دیدارێکی فەرمی لە نێوان ناوەندی نەتەوەیی رۆژهەڵات و حیزبی سۆسیال دیموکراتی فینلاند (SDP) بەڕێوەچوو

نوسراو لە بەرواری 2026 , May 18
0 0

لە چوارچێوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی دۆزی کورد لە ئەورووپا، دیدارێکی فەرمی لە نێوان مەجید حەقی، ئەندامی کۆمیسیۆنی دیپلۆماسی ناوەندی نەتەوەیی رۆژهەڵاتی کوردستان و خاتوو ئیلۆنا سۆری (Ilona Sorri)، بەرپرسی پێوەندییە نێودەوڵەتییەکانی حیزبی سۆسیال دیموکراتی فینلاند (SDP) بەڕێوەچوو. دیدارەکە لەسەر بانگهێشتی فەرمی بیرۆی نێودەوڵەتیی حیزبی ناوبراو ڕێکخرابوو و تێیدا دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان و داواکاریی هاوبەشی چەند ڕێکخراوێکی کوردی بۆ کۆنگرەی داهاتووی ئەو پارتە خرانە بەرباس.

تیشکخستنە سەر "ئاپارتایدی سیستماتیک" لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان

بەپێی زانیارییەکانی ژینامێدیا، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە تەرخانکرابوو بۆ تاوتوێکردنی کێشەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چڕبوونەوەی سەرکوتکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. لە دیدارەکەدا ئاماژە بەوە درا کە تاران ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەی وەک پەردەیەک بۆ شاردنەوەی "ماشێنی سێدارە" و چڕکردنەوەی گرتنی بەکۆمەڵی چالاکوانان بەکارهێناوە.

بەپێی ئەو ئامارانەی لە کۆبوونەوەکەدا خرانە ڕوو، زیاتر لە ٩٦٪ی دەستبەسەرکراوانی ڕەشبگیرییەکانی ئەم دواییەی ئێران خەڵکی ناوچە کوردییەکان بوون. هاوکات جەخت لەوە کرایەوە کە سەرەڕای ئەوەی کورد نزیکەی ١٠٪ی تێکڕای دانیشتووانی ئێران پێکدەهێنێت، بەڵام زیاتر لە نیوەی زیندانیانی سیاسی و سزادراوانی سێدارە لەو وڵاتە لەخۆدەگرێت، ئەمەش وەک "ئاپارتایدی سیستماتیکی نەتەوەیی و جینۆسایدێکی سیاسی قۆناغ بە قۆناغ" ناوزەد کرا.

داواکاریی ڕێکخراوە کوردییەکان بۆ کۆنگرەی ٤٨ەمینی SDP

هەر لەم دیدارە دبلۆماسییەدا، داوانامەیەکی فەرمی بە واژۆی چەند ڕێکخراوێکی کوردییەوە ئاراستەی ٤٨ەمین کۆنگرەی حیزبی سۆسیال دیموکراتی فینلاند (SDP) کرا کە بڕیارە لە ٢٣ تا ٢٥ی مەی ٢٠٢٦ بەڕێوە بچێت.

واژۆکەرانی داوانامەکە داوایان لە ئەندامانی کۆنگرە و داڕێژەرانی سیاسەتی (SDP) کردووە کە ڕۆڵێکی چالاک و پێشەنگ بگێڕن لە داڕشتنی سیاسەتێکی درێژخایەن و تایبەت بە پرسی کورد لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ.

گرنگترین داواکارییەکانی نێو داوانامەکە بریتی بوون لە:

  • شەرمەزارکردنی نێودەوڵەتی: گرتنەبەری هەڵوێستێکی ڕوون دژی لەسێدارەدانە سیاسییەکان و ئاپارتایدی نەتەوەیی-ئایینی لە ئێران.
  • پشتیوانی لە سەرانسەری کوردستان: داکۆکیکردن لە مافی ژیان، زمان، کولتوور و نوێنەرایەتیی سیاسیی گەلی کورد لە ئێران، تورکیا و سووریا.
  • پەرەپێدانی دیالۆگی سیاسی: بانگهێشتکردنی نوێنەرانی لایەنە دیموکراتییەکانی کوردستان بۆ لێژنە نێودەوڵەتییەکانی پارتەکە.

ڕێکخراوە کوردییەکان لە پەیامەکەیاندا بۆ فینلاند ڕایانگەیاندووە کە هاوپەیمانیی پارتە کوردییەکان و هێزە دیموکراتییەکان لە ناوچەکەدا، هاوبەشێکی بەرپرسیارن کە بەدوای دیموکراسی و دەسەڵاتێکی نامەرکەزیدا دەگەڕێن. هەروەها تیشکیان خستووەتە سەر ئەوەی کە "هاوپشتی نێودەوڵەتی نابێت بەپێی بەرژەوەندیی هەڵبژێردراو بێت" و ناکرێت چاو لە چەوسانەوەی گەلی کورد دابخرێت.

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە هەردوولا گەیشتوونەتە تێگەیشتنێکی سەرەتایی بۆ سازدانی سیمینارێکی هاوبەش لە نێوان حیزبی (SDP) و حیزبە کوردستانییەکان، بە مەبەستی پەرەپێدانی گفتوگۆ و گەیشتن بە تێگەیشتنێکی قووڵتر لەسەر ئاستی باکووری ئەورووپا بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

بۆچونی نوێ