پەیامی نەورۆزی ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ خەڵکی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەری کوردستان

نوسراو لە بەرواری 2026 , March 20
0 0

 بۆ نەتەوەی کورد، نەورۆز تەنیا گۆڕانی وەرز و نوێبوونەوەی سروشت نییە، بەڵکوو هێمایەکی دێرینی خەبات، خۆڕاگری و ژیانەوەیە. ساڵانێکی زۆرە جەژنەکانی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوونەتە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتە سەرکوتگەرەکانی کۆماری ئیسلامی. خەڵکی کوردستان بە ئیرادەی پۆڵاین و هیممەتی بەرزیان، هەمیشە چۆکیان بە خواستەکانی ڕێژیم داداوە. ئەو دەسکەوتە مەدەنییانەی لە بەڕێوەبردنی نەورۆزدا بەدەست هاتوون، بەرهەمی دەیان ساڵ تێکۆشانی بێوچانی خەڵک و هێزە سیاسییەکانن، کە هەرگیز لە هەمبەر زەبروزەنگ و پیلانەکانی کۆماری ئیسلامیدا سەریان کز نەکردووە.

لە کاتێکدا ماڵئاوایی لەم ساڵە دەکەین، کۆماری ئیسلامیی ئێران هاوتەریب لەگەڵ هەڵگیرساندنی شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکەدا، بەردەوامە لە پێشێلکردنی سیستماتیکی مافە سیاسی، نەتەوەیی و مەدەنییەکانی گەلی کورد و ژیانی لە زێدی خۆمان لێ تاڵ کردووین. سەرکوتکردن، کوشتن و زیندانیکردنی هەزاران ناڕازی، لەگەڵ بەئامانجگرتنی بارەگای حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات، نیشانەی هێز نین، بەڵکوو دوا پەلەقاژەکانی ڕێژیمێکی لەرزۆکن لە قۆناغی کۆتایی تەمەنیدا و زەبوونیی ئەو دەسەڵاتە لە بەرانبەر ئیرادەی چەسپاوی ئێوە دەسەلمێنن.

نەورۆزی ئەمساڵ هەڵگری مژدەی سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ خەڵکی کوردستان. پێکهێنانی هاوپەیمانیی شەش حیزبە سەرەکییەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێکە لە دەسکەوتە هەرە گرینگەکانی ئەمساڵی نەتەوەکەمان. لەگەڵ ئەوەشدا، بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی یەکجاری و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیارە، ئێمە لە "ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان"، جەخت لەسەر پێویستیی حاشاهەڵنەگری دروستکردنی پلاتفۆرمێکی هاوبەشی نەتەوەیی دەکەینەوە. ئەم پلاتفۆرمە دەبێت بە بەشداریی گشت حیزب و لایەنە سیاسییەکان، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کەسایەتییە پسپۆڕ و ئەکادیمییەکانی دیاسپۆرا دابمەزرێت، تاوەکوو ئەم ئەرکە ستراتیژییانەی خوارەوە لە ئەستۆ بگرێت:

  • نوێنەرایەتیکردنی پرسی کورد: یەکخستنی دەنگی کورد بۆ نوێنەرایەتیکردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا.
  • بەڕێوەبردنی قۆناغی ڕاگوزار: داڕشتنی نەخشەڕێگایەکی گشتگیر و ئامادەکاریی تەواو بۆ بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوە (ڕاگوزار) لە کاتی ڕزگاربووندا، لەپێناو پاراستنی سەقامگیری و ئاسایش.
  • نوێنەرایەتیی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی: دامەزراندنی ناوەندێکی باوەڕپێکراو بۆ گەیاندنی دەنگی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان.
  • دامەزراندنی میدیایەکی نەتەوەیی هاوبەش: پێکهێنانی دەزگایەکی ڕاگەیاندنی یەکگرتوو و بەهێز بۆ بەرپەرچدانەوەی شەڕی دەروونیی دوژمن و بڵاوکردنەوەی پەیامی ڕزگاریخوازی.
  • پێکهێنانی سندووقی دارایی نەتەوەیی: دروستکردنی سندووقێکی پشتیوانی بۆ دابینکردنی سەرچاوەی دارایی پێویست بۆ بەردەوامیی خەباتی مەدەنی و نەتەوەیی خەڵکی کورد.
  • ڕێکخستن و یەکخستنی دیاسپۆرا: کۆکردنەوە و ئاراستەکردنی توانا و وزەی کوردانی تاراوگە بۆ خزمەتکردن بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ناوخۆ.
  • داڕشتنی سیستەمێکی پەروەردەیی: دانانی بناغەی سیستەمێکی پەروەردەییی مۆدێرن و نیشتمانی بۆ داهاتووی کوردستان.
  • بەڕێوەبردن و قبووڵکردنی جیاوازییەکان: چەسپاندنی کولتووری پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن، و چارەسەرکردنی ناکۆکییە سیاسی و فکرییەکان لەسەر بنەمای پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوە.

لەم بەرەبەرەی نەورۆز و ساڵی نوێیەدا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی ژنانی پێشەنگ دەکەین. ئاواتەخوازین ئەمساڵ ببێتە ساڵی چەسپاندنی دەسکەوتە مەدەنی و نەتەوەییەکانمان. هیوادارین بە یەکڕیزی و یەکگرتوویی تەواوی گەلی کورد، هەنگاوەکانمان بەرەو ئازادیی یەکجاری و وەدیهێنانی مافی ڕەوای دیاریکردنی چارەنووس خێراتر بکەین. با نەورۆزی ئەمساڵ بکەینە خاڵی وەرچەرخان بۆ قووڵکردنەوەی گیانی هاوپەیمانی و کاری پێکەوەیی، لەپێناو بنیاتنانی داهاتوویەکی ڕوون و ئازاد بۆ نیشتمانەکەمان.

 

سەرکەوێت خەباتی ڕەوای گەلی کورد

ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

نەورۆزی ٢٧٢٦ی کوردی

 

بۆچونی نوێ