هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی ئیدانەی شەپۆلی نوێی ئێعدامەکان لە کوردستان و ئێران دەکات و ڕایدەگەیەنێت، کۆماری ئیسلامی بۆ پەردەپۆشکردنی شکستە سیاسی و ئەمنییەکانی، پەنای بۆ تۆقاندنی زیاتری کۆمەڵگە بردووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئەو ئێعدام و کوشتنە سیاسییانە، کوشتاری بەکۆمەڵ و ڕێکخراون و کۆماری ئیسلامی وەک قەڵغانێک بۆ مانەوەی خۆی لە دەسەڵات بەکاریان دەهێنێت."
شکستی ستراتیژی و قەیرانخوڵقێنی
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە سەرکوت و ئێعدامەکان لە نێوخۆ و مووشەکبارانکردنی حیزبە کوردستانییەکان لە هەرێمی کوردستان، هاوکاتە لەگەڵ شکستی ستراتیژی و کەلێنی ئەمنییەتیی ڕێژیم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. بە بڕوای هاوپەیمانییەکە، ڕێژیم لەبری چارەسەرکردنی قەیرانەکان، "پیشەی هەمیشەیی خۆی کە قەیرانخوڵقێنی لە دەرەوە و زەبروزەنگی زیاتر لە نێوخۆیە، هەڵبژاردووەتەوە."
بانگەواز بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "نابێت ئێعدامی سەدان کەس لە ساڵێکدا تەنیا وەک پێشێلکاریی مافی مرۆڤ سەیر بکرێت، بەڵکو دەبێت وەک 'تاوانی جەنگ' و 'تاوان دژی مرۆڤایەتی' بناسرێت."
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، پارلەمانی ئەورووپا و حکوومەتە دێموکراتیکەکان دەکات کە:
هۆشداری لە دیپلۆماسیی بێ مەرج
هاوپەیمانییەکە هۆشداری دەدات کە هەر جۆرە دانوستان یان ئاگربەستێک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، ئەگەر نەبێتە هۆی وەستاندنی ئێعدام و پێشێلکارییەکان، تەنیا دەبێتە "پاڵنەرێک بۆ ڕێژیم تا لە سیاسەتی کوشتن و قڕکردنی ئازادیخوازان بەردەوام بێت و تەمەنی خۆی درێژ بکاتەوە."
لە کۆتاییدا، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران داوا لە تەواوی نەتەوەکانی ئێران و هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەکات بە یەکڕیزی و هاوخەباتیی کردەیی، بەرەنگاری سیاسەتەکانی ڕێژیم ببنەوە و جەخت دەکاتەوە کە خەڵکی کوردستان بە خۆڕاگری و ڕێکخستنی زیاتری ڕیزەکانیان، وەڵامی ئەم سیاسەتانە دەدەنەوە.