پێشوازی لە کۆنفرانسی هاوبەشی سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

نوسراو لە بەرواری 2025 , September 21
0 0

پێشوازی لە کۆنفرانسی هاوبەشی سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان  و داوای گشتگیرترکردنی ئەو کۆنفرانسە

 

ناوەندی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان، پێشوازی دەکات لە پێکهێنانی کۆنفرانسی سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆلنی ئاڵمان.

ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی سێپتەمبری ٢٠٢٥ (٧ی ڕەزبەری ٢٧٢٥) کۆنفرانسی هاوبەش لە ژێر ناوی "بزووتنەوەی ژینا -  ژن، ژیان ئازادی" لە لایەن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک) و کۆمەڵە، ڕێکخراوی کوردستانیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران  بە بەشداری نوێنەری ئەو حیزبانە و ژمارەیەک لە کەسایەتی سەربەخۆ بەرێوە دەچێت.

پێکهێنانی ئەو کۆنفرانسە هاوبەشە جێگەی دەستخۆشیە. بزاڤی نەتەوەیی کوردستان بە درێژایی ساڵانی ڕابردوو بە هۆی لێکترازان و دووربوونی لایەنە سیاسیەکانی کوردستان زۆر دەرفەتی لە دەست داوە. ئێستا کە هەلومەرجی سیاسی ناوخۆیی ودەرەوەیی گۆڕانکاری قووڵی بەسەردا هاتووە، دۆخی ژیۆپۆلیتیکی ناوچە لە حاڵی گۆراندایە و بزاڤی کورد و پرسی کوردستان دەتوانێت لە قۆناغێکی پەراوێزەوە بگوازرێتەوە بۆ قۆناغی بەئەکتەربوونی شوێندانەر گەشەپیدانی دیالۆگی نەتەوەیی و ناوخۆیی و پێکهێنانی چەترێکی هاوبەش کە بتوانێت نوێنەرایەتی ویستی سیاسی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات، پێویستییەکی هەنووکەیی و خێرایە.

ناوەندی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕۆژی دامەزراندنی تا ئەمرۆ بە هەموو تواناییەکانیەوە هەوڵی داوە لە پێناو یەکیەتی نەتەوەیی و لەو پێوەندیەدا لە ساڵی ٢٠٢٢یەوە بە چڕی لە سەر هێل بووە بۆ پێکهێنانی پلاتفۆرمێکی هاوبەشی هێزە سیاسی، مەدەنیی و کەسایەتییە شارەز و پسپۆرەکانی کوردستان. بۆیە بەبایەخەوە ئەو دەڕوانێتە ئەو کۆنفرانسە. هەر لەو کاتەدا بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە:

-        کوردستان کۆمەڵگایەکی فرەچەشن لە ڕووی ئایینی، کولتووری، زاراوە و پێکهاتەکانە

-        دوژمنانی بزاڤی نەتەوەیی کورد و داگیرکەرانی کوردستان هەوڵ دەدەن هەموو کەلێنێک بۆ درزخستن لە ناو خەلکی کوردستان کەڵک وەرگرن

-        قووڵایی ستراتێژیی سیاسی بزاڤی نەتەوەیی دەبێ هەموو پێکهاتەکانی کوردستان بێت

-        هەر چەشنە بەرە، پلاتفۆرم و شکڵێکی پێکەوە کارکردن دەبێ گشتگیر و نوێنەرایەتی هەموو چین و توێژەکانی کوردستان بکات

ئێمە لە پێکهێنەرانی ئەو کۆنفرانسە داواکارین کە حیزب و لایەنەکانی سیاسی دیکەی کوردستان لەوانە رێکخراوەکانی یارسانی و لایەنەکانی دیکە بۆ بەشداری لەو کۆنفرانسە و هاوکارییەکانی دیکە بانگهێشتن بکەن و بەو هەنگاوە وێکگەیشتوویی کۆمەڵایەتی و سیاسی خەڵکی کوردستان قووڵتر و بەهێزتر بکەنەوە. بەو هەنگاوە لەلایەک هەنگاوەکانی هاوبەش واتادارتر، یەکگرتوویی نەتەوەیی گشتگیرتر بەهێزتر دەبێت و لەلایەکی دیکەوە دەرفەت ناداتە نەیارەکانی کوردستان لە پەراوێزخرانی لایەنەکانی جیاوازی کوردستان لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان و دژی ویستی نەتەوایەتی خەڵکی کوردستان بەکار بێنن.

 

 

ناوەندی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان

٢١ی سێپتەمبری ٢٠٢٥ (٣١ی خەرمانانی ٢٧٢٥)

 

بۆچونی نوێ