بە بۆنەی هاتنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، لە نۆزدەی ئاداری ئەمساڵدا، شارەوانی ڤییەنا ئاهەنگێکی گەورەی بۆ کوردانی دانیشتووی ئەو شارە ڕێکخست. ئەم بۆنەیە کە بە هەماهەنگی فیدراسیۆنی کوردانی باکووری کوردستان لە نەمسا بەڕێوەچوو، کۆمەڵێک دیپلۆماتکار و کەسایەتیی سیاسیی باڵای تێدا بەشدار بوون.
لەو ئاهەنگەدا کە لە تەلاری شارەوانی ڤییەنا ساز درابوو، چەندین وتار پێشکەش کران. لە دیارترینی بەشداربووان بریتی بوون لە: هاینس فیشیر، سەرۆککۆماری پێشووی نەمسا، نوێنەری شارەوانی ڤییەنا، ئەندریاس بابلێر، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی نەمسا، هەروەها شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) و نوێنەری باڵیۆزخانەی ئیسرائیل.
هاینس فیشیر لە وتارەکەیدا بە بایەخەوە لە ڕۆڵی گەلی کوردی ڕوانی و وێڕای بەرزنرخاندنی خەباتی کوردان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە کورد نەتەوەیەکی ئازادیخواز و دیموکراتخوازە. ناوبراو گوتی: "گەلی کورد شایستەی سەربەخۆیی و ئازادییە. هاوکات کوردانی دانیشتووی نەمسا بە ئاوێتەبوونیان لە کۆمەڵگە، فێربوونی زمان و بەدەستهێنانی پلەی بەرزی زانستی لە زانکۆکان، سەلماندوویانە کە نەتەوەیەکی ئاشتیخواز و خاوەن توانا و بەهرەن."
لە بەشێکی دیکەی ئاهەنگەکەدا، وتارخوێنەکان بانگەوازیان بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد تاوەکو پاڵپشتی زیاتری مافە ڕەواکانی گەلی کورد بکەن. مەراسیمەکە بە چالاکیی هونەری و پێشکەشکردنی خواردنی کوردی کۆتایی هات.
باگراوند:
نەورۆز وەک هێمای نوێبوونەوە و بەرخودانی گەلی کورد، ساڵانە لەلایەن کوردانی تاراوگە و بەتایبەت لە وڵاتانی ئەوروپادا بەشێوەیەکی بەرفراوان دەکرێتەوە. شارەوانی ڤییەنا چەند ساڵێکە ئەم بۆنەیە لە تالارە فەرمییەکانی خۆیدا ڕێک دەخات، کە ئەمەش نیشانەی پێگە و کاریگەریی کۆمەڵگەی کوردییە لە ناوچەکەدا.