ژینامێدیا: ناوەندەکانی مافی مرۆڤ ئامارێکی ترسناک لەسەر زیادبوونی ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران بڵاو دەکەنەوە. تەنیا لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا، لانی کەم ١٦٠ کەس لە سێدارە دراون کە لە نێویاندا بەندکراوانی سیاسی، بەشداربووانی خۆپیشاندانەکان و ژنان هەن. لە نوێترین شەپۆلیشدا، چەندین بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج بە نهێنی لە سێدارە دران.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج شاهیدی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی چەندین بەندکراوی سیاسی و ناڕازی بووە.
ئەبولحەسەن مۆنتەزێر (٦٦ ساڵ) و وەحید بەنیعامەریان (٣٤ ساڵ): بەرەبەیانی شەممە، ١٥ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (٤ی ئەپریلی ٢٠٢٦)، ئەم دوو بەندکراوە سیاسییە بە تۆمەتی "بەغی" و ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلق، بە شێوەیەکی نهێنی و بێ مافی دوایین چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکانیان لە سێدارە دران.
دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی بەفرانبار: لە درێژەی ئەم شەپۆلەدا، سێ گەنجی بەشداربووی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە سێدارە دران:
ئەمیرحوسێن حاتەمی (١٩ ساڵ): ڕۆژی ١٣ی خاکەلێوە سزاکەی جێبەجێ کرا.
محەممەدئەمین بیگلەری (١٩ ساڵ، خوێندکار) و شاهین واحدپەرەست کلور (٣٠ ساڵ): بەرەبەیانی ١٦ی خاکەلێوە بە نهێنی لە سێدارە دران.
ئەم گەنجانە تەنیا سێ مانگ دوای دەستبەسەرکردنیان، لە پڕۆسەیەکی دادوەریی زۆر خێرا و نادادپەروەرانەدا لەلایەن "دادوەر سەڵەواتی"یەوە سزای مەرگیان بەسەردا سەپابوو. پارێزەرەکانیان جەختیان کردووەتەوە کە ڕێگەی خوێندنەوەی دۆسیەکانیان پێنەدراوە و تۆمەتباران لە ژێر ئەشکەنجەی تونددا ناچار بە "دانپێدانانی زۆرەملێ" کراون.
ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی هەنگاو ڕایگەیاندووە کە لە سێ مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦دا، کۆماری ئیسلامی لانی کەم ١٦٠ بەندکراوی لە سێدارە داوە.
جیاکردنەوەی تۆمەتەکان:
کوشتنی ئەنقەست: ٩٢ حاڵەت (٥٧.٥٪).
ماددە هۆشبەرەکان: ٤٦ حاڵەت.
سیاسی و ئایینی: ١٢ حاڵەت.
دزیی چەکدارانە و دەستدرێژی: ١٠ حاڵەت.
قوربانیانی نەتەوە جیاوازەکان:
کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە بەکارهێنانی سزای سێدارە دژی کەمینە نەتەوەییەکان. لەم سێ مانگەدا ٢٢ لوڕ، ١٩ تورک، ١٢ گیلەک و ١١ کورد لە سێدارە دراون. هەروەها ٤ ژن و ٦ هاووڵاتیی ئەفغانستانیش لە نێو لیستەکەدا هەن.
چاودێرانی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدەن کە حکوومەتی ئێران سزای سێدارە وەک ئامرازێک بۆ "تۆڵەسەندنەوەی سیاسی" و ترساندنی کۆمەڵگە بەکاردێنێت، بەتایبەت لە کاتی ئاڵۆزییە ناوچەیییەکان و شەڕی ئەمدوایییەی نێوان ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا.
جێبەجێکردنی سزای مەهدی ئەسغەرزادە، بەندکراوی مەزهەبیی کورد لە ساڵی ڕابردوودا و ڕادەستنەکردنەوەی تەرمەکەی بە بنەماڵەکەی، نموونەیەکی دیکەی ئەو فشارە بێبەزەییانەیەیە کە دەخرێتە سەر بەندکراوانی نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان.
ژینامێدیا: بە پشتبەستن بە ئامارەکان، تەنیا ٧.٥٪ی ئەم لەسێدارەدانانە لە میدیا فەرمییەکانی ئێرانەوە ڕاگەیەندراون، ئەمەش نیشاندەری ڕادەی شاردنەوەی تاوانەکان و جێبەجێکردنی سێدارەی نهێنییە لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیدا.