دیاسپۆرا، ناوەندی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵێکی زۆری داوە بۆ پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی هاوبەش لە هێزەکانی سیاسی، کۆمەڵگای مەدەنی و ئێلیتی شارەزا و پسپۆر. ئێمە پێمانوایە خەباتی نەتەوەیی بازنەیەکی ٣٦٠ پلەییە کە پێویستە هەموو پێکهێنەرانی کۆمەڵگا لەو بازنەیەدا هەم جێگەیان هەبێت و هەم ڕۆلیان، چونکە ئەندامانی بازنەکە تەواوکەری یەکترن. بۆ ئەم مەبەستە ئێمە لە گەل هەموو حیزبەکانی کوردستانی دانیشتنی دوو بە دوومان هەبووە و لە دووی ڕێبەندانی ئەمساڵ یەکەم کۆبوونەوەی هاوبەش بە بەشداری نزیک بە تەواوی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەرێوە برد. ئەم گفتگۆیانە بە هۆکارانەی لە سەرەوە ئاماژەیان پێکرا لەلایەک و قەیرانی بڕوا جارێ بە ئاکام نەگەیشتوون ، بەڵام ئێمە شێلگیرین لە درێژەدانی ئەو ئەرکە بۆ گەیشتن بە یەکگرتوویی نەتەوەیی.

ناوەندی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان بە مەبەستی گفتگۆ لە سەر ڕەهەندە جیاوازەکانی ئەزموونی شۆرشی ژینا، ریزە سمینارێک لە پینج پانیلی جیاوازدا پێک دێنێ بە بەشداری کەسانێک کە لەناوخۆدا بەشداری راستەوخۆی شۆرش بوون، کارناسان و پسپۆرانی بوارە جۆراوجۆرەکان، هونەرمەندان و نوێنەرانی کۆمەڵگای مەدەنی و نوێنەری حیزبە سیاسیەکانی کوردستان. ئامانجی ئێمە پێکهێنانی گفتگۆیەکی گشتگری نەتەوەییە لە پێناو وێکگەیشتن و هاوبەندی نەتەوەیی. بە بێ دیالۆگی نەتەوەیی و بەبێ بەشداری هەموو چین و توێژەکانی کوردستان، یەکگرتوویی نەتەوەیی مسۆگەر نابێت و بەبێ یەکگرتوویی ناتوانین بە ئامانجەکانمان بگەین.

شۆرشی ژینا – ژن، ژیان، ئازدی دەسپێکێکی نوێ بوو لە خەباتی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی. ئەم ئاخێزە زەبرێکی کاریگەری لە تابووکانی تا ئێستەی کۆماری ئیسلامی ئێران و نەریتە زیانبارەکانی ناو کۆمەڵگا وەشاندوە.  ناوەندی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان وێرای رێزگرتن لە دووەمین ساڵڤەگەری ئەو جۆڵانەوەیە، یادی هەموو شەهیدانی شۆرشی ژینا و خەباتی خەڵکی کورد لە پێناو ئازادی و دیاری کردنی مافی چارەنووسی خۆی دەکاتەوە و پێداگرە لە سەر پێویستی یەکگرتوویی ناو ریزەکانی خەڵکی کوردستان و ێکگەیشتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی. بەو هیوایە ئەم ریزە سیمینارە و چالاکیەکانی شۆڕشی ژینا، بە هەمو خاڵە بەهێز و لاوازەکانیەوە بوبنە ئەزمون و ببنە هۆی بەهێزکردنی هاوخەباتی خەڵکی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات.

ئاسۆی شۆڕش ڕوونە و گەلی ئیمەش مافی خۆی بەدەست دێنێ.

ناوەندی نەتەوەیی رۆژهەلاتی کوردستان، ١٥-٩-٢٠٢٤   

 

بۆچونی نوێ