هێرشی دڕۆنیی ئێران بۆ سەر دامەزراوە هەستیارەکانی وڵاتانی کەنداو زیانی ماددی لێکەوتەوە

نوسراو لە بەرواری 2026 , April 05
0 0

ژینامێدیا – بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ١٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦، چەند وڵاتێکی ناوچەی کەنداو کەوتنە بەر شاڵاوی هێرشی دڕۆنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە بەهۆیەوە زیانی ماددیی بەرچاو بە ژێرخانی نەوت، کارەبا و دامەزراوە وزەییەکان گەیشت.

 

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، هێرشەکان وێستگەکانی کارەبا، کۆگاکانی سووتەمەنی و کۆمەڵگە پترۆشیمییەکانی کوەیت، بەحرەین و ئیماراتیان کردووەتە ئامانج. سەرەڕای قەبارەی زیانە ماددییەکان، بەرپرسانی ئەو وڵاتانە ڕایانگەیاندووە کە هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە.

 

کوەیت: پەککەوتنی وێستگەکانی کارەبا و ئاو

سەرچاوە فەرمییەکانی کوەیت ڕایانگەیاندووە، دوو وێستگەی کارەبا و دامەزراوەیەکی شیرینکردنی ئاو لەلایەن دڕۆنەکانی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج. ئەم هێرشانە بوونە هۆی پەککەوتنی کاتیی دوو یەکەی بەرهەمهێنانی کارەبا. هاوکات لە کۆمەڵگەی نەوتیی "شوەیخ" و بەشێکی ئیداریی سەر بە وەزارەتە دەوڵەتییەکان، ئاگرکەوتنەوە ڕوویداوە و تیمەکانی فریاگوزاری بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و هەڵسەنگاندنی زیانەکان ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکان کراون.

 

بەحرەین و ئیمارات: کۆنترۆڵکردنی ئاگر و ڕاگرتنی چالاکییەکان

لە بەحرەین، کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت ڕایگەیاند کە ئاگر لە یەکێک لە دامەزراوەکانی کۆگاکردنی نەوت و کۆگای سووتەمەنیی کۆمپانیای "باپکۆ" کەوتووەتەوە، بەڵام بە زوویی لەلایەن تیمەکانی بەرگرییەوە کۆنترۆڵ کراون.

 

لە لایەکی دیکەشەوە، کۆمەڵگەی پترۆشیمیی "بوڕوج" لە ئەبوزەبیی ئیمارات کرایە ئامانج. بەرپرسانی ئیمارات ڕایانگەیاندووە، پارچەی دڕۆن و مووشەکەکان دوای تێکشکاندنیان لەلایەن سیستەمی بەرگرییەوە لەناو کۆمەڵگەکەدا کەوتوونەتە خوارەوە، کە ئەمەش بووەتە هۆی ڕاگرتنی کاتیی چالاکییەکانی ئەو کۆمەڵگەیە تا ئەو کاتەی پشکنین و هەڵسەنگاندنی زیانەکان کۆتایی دێت.

 

هەڕەشە لەسەر ئەمنییەتی وزە

ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای دەستپێکی گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، ئێران بە بەردەوامی دامەزراوە نەوتی و وزەییەکانی وڵاتانی کەنداوی کردووەتە ئامانج. شارەزایانی بواری وزە و سیاسی هۆشداری دەدەن کە درێژەکێشانی ئەم جۆرە هێرشانە، هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر ئاسایشی وزەی جیهانی و سەقامگیریی ناوچەکە دروست دەکات.

بۆچونی نوێ