ئیسرائیل: لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ١٢٠ ئامانجی سەربازیمان لە ئێران پێکاوە

نوسراو لە بەرواری 2026 , April 05
0 0

 ژینامێدیا –سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ماوەی شەو و ڕۆژی ڕابردوودا لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانیی چڕەوە، ١٢٠ ئامانجی سەربازیی لە نێو خاکی ئێراندا کردووەتە ئامانج و تێکی شکاندوون.

 بەپێی بەیاننامەیەکی فەرمیی سوپای ئیسرائیل کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٦ی خاکەلێوە بڵاوکرایەوە، ئامانجە پێکپێکەوتووەکان بریتین لە سیستمەکانی بەرگریی ئاسمانی، دامەزراوەکانی تایبەت بە مووشەکی بالیستیک و هەروەها ناوەندەکانی کۆگاکردن و هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (دڕۆن) کە سەر بە سپای پاسداران بوون.

 

سوپای ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کردووە کە هێرشەکان زیاتر ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ناوەندی ئێرانیان گرتووەتەوە و ئامانج لێیان "چەسپاندنی باڵادەستیی ئاسمانی و کەمکردنەوەی هەڕەشەی ڕاستەوخۆ بووە لەسەر فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل".

 

لە بەشێکی تری بەیاننامەکەدا هاتووە، ئەو سیستمە بەرگرییانەی کراونەتە ئامانج، هەڕەشەیەکی جیددی بوون بۆ سەر جموجۆڵی فڕۆکە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ئاسمانی ناوچەکەدا، بە لەنێوبردنیان توانای کۆنترۆڵکردنی ئاسمانی ئێران لەلایەن هێزی ئاسمانیی ئیسرائیلەوە بەهێزتر دەبێت.

 

سوپای ئیسرائیل جەختی کردووەتەوە کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بە مەبەستی لاوازکردنی توانای بەرگری و هێرشبەریی ئێران بێ وەستان بەردەوام دەبێت.

 

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان تاران و تەلئەبیب لە ئاستێکی بەرزی خۆیدایە و هەردوولا بەردەوامن لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی سەربازی بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لە ناوچەکەدا.

بۆچونی نوێ