رێبەری ئەخڵاقی و کاردانەوەی لە سەر ژینگەی ئەخڵاقی رێکخراو - It's Over 9000!

رێبەری ئەخڵاقی و کاردانەوەی لە سەر ژینگەی ئەخڵاقی رێکخراو

نوسەر: د. مەجید حەقی
نوسراو لە بەرواری
0 0
14:06 2024 , June 22

کەشی ناو رێکخراوە لە سەر ئاستی هەڵسوکەوتی ئەندامان و پێوەندیەکانەوە زۆر شوێندانەرە. ژینگەی ئەخڵاقی حیزب بریتیە لە ئەو کردارانەی کە ئەندامان هەڵی دەبژێرین و هەروەها ئەو کردارانەی کە لە رێگای پێرەوی ناوخۆ و ئایینامەکانەوە پێوەندی نێوان ئەندامان و رێبەری دیاری دەکەن. ئەم ژینگانە دەتوانن بە پێی هەلومەرجی جیاواز کردارە ئەخڵاقیەکانی ئەندامان و رێکخراوە شی بکەنەوە بۆ ئەوەی لە شوێنی کار و چالاکیەکانیان لە رووی پێوەندی و هەڵسوکەوتی ئەخڵاقیەوە شتێکی شاراوە نەمینێتەوە. کەوابوو رێبەری حیزب بە جیاتی ئەوەی چاوەڕوانی لە ئەندامان هەبێت بۆ چاوەڕوانی کرداری ئەخڵاقی خۆیان، بەرپرس و وەڵامدەرەوەی کەشی ئەخڵاقی رێکخراوە.
مەبەست لە "ژینگەی ئەخڵاقی حیزب" ئەوەیە کە چۆن کەشی ناوخۆیی رێکخراو کار دەکاتە سەر کردەوەکانی ئەخڵاقی و نا ئەخڵاقی ئەندامان. ژینگەی ئەخڵاقی لە حیزبدا کاردانەوەیەکی ئەرێنی لەسەر هەڵسوکەوتی ئەندامانی حیزب دەکات و راستەخۆ شوێندانەرە لە سەر ئەنگیزە و هۆی کار و چالاکی ئەندامان. لە پێشەکی بەرنامە و پێرەوی ناوخۆیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا هاتووە: " سیاسەتی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە سەر بنەمایەک دارێژراوە کە کەڕامەتی مرۆڤ بە گرینگترین بەهای ژیان دەزانێ". هەروەها ماددەکانی پێنجەم و شەشەمی پێرەوی ناوخۆیی حیزب وێرای شیکردنەوەی مافەکانی ئەندام و دیسیپلینی حیزبی شیکەرەوەی ژینگەی فەرمی ئەخڵاقی حیزبەکانە. بەو پێیە ژینگەی ئەخڵاقی بریتیە لە "تێگەیشتنی هاوبەش لەوە کە چ کردارێک لە روانگەی ئەخڵاقەوە دروستە و چۆن دەشێ لە گەڵ پرسە ئەخڵاقیەکان هەڵسوکەوت بکرێت." بە لەبەرچاوگرتنی جیاوازی نێوان ئەرک و پلەی ئەندامان و کادرەکانی حیزبی لەوانەیە تێگەیشتنیان لە سەر ژینگەی ئەخڵاقی حیزب وەک یەک نەبێت. ئەوە رێبەرانن کە کردەوە و هەڵسوکەوتەکانیان باشترین وێنەی تێگەیشتن لە ژینگەی ئەخڵاقی حیزبن و ژیانی رۆژانە، هەڵسوکەوتیان لە گەڵ خەڵک و کەسانی ژێر رێبەریان سیاسەتەکان و کردەوە ئەخڵاقیەکانیان شی دەکاتەوە.
چوارچێوەکانی ژینگەی ئەخڵاقی بە سێ رەهەند دابەش دەکرێن: خۆخوازی و ئێگۆییزم (Egoism) خێرخوازانە (Benevolence)، پرەنسیب (ئەرکناسی). خۆخواز یان ئێگۆیست زۆرترین سەرنجی بە قازانج و بەرژەوەندیەکانی تاکەکەسی دەکات و هەوڵ دەدات لە هەموو کارو کردەوەکانی خۆیدا لە پلەی یەکەم بەرژەوەندیە تاکەکەسیەکانی خۆی یان لایەنگرانی خۆی لەبەرچاو بگرێت. خێرخوازی یان خەڵک پەروەری بە واتای ئەوە دێت کە کەسان بە لەبەرچاوگرتنی ئاکامی ئەرێنی و نەرێنی ئەو کاردانەوەی سەر خەڵکانی دیکە بڕیارەکانی خۆیان دەدەن. ئەرکناس هەوڵ دەدات کردەوەکانی خۆی لە چوارچێوەی یاسا و سیاسەتەکای پەسەند کراو رێک بخات و هەڵسوکەوتی ئەخڵاقی خۆی بە پێی پرەنسیبە پەسەندکراوەکان رێک بخات.
جۆری ژینگەی ئەخلاقی رێکخراو پێوەندی بە هەڵسوکەوتی رێبەران و بەرپرسانی رێکخراوەکەوە هەیە. تیۆری فێربوونی کۆمەڵایەتی (Social Learning Theory) روونی دەکاتەوە کە کەسان بە دیتنی ئولگوو و کردەوەکانی بڕیاردەران هەڵسوکەوتی خۆیان رێک دەخەن و پێرەوی لەو کەسانە دەکەن. بۆ ئەوەی کە کەسێک بتوانێت ببێتە ئولگووی خەڵکانی دیکە بۆ هەڵسوکەوت دەبێ خاوەنی تایبەتمەندی جێی بڕوا و سەرنجڕاکێش بن. ئەوان دەبێ هەروەک لە پێرەوی ناوخۆیی حیزبیەکانیاندا ئاماژەی پێکراوە هەوڵ بدەن پلەی کۆمەڵایەتی و بڕوای کۆمەڵایەتی خۆیان بەرز بکەنەوە. رێبەران لە ناو رێکخراودا خاوەنی شوێنێکی کاریگەرن بۆیە بەشێوەیەکی سروشتی بە هۆی پلەی تەشكیلاتی یان سیاسیانەوە خاوەنی بڕوایەکی رێکخراوەیین و ئەمەش بەرپرسایەتی و رۆڵیان قورستر دەکات. بە هۆی پلە و جێگەی کۆمەڵایەتی، سیاسی و تەشكیلاتیان هەڵسوکەوتی رێبەران کاردانەوەی راستەوخۆی هەیە لە سەر ژینگەی ئەخڵاقی رێکخراو و جۆری بڕوای کۆمەڵایەتی ئەوان.
تیۆری گرێدراوەیی (Dependency theory) دەسەلمێنێت کە رۆڵی کەسان دەتوانێت لە رێگای پێوەندی نێوان کەسی بەرپرس و ئەندامانی رێکخراوەوە کە خاوەنی دەسەڵاتن شوێندانەرە لەسەر ژینگەی ئەخڵاقی رێکخراو. گرێدراوەیی نێوان کەسان لە رێگای پێوەندی بنەماڵەیی، خزمایەتی، ناوچەیی و هەروەها بەرژەوەندی هاوبەشەوە پێک دێت، بە مەبەستی مسۆگەرکردنی پێویستیەکانی تاکەکەسی و گرووپی. حیزبە کوردستانییەکان بە درێژایی مێژووی کێشەکانی ناوخۆیی و جیابوونەوەکان و لێکترازانەکانی رابردوو و کێشە و قەیرانەکانی ئەمرۆی رێکخراوەیی، گیرۆدەی دەستی نەخۆشی پێوەندی گرێدراوەیی بووە و تا ئەمرۆشی لە گەڵ بێت بوێری ئەوەی نەبووە خۆی لە دەستی ئەو نەخۆشیە رزگار بکات. ئەمەش وای کردووە کە پێوەندیەکان لە ناو حیزبەکاندا بە جیاتی پێوەندی رێکخراوەیی و ئۆرگانیک زۆرتر ببنە پێوەندی تاکەکەسی و گرووپی و ناسیاوی.
گرێدراوەیی پێوەندیەکان تەنیا لایەنی نەرێنی نیە، پێوەندیەکانی ئۆرگانیکیی نێوان ئەندامان و بەرێوەبەران پێوەندیەکی گرێدراوەییە و رێبەران و بەرپرسان پێوەندیەکی گرێدراوەییان هەیە لە گەڵ ئەندامان و ئۆرگانەکانی ژێر بەرێوەبەریان. بۆیە جێ بڕوابوون و سەرنجدان بە پێوانە ئەخلاقیەکانی رێکخراوەیی شوێندانەرە لە ئاستی چالاکی و هەست بە بەرپرسایەتی کردنی ئەندامان بەرامبەر بە ئۆرگان و تەواویەتی حیزب. ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە بەشێکە لە تایبەتمەندی رێبەری گۆرانکاری خواز.
لە روانگەی گەورەیی ئەخڵاقیی رێبەر، رێبەری ئەخلاقی بۆ رێنوێنی ئەخڵاقی ئەندامان و کەسانی ژێر رێبەریان، چاو لە کەسانی دەرەوەی خۆیان دەکەن. بەو واتایە ئەوان نموونەکانی هەڵسوکەوتی ئەخڵاقی کەسانێک هەڵدەبژێرن کە بۆ کۆمەڵگا نموونە بن و لە ئاستی جیهانی دا جێی سەرنج بن. کەوابوو هەڵسوکەوتی ئەخڵاقی رێبەر شوێندانەرە لە سەر ژینگەی ئەخڵآقی حیزب و تێگەیشتن و هەلسوکەوتی ئەندامان لە پێوەندی لە گەڵ ئەخڵاقی حیزبی.
ئەو رێبەرانەی کە بە پێی بنەماکانی رێبەری ئەخڵاقی هەلسوکەوت دەکەن دەتوانن ببنە هاندەری ئەندامانی ڕێکخراو بۆ بەرەوپێش بردنی ژینگەی ئەخڵاقی حیزب. کرداری رێبەران ئاستی هەستی هێمنایەتی و هەومەرجی ئەخڵاقی ئەندامان و ئۆرگانەکانی حیزبی دیاری دەکات و دەبێتە هۆی گەشەسەندنی راستگۆیی و بڕوای کۆمەڵایەتی. ئەمرۆ حیزبی کوردستانی پێویستی بە ئۆرگانێکی تایبەت دەکات بۆ بەرێوەبەری بنەماکانی ئەخڵاق لە ژینگەی حیزبی دا. قازانجەکانی ئۆرگان یان ناوەندێکی وا بریتی دەبن لە:
1. سەرنجدان بە ئەخڵاق و ژینگەی ئەخڵاقی دەبێتە هۆی چاکسازی ناو کۆمەڵگای حیزبی
2. پلان و بەرنامەکانی ئەخڵاقی دەتوانێت لەو هەلومەرجەی کە حیزب تێدایە یاریدەدەر بێت، خەڵک لە دەوری بنەماکانی ئەخڵاقی خۆی کۆ بێتەوە
3. بەرنامەکانی ئەخڵاقی دبنە هۆی ئەوەی کە کاری گرووپ و تیمەکانی حیزبی شکڵی نوێ بەخۆیانەوە بگرن و پێوەندیەکان بتەوتر بن
4. بەرنامەکانی ئەخڵاقی دەتوانن ببنە هۆی گەشەسەندن و پێشوەچوونی ئەندامانی حیزب
5. بەرنامەکانی ئەخڵاقی دبنە هۆی ئەوەی رێبازە پەسەندکراوەکانی حیزب ببنە بنەمای کاروکردەوەکان و بڕوا بە رێبازی حیزبی قووڵتر بێتەوە.
6. بەرنامەکانی ئەخڵاقی دەبنە هۆی پێشگیری لە گەندەڵی رێکخراوەیی، تەشکیلاتی و ئیداری لە ناو حیزب دا
7. بەرنامەکانی ئەخڵاقی یارمەتیدەری گەشەسەندنی نرخ و بەهاکانی حیزبی دەبن و بەرنامە و ستراتێژیەکانی بەهێزتر و جێ بڕواتر دەکەن
8. بەرنامەکانی ئەخڵاقی دەبنە هۆی پێکهێنانی تێگەیشتنێکی ئەرێنی لە حیزب لەلایەن خەڵکەوە.
ئامانجی سەرەکی بەرنامەکانی ئەخڵاقی پێکهێنانی هاوسەنگی لە نێوان بنەماکانی ئەخڵاقی و بایەخەکانی حیزبی و هەڵسوکەوتی ئەندامان لە هەموو ئاستەکانی ژیانی رێکخراوەییاندا. بەرنامەکانی ئەخڵاقی لە بایەخەاکن، هێلەکان و ئەو چالاکیانە پێک دێت کە شوێندانەر بێت لە سەر چاکتر بوونی هەلسوکەوتی رێکخراوەیی. بەرنامەکانی ئەخڵاقی دەتوانن دەورەی جۆراوجۆر و گفتگۆ و لێکدانەوەی جۆراوجۆر لە خۆیدا بگرێت.

لەو پێوەندیەدا پێویست بە داڕشتنەوەی کەرەسەکانی ئەخڵاقی دەکات. کەرەسەی ئەخڵاقی بریتیە لە کۆدەکانی ئەخڵاقی، کۆدەکانی هەڵسوکەوت، هێلەگشتیەکان و شێوەکانی چارەسەری کێشەکان. لە هەلومەرجی ئەمرۆی بزاڤی نەتەوایەتی رۆژهەڵاتی کوردستاندا کۆدەکانی ئەخڵاقی حیزبی دەتوانن بۆ نموونە بەشێوەی خوارەوە بن:
1. پابەندبوون بە رێزگرتن لە کەڕامەتی مرۆڤ لە ناوخۆ و دەرەوەی حیزبدا
2. رێزگرتن لە یاسا و بنەماکانی پێرەوی ناوخۆیی حیزب
3. راستگۆیی لە وتە، کردە و هەڵسوکەوت
4. پاراستنی نهێنیەکان و بەکارنەهێنانی نهێنیەکانی حیزبی بۆ مەبەستی شەخسی و تاکەکەسی
5. بەشداری چالاکانە لە بەرەوپێشبردنی کاروباری حیزبی و دەروەستبوون بە چالاکیەکانی بەکۆمەڵ، یارمەتی کەسانی دیکە و دوورەپەرێزی لە خۆسەپاندن و تاکڕەوی
6. وەفاداری وهەستی بەرپرسایەتی بەرامبەر بە حیزب، بەرزراگرتنی بەرژەوەندیەکانی باڵای نەتەوایەتی و بەرژەوەندیەگشتیەکانی حیزبی بەسەر بەرژەوەندی تاکەکەسی، جیناحی و گرووپی و بەرگری لە بایەخەکانی پەسەندکراوی هاوبەشی رێکخراوەیی
7. هەبوونی ویژدانی کاری و سیاسی و وەگەڕخستنی هەموو تواناکانی خۆی بۆ جێبەجێ کردنی ئامانجە پەسەندکراوەکان
8. خۆپاراستن لە پاڵپێوەنان و هەلاواردنی جیابیران و خۆپاراستن لە سووکایەتی و شکاندنی کەسایەتی ئەندامان و کەسانی جیابیر
9. لەبەرچاوگرتنی رەوشتی کۆمەڵایەتی و خۆپاراستن لە زمانی سووک لە هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیدا
10. لەبەرچاوگرتنی دیسیپلینی حیزبی و جێبەجێ کردنی یەکسانی دیسیپلین لە هەموو ئاستەکانی حیزبیدا
11. راگرتنی تەندوروستی رێکخراویی و ژینگەیی
12. خۆبواردن لە هەرجۆرە هەڵاواردنێک بە هۆی رەگەز، ناوچە، زمان و زاراوە و بیرورا و رەوشی فیزیکی کەسان
13. خۆپاراستن لە رشوەدان و خەڵاتێک کە لە سەر بنەمای پێوەندی تاکەکەسیەوە بێت
14. جیاکردنەوەی چالاکی تاکەکەسی، کات بەسەربردن و کاتی بنەماڵە و کارەکانی حیزبی و پێکهێنانی پارەسەنگ لە نێوانیان
15. بەکارنەهێنانی کەرەسە و دامەدەزگاکانی حیزبی بۆ مەبەستی تاکەکەسی و بنەماڵەیی
16. رێزگرتن و بڕوای بەرامبەر لە نێوان ئەندامان
17. خۆپاراستن لە جگەرەکێشان و مادەهۆشبەرەکان لە شوێنی کارو چالاکی
18. ژینگەپارێزی و پاکوخاوینی شوێنی کار و ژیان
19. بەرپرسبوون و وەلامدەربوون لە هەموو ئاستەکاندا
20. پاراستن و رێزگرتن لە سنوور و حورمەتی ژیانی تایبەتی خەڵک
21. قەدەغەبوونی دانوئەستاندنی تایبەتی لە کاتی کارو چالاکیدا
22. هەوڵدان بۆ خۆفێرکردن و گەشەسەندن
23. هەوڵدان لە بەرزکردنەوەی ئاستی ڕازی بوونی خەڵک
24. رێزگرتن لە پلۆلرالیزم و فرەچەشنی کۆمەڵگا و ریزەکانی حیزب
25. لەبەرچاوگرتنی بنەماکانی ئەخڵاقی و رەوشتی ئینسانی لە کاتی جێبەجێکردنی بڕیار و کارەکان.

بۆچونی نوێ