هێشتا لە سەرەتای ئەمساڵدا، زۆرێک لە ئێرانییەکان باوەڕیان وابوو کە خەڵکەکە یەکدەگرێت و دەسەڵاتی ئایینی دەڕوخێنێت. سێ ئێرانی پەنابەر لە فینلاند، دەگێڕنەوە چی ڕوویدا.
یوکا هووسكۆ (Jukka Huusko)، ڕۆژنامەی (Helsingin Sanomat [HS])
سێ ئێرانی کە پەنابەرن لە فینلاند، دەگێڕنەوە بۆچی ڕاپەڕینی ئێران دوای ئومێدەکانی سەرەتای ساڵ شکستی هێنا.
#ڕەها_سابێت سارڤێستانی، توێژەر لە زانکۆی ئابۆ ئەکادیمی (Åbo Akademi) دەڵێت، بۆردومانەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دۆخەکەیان گۆڕی بۆ پرسێکی ئەمنی و ڕێگرییان لە بەردەوامیی نارەزایەتییەکان کرد.
هیچ شۆڕشێک لە ئێراندا ڕووی نەدا. تەنها هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل هاتە ئاراوە و لە دوای ئەوەش بنبەستێکی سیاسی و سەربازی لە گەرووی هورمزدا دروستبوو.
ڕۆژنامەی HS پرسیاری لە سێ ئێرانی دانیشتووی فینلاند کرد کە خاوەنی پێشینەی جیاوازن، سەبارەت بەوەی لە ڕاستیدا لە ئێران چی ڕوویدا. بە بڕوای ئەوان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە بۆردومانکردنی ئێران هەڵەیەکی گەورەیان کرد، چونکە ئەمە تەنها بووە هۆی بەهێزکردنی دەسەڵاتی ئیسلامی. ئۆپۆزسیۆنی تاراوگەش کە ناکۆکی لە نێوانیاندا هەیە، بەر ڕەخنە دەکەوێت.
ڕەها سابێت سارڤێستانی لەسەر ئایینی بەهائییە، کە لەلایەن دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەچەوسێنرێنەوە. ئەو دەڵێت، بەهائییەکان هەرگیز ڕێگای توندوتیژییان نەگرتووەتە بەر، بەڵکو سەرنجیان لەسەر خوێندن، ناتوندوتیژی و خزمەتکردنی کەسانی دیکەیە.
"کاتێک لە مانگی بەفرانباردا خۆپیشاندانەکان لە بازاڕەکانی تاراندا سەریانهەڵدا، هیوایەک دروستبوو. بۆ ساتێک وا هەست دەکرا کە ئێستا ئیتر گەل یەکدەگرێت.
#پاشان_هەموو_شتێک_گۆڕا.
من لەو بڕوایەدام کە بەشێک لە ئێرانییەکانی تاراوگە ڕاپەڕینەکەیان بە ناوی خۆیانەوە کرد. بۆیە کاتێک لەسەر ئۆپۆزسیۆنی ئێران قسە دەکەم، وریام. چەندین ئۆپۆزسیۆنی جیاواز هەن.
خۆپیشاندانەکانی ئێران لە خۆڕا سەریان نەهەڵدا. لە پشت ئەوانەوە دەیان ساڵ بێهیوایی کۆبووەوە، نایەکسانی، پێشێلکردنی کەرامەتی مرۆڤ و تەنگژەی ئابووری هەیە.
کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە بۆردومانکردنی ئێران کرد، هەموو ئەمانە لەبیرکران. هەموو شتێک بوو بە پرسێکی ئەمنی.
من بە ویستی خۆم ئێرانم بەجێ نەهێشت. چالاکوانی مافی مرۆڤ بووم و داکۆکیم لە مافی ژنان و منداڵان دەکرد، تاوەکو لە ساڵی ٢٠٠٦دا دەستگیرکرام. من لەسەر ئایینی بەهائیم، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا لە ئێراندا تاوانە.
بۆ ماوەی چوار ساڵ لە شارەکەی خۆم، شیراز، زیندانی کرام. بەشێک لەو ماوەیە لە ژووری تاکەکەسیدا بووم. جگە لە زیندانیکردنەکە، بۆ ماوەی دە ساڵیش قەدەغەی کار و چالاکیی کۆمەڵایەتیم لەسەر سەپێنرا.
بۆ خوێندن لە ئێرانەوە چوومە هیندستان. دواتر لە ڕێگەی زەمالەی خوێندنی توێژەرانی چەوساوەوە گەیشتمە زانکۆی ئۆسلۆ و لە کۆتاییدا هاتمە شاری تورکو بۆ زانکۆی ئابۆ ئەکادیمی.
زۆر نادروست و ناریالیستی بوو کە وا دابنرێت ئێران بە کوشتنی سەرکردە باڵاکان دەگۆڕێت. پلانێکی باوەڕپێکراو نییە کە بە کوشتنی چەند کەسێک بتوانرێت تەواوی ئایدۆلۆژیایەک بگۆڕدرێت. دەسەڵاتی ئیسلامیی ئێران بۆ ماوەی ٤٧ ساڵە سیستەمەکەی بونیاد ناوە، و بە شەو و ڕۆژێک ناڕوخێت.
بەڵێ، دەسەڵاتەکە ئێستا لاوازترە، بەڵام لە ڕوویەکیشەوە بەهێزترە لە پێش شەڕەکە. دەزانێت چۆن گەرووی هورمز وەک کارتی فشار بەکاربهێنێت. وەک یاری شەترەنج یاری بەمە دەکات.
لە کاتی بۆردومانەکاندا، خەڵکی ئاسایی دەیانبینی چۆن قوتابخانەکان، نەخۆشخانەکان و ژێرخانەکانی دیکە وێران دەکران. ملیۆنان کەس کار و ئاسایشی خۆیان لەدەستدا. لە دۆخێکی ئاواماندا، لە نێو خەڵکی ئاساییدا ئارەزووی بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان سەرهەڵدەدات. بۆیە بۆردومانەکان نەبوونە هۆی ڕاپەڕین.
هۆکارە پراکتیکییەکانیش گرنگی خۆیان هەبوو. لە کاتی بۆردومانەکاندا شەقامەکان ئارام نەبوون. ئینتەرنێت گۆڕدرا بۆ تۆڕێکی ناوخۆیی (ئینترانێت) کە دەسەڵات چاودێری دەکرد. خەڵک نەدەیانتوانی وەک پێشوو بەبێ سەرکێشییەکی گەورە ڕێکبکەون. لایەنگرانی دەسەڵاتیش ڕژانە سەر شەقامەکان بۆ چاودێریکردنی ئەوانی تر. ئەم هۆکارانە پێکەوە ڕێگرییان لە خەڵک کرد کە بێنە سەر شەقام و بجوڵێن.
بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە بزووتنەوەی ئۆپۆزسیۆن لە ناوخۆی ئێراندا مردووە. چالاکوانانی ناو ئێران دەزانن چۆن بەردەوام بن، بە شێوازی خۆیان.
بەشێک لە ئێرانییەکانی تاراوگە هەڵەیان کرد کە وایان دەزانی دەتوانن گۆڕانکاری بە خێرایی لە دەرەوە بهێننە کایەوە.
لە ساڵانی ڕابردوودا پێشکەوتن بەرەو باشتربوون لە ئێراندا دەبینرا، کاتێک ژنان دەستیان کردبوو بە گەڕان بەبێ سەرپۆش یان بە تەنها بەستنی لەملدا. یان کاتێک گەنجان بە ئاشکرا ئاهەنگیان دەگێڕا، گۆرانییان دەگوت و سەمایان دەکرد. ئەوانە گۆڕانکاری بچووک بەڵام ڕاستەقینە بوون کە لە ناوخۆی ئێران خۆیەوە لەدایک ببوون.
دیاسپۆرا دەتوانێت یارمەتیدەرێکی گەورە بێت، بەڵام زۆر دابەشبووە. دوای هەڵگیرسانی شەڕەکە، تەنانەت لە نێو بازنەی هاوڕێکانمدا تێبینیم کرد، چۆن هەندێک کەس دەستیان کرد بە بیرکردنەوە لەوەی کە "مادام وڵاتەکە پێشتر وێران کراوە، با تا کۆتایی بڕۆین". بە بڕوای من ئەمە بیرکردنەوەیەکی مەترسیدارە.
"#ئێران_و_دەسەڵاتەکەی_یەک_شت نین."
ئێرانی خەونەکانی من وڵاتێکە کە هەموو ئێرانییەک هەست بکات پێوەی بەستراوەتەوە و سەر بەوێیە. وڵاتێک کە تێیدا فرەیی وەک خاڵی بەهێز سەیر بکرێت نەک وەک هەڕەشە، ئیتر چ جێندەر بێت، یان نەتەوە، زمان یاخود ئایین.
دەتوانین لە ئەوروپا و وڵاتانی ڕۆژئاواوە فێربین، بەڵام نەک تەنها بە کۆپیکردن (لاساییکردنەوەی کوێرانە). لە ئێراندا، ئایین لە ناو قووڵایی کولتووردایە. ناتوانرێت تەنها ڕیشەکێش بکرێت. گۆڕانکاری دەبێت ناوخۆیی بێت، پرۆسەیەک بێت کە نەوە دوای نەوە بونیاد بنرێت.
بۆ فینلاندییەکان، دەمەوێت پێش هەموو شتێک یەک شت بڵێم: ئێران و دەسەڵاتەکەی یەک نین. لە ئەوروپادا زۆرجار ئێران تەنها لە ڕێگەی دەسەڵاتەکەیەوە یان لە ڕێگەی ئەو ئۆپۆزسیۆنە دەنگبەرزەوە دەبینرێت کە لایەنگری گەڕانەوەی شان.
هیوادارم فینلاندییەکان ڕووە مرۆییەکەی ئێران ببینن. ئەو ئازایەتییە ڕۆژانەیە، داهێنەرایەتی و ئەو کارە کۆڵنەدەرانەی کە خەڵک بۆ دواڕۆژێکی باشتر دەیکەن."
#کامبیز_غەفووری ڕۆژنامەنووسێکی ئێرانی نیشتەجێی شاری یۆڤاسکۆلایە (Jyväskylä)، کە زۆرجار لە کەناڵە فارسییەکاندا دەبینرێت بۆ شرۆڤەکردنی کاروباری ئێران.
"لە ئێراندا پەندێک هەیە دەڵێت: "گەمژەیەک دەتوانێت بەردێک بهاوێتە ناو بیرێکەوە، بەڵام پێویست بە سەد دانا دەکات بۆ ئەوەی دەری بێنێت. ئەمە دۆخی ئێستای ئێران بە باشی وێنا دەکات.
ئێرانییەکان زیاتر لە چوار دەیەیە خەریکی خەباتن دژی دەسەڵات. دەسەڵاتە توندوتیژەکەش بە بێبەزەییانە خۆپیشاندانەکانی سەرکوت کردووە. ئەو توندوتیژییەی کە ڕووبەڕووی ژنان، گەنجان و هاووڵاتیانی ئاسایی بووەتەوە، ترسناک بووە.
چەند ساڵێک لەمەوبەر بزووتنەوەیەکی جەماوەریی پێشکەوتنخوازمان هەبوو بە ناوی "ژن، ژیان، ئازادی". تەواوی جیهان سەرسامی بوو. دوای ئەو شەپۆلە لە خۆپیشاندان، ئۆپۆزسیۆن لێکەترازایەوە. لەو کاتەوە، ململانێی دەسەڵات لە نێوان پاشایەتیخوازەکان و کۆماریخواەکان لە نێو ئۆپۆزسیۆندا توندتر بووەتەوە.
من بەرەو ٢٠ ساڵ لەمەوبەر ئێرانم بەجێهێشت دوای ئەوەی بەرپرسان دەستگیریان کردم و ئەشکەنجەیان دام. لە دەرەوەی وڵات بووم بە ڕۆژنامەنووس.
وەک پەنابەرێکی پشکی نەتەوە یەکگرتووەکان (کۆتا) گەیشتمە فینلاند و دواتر ڕەگەزنامەم وەرگرت. وەک شرۆڤەکارێکی کاروباری ئێران لە کەناڵەکانی BBC Persian، Voice of America و Iran International دەرکەوتووم. هەروەها بەرنامەیەکی تایبەتی خۆمم لە یوتیوب (YouTube show) هەیە کە لە ستۆدیۆیەکەوە لە شاری یۆڤاسکۆلا (Jyväskylä) پێشکەشی دەکەم.
فینلاند هەمیشە وەک ماڵی خۆم وابووە بۆم. لێرەدا ئەو جۆرە ئازادییەم ئەزموون کردووە کە هیوادارم ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ئێرانیشدا ببێتە ڕاستی. خۆشەویستی بۆ نیشتمانی دایک وەک خۆشەویستی دایکی مرۆڤ خۆیەتی؛ ناتوانیت دایک هەڵبژێریت. بەڵام خۆشەویستی بۆ ئەو وڵاتەی کە بۆ تەواوی ژیانت هەڵیبژێریت، وەک خۆشەویستی هاوسەرە.
"#ئێران بۆ #گۆڕانکاری #ئامادەیە."
من لە بنەڕەتدا دژی هەر جۆرە شەڕێکم. فینلاندیشم بەقەد ئێران خۆش دەوێت، و ئەگەر کەسێک بڵێت دەبێت حکومەتی فینلاند لە ڕێگەی بۆردومانەوە بگۆڕدرێت، دژی دەوەستمەوە. کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیان بە بۆردومانکردنی ئێران کرد، ئەمەیان بۆ بەرژەوەندی ئێرانییەکان نەکرد، بەڵکو لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا کردیان. لە ئەنجامی بۆردومانەکاندا، ژیانی خەڵکی ئاسایی لە پێشوو قورستر بوو.
هەروەها ئێرانییەکانی تاراوگەش بە بڕوای من بەو شێوەیە بنیادنەرە کاریان نەکردووە کە هیوام بۆ دەخواست. لە کاتێکدا خەڵکی ناو ئێران بە خوێنی خۆیان باجی بەرگرییان دەدا، ئێمە لە وڵاتە ئارامەکاندا لەسەر ئەوە دەمەقاڵێمان دەکرد کە ئایا دەبێت ئێران ببێتە پاشایەتی یان کۆماری. بڕیاردان لەسەر ئەمە ئەرکی ئێمە نییە. ئەرکی ئێمە ئەوەیە ببینە دەنگی ئێرانییەکان. نابێت لە وڵاتە پارێزراوەکانەوە هاوار بۆ ترەمپ بکرێت کە بۆردومان بکات – بۆردومانی کێ بکات؟
سەرباری ئەمەش، پێم وایە ئێران پێشتر بۆ گۆڕانکاری پێگەیشتووە. ئەو خەڵکەی لە ناو هەژاریدا دەژین، بێزار بوون لەوەی کە نوخبەیەکی بچووک لە ناو دەوڵەمەندیدا بژین. ڕووخانی دەسەڵات گونجاوە، بەڵام ئەمە تەنها دەکرێت لە ڕێگەی چالاکیی ڕێکخراو و درێژخایەنی خودی ئێرانییەکان خۆیانەوە ڕووبدات.
ئەمە بەو مانایە نییە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەتوانێت بە چەندین شێواز یارمەتیدەر بێت، بۆ نموونە لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە. بەڵام بۆردومانکردن بەبێ مۆڵەت و فەرمانی یاسای نێودەوڵەتی، لەسەر بنەمای یاسای جەنگەڵە.
دەترسم ئەگەر شەڕ بەردەوام بێت، بە ئاسانی بەرەو درێژخایەن بوون بڕوات. دەزانم سەرکردایەتی ئێران چۆن بیر دەکاتەوە. ئەوان ئامادەن بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بن، تەنانەت ئەگەر باجەکەشی چەندە ترسناک بێت. ئەگەر دۆخەکە بە هۆکارە دیپلۆماسییەکان چارەسەر بکەین، ئەمە بۆ هەموو لایەکمان کەمترین تێچووی دەبێت.
ئەوە شتێکە ناتوانم قبووڵی بکەم ئەگەر لە شوێنی دەسەڵاتی ئێستا سیستەمێکی نوێی تۆتالیتار (دکتاتۆری ڕەها) سەرهەڵدات. ئێرانی خەونەکانی من کۆمارێکی عەلمانی، دیموکرات و دەوڵەتێکی خۆشگوزەرانە هاوشێوەی فینلاند و سوید. لەوێدا نە ئایین و نە ڕەچەڵەک بڕیار نادەن. لەوێدا ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ، کەمینەکان، کەمینە سێکسی و جێندەرییەکان، بڕواداران، بێبڕوایان، بێدینەکان (ئاتەیستەکان) و لاگرانی گومانگەرایی (ئەگنۆستیکەکان) دەگیرێت.
لەو ئێرانەدا، شوێن بۆ ئەوانەش دەبێتەوە کە ئایین بۆیان گرنگە و پشتگیری لە سیستەمی ئێستا دەکەن؛ تەنها بەو مەرجەی شێوازی ژیانی خۆیان بەسەر کەسانی تردا نەسەپێنن.
#مەجید_حەقی: شەڕەکە دیارییەکی ئاسمانی بوو بۆ دەسەڵاتی ئێران
"ئێرانییەکان زیاتر لە سەد ساڵە خەبات دەکەن بۆ دیموکراسی. هەر کاتێک گۆڕانکاری نزیک بووبێتەوە، شتێک ڕێگری لێکردووە، یان لە جیاتی ئەوە سیستەمێکی نوێی ئۆتۆریتار (ستەمکار) سەریهەڵداوە.
کاتێک لە مانگی بەفرانباردا ڕاپەڕینەکە سەریهەڵدا، زۆرێک باوەڕیان وابوو کە دەسەڵات بە خێرایی دەڕوخێت. بەڵام من نا. من هەر ئەو کاتە گوتم کە ئەمە ڕەنگە چەندین ساڵ بخایەنێت.
دەسەڵاتی ئێران وەک هیولایەکی فرەسەر وایە. ئەگەر سەرێکی ببڕدرێت، سەرێکی تر لە شوێنیدا شین دەبێتەوە. بۆیە ئەو خەیاڵەی کە سیستەمەکە بە کوشتنی سەرکردایەتی باڵا دەڕوخێت، واقیعی نەبوو. زۆر کەس لە ئۆپۆزسیۆنی ئێران باوەڕیان بەمە هەبوو، بەڵام ئەوە هەڵە بوو.
کارێکی نابەرپرسانە بوو لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە کە هانی خەڵکی دەدا بەوەی دەیگوت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دێت بۆ یارمەتیدان. ئەمە هۆکاری زیاتری دایە دەست دەسەڵات بۆ توندوتیژی بێبەزەیانە و بێسنوور. دەوترا کە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) بەشدارە لە ڕاپەڕینەکەدا. بۆیە دەسەڵات دەرفەتی زیاتری دەستکەوت بۆ کوشتنی خەڵک، چونکە توندوتیژییەکانی بە مۆساد پاساو دەهێناوە.
شەڕەکە بۆ حکومەتی ئێران وەک دیارییەکی ئاسمانی بوو. لە کاتی بۆردومانەکاندا، کەس نەیدەتوانی بەرگری بکات بەبێ ئەوەی تۆمەتی خەیانەتی نیشتمانی بدرێتە پاڵ و لەسێدارە بدرێت. هێرشەکە هۆکاری دایە دەست دەسەڵات بۆ سەرکوتکردنی خەڵک بە شێوازێکی دڕندانەتر لە پێشوو.
سەرباری ئەمەش، پێم وانییە کە یارمەتی دەرەکی هەمیشە هەڵە بێت. لە جیهانی ئەمڕۆدا ئەستەمە خەڵکی وڵاتێک بە تەنیایی بتوانن دەسەڵاتێکی ئاوا بڕوخێنن. بەڵام ئەگەر یارمەتی لە دەرەوە هەبێت، دەبێت لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پەسەندکراو و بە باشی بیرلێکراوە بێت. دەبێت ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ بگیرێت. بۆمبەکان دیموکراسی ناهێنن.
"#دەسەڵاتی #ئێران #هیولایەکی #فرەسەرە."
من لە تەمەنی ١٥ ساڵیدا لە ئێران ڕامکرد. باوەڕم بە چەک نەبوو و هیوام دەخواست لە ڕێگەی خوێندنەوە بتوانم یارمەتی کورد بدەم. سوپای پاسدارانی ئێران بۆ یەکەمجار کاتێک تەمەنم تەنها ٩ ساڵ بوو دەستگیری کردم و ئەشکەنجەی دام. کاتێک ڕامکرد، هیوام دەخواست بکوژرێم نەک دووبارە دەستگیربکرێمەوە. بەڵام سەرکەوتوو بووم لەوەی بگەمە دیوی تورکیا.
قەدەر منی وەک پەنابەرێکی کۆتا (سهمیەای) نەتەوە یەکگرتووەکان هێنایە فینلاند. پێم وانییە هیچ بەختێکی گەورەتر لەوەم هەبووبێت کە ڕێک لێرە نیشتەجێ بووم.
لە ئێراندا گۆڕانکاری ڕاستەقینە تەنها کاتێک دەبێت کە ئاڵترناتیڤێکی باوەڕپێکراو بۆ خەڵک هەبێت. لە ئێستادا ئۆپۆزسیۆن پەرتەوازەیە. بەشێکیان پشتگیری لە بیروباوەڕی زۆر ڕاستڕەو، تەنانەت فاشیستیی ڕەزا پەهلەوی، کوڕی شای پێشووی ئێران دەکەن. ئەمەش زۆر کەس دەترسێنێت.
دۆخی کورد بە تایبەتی سەختە. کێشەی کورد کۆنترە لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیل، بەڵام دەسەڵاتی ئێران بەردەوام کورد بە دەستکەلای ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات. ئەمە ڕاست نییە، بەڵام بەمە پاساو بۆ هێرشەکانی سەر کورد دەهێنرێتەوە.
بۆ کوردەکان ژیرانە نییە ئێستا دەست بە ڕاپەرین بکەن، چونکە ئەمە پاساو دەداتە دەست دەسەڵات بۆ کۆمەڵکوژی خەڵک. چاوەڕوانکردن قورسە، بەڵام بە مشووریە. کورد شوێنێکی پارێزراوی نییە بۆی ڕابکات. خەڵکی کورد زیندانی هەڵکەوتی جوغرافیای خۆیانن.
لە ئێراندا مێژوویەکی دوورودرێژ هەیە لە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی هاوشێوەی ئەپارتاید دژی کورد و گەلانی دیکەی نافارس. ئەمە جۆرێکە لە کۆلۆنیالیزمی ناوخۆیی. دەسەڵاتدارێتی لە کوردستاندا وەبەرهێنان ناکات، سەرەڕای ئەوەی سەرچاوەی سروشتی زۆری لێیە. سەرچاوە سروشتییەکان دەبرێن، و پیشەسازی و خۆشگوزەرانی لە شوێنانی تر بونیاد دەنرێت. بێکاری، هەژاری و خۆکوژی لە ناوچە کوردییەکاندا زیاتر باوە وەک لە ناوچە فارسییەکان.
تا ئەو کاتەی کورد، عەرەب، ئازەری، بەلوچ و گەلانی دیکەی نیشتەجێی ئێران مافەکانی خۆیان بەدەست نەهێنن، ئاشتی لە ئێراندا جێگیر نابێت. تەنها لەو کاتەدا ئێران دەتوانێت بە ڕاستی یەک بگرێتەوە و چاک ببێتەوە.
دۆخەکە دەکرێت ئارام ببێتەوە، ئەگەر دەسەڵاتی ئێران ناچار بکرێت لە ناو سنوورەکانی خۆیدا بمێنێتەوە. پێویستە کۆتایی بهێنێت بە هەڕەشەکردن لە بوونی ئیسرائیل و پشتگیریکردنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان. ئەگەر ڕێگری لەمانە بکرێت، گۆڕانکاری بەرەو باشتر لە دەستی خودی ئێرانییەکاندا دەبێت.
ئەوروپا، کە بەشداری لەم شەڕەدا نەکرد، دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە گفتوگۆی ناوخۆیی نێوان حیزب و رێکخراوە سیاسی، مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکانی ئێراندا. ئێرانێکی دیموکرات لە بەرژەوەندی ئەوروپاشدایە."
وەرگێران: مەجید حەقی
سەرچاوە: https://www.hs.fi/maailma/art-2000011960594.html