کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە درێژەی سیاسەتی سەرکوتکارانە و پەرەپێدانی ئاژاوەگێڕی لە ناوچەکەدا، جارێکی دیکە خاک و سەروەریی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانجی پەلامارە تیرۆریستییەکانی. ئەم ڕەفتارە چەپەڵەی دەوڵەتی ئێران، کە لە شکستی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕکابەرە نێودەوڵەتییەکانی سەرچاوەی گرتووە، بەتەواوی نیشاندەری لاوازی و تێوەگلانی ئەو دەسەڵاتەیە لە کردەوەی تیرۆریزمی دەوڵەتیدا دژی خەڵکی بێتاوانی کوردستان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوە، دەوڵەتی ئێران بە بەکارهێنانی شەش مووشەکی بالیستی، بارەگاکانی فیرقەی حەوتی پیادەی دەڤەری یەک و فیرقەی پێنجی هێزی پێشمەرگەی کوردستانی لە سنووری سۆران کردە ئامانج. لە ئەنجامی ئەم پەلامارە دڕندانەیەدا، شەش پێشمەرگەی گیانفیدای گەلەکەمان بە ناوەکانی «ڕێبەر عەبدوڵڵا، زکری بێخشاشی، ڕامین عادل، شەهاب بێخشاشی، کەیوان موزەفەر و پشتیوان مەلا مووسا» شەهید بوون و ٣٠ پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
ژینامێدیا ئەم دەستدرێژییە ئاشکرایە بۆ سەر خاکی کوردستان بە تووندترین شێوە ئیدانە دەکات و پێی وایە ئەم جۆرە کردەوانە، کە هاوکات لەگەڵ هەوڵی درۆنی بۆ سەر هەولێر و کۆنسوڵخانەی ئەمریکا ڕوو دەدەن، تەنیا بە مەبەستی شێواندنی ئاسایشی هەرێم و بەکارهێنانی خوێنی کوردە وەک قوربانیی ململانێ سیاسییەکانی خۆیان. ئاماری زیاتر لە ٤٠٠ هێرشی مووشەکی و درۆنی لە سەرەتای گرژییەکانی ناوچەکەوە تا ئێستا، شاهیدحاڵی ئەو ڕاستییەیە کە کۆماری ئیسلامی هەرێمی کوردستان بە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکانی خۆی دەزانێت.
ئێمە لە ژینامێدیا، وێڕای سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهیدان و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران، جەخت دەکەینەوە کە ئەم تاوانکارییانە و بێڕێزیکردن بە سەروەریی خاکی کوردستان، هەرگیز ناتوانێت ئیرادەی گەلەکەمان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی تێک بشکێنێت. پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چیتر لە ئاست ئەم دەستدرێژییە سیستماتیکانەی تاران بێدەنگ نەبێت و سنوورێک بۆ ئەم تیرۆریزمی دەوڵەتییە دابنێت.
هێزی پێشمەرگەی کوردستان، وەک پارێزەری خاک و نیشتمان، هەموو مافێکی ڕەوای خۆی بە پارێزراوی دەزانێت بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پەلامارانە و پاراستنی شکۆی گەلەکەی.
ژینامێدیا
٤ی خاکەلێوە