هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵات: ڕژێم بەرەو ڕووخان دەچێت و لە بەردەم وەرچەرخانێکی مێژووییداین

نوسراو لە بەرواری 2026 , March 02
0 0

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، یەکەمین ڕاگەیەندراوی خۆی سەبارەت بە بارودۆخی ئێستا و ئاڵوگۆڕە سیاسی و سەربازییەکانی ئێران بڵاو کردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە وڵات لە بەردەم چارەنووسسازترین قۆناغی مێژوویی خۆیدایە و کۆماری ئیسلامی بەهۆی سیاسەتە چەوتەکانییەوە بەرەو داڕمانی یەکجاری هەنگاو دەنێت.

 

هاوپەیمانییەکە ڕایگەیاندووە کە شەڕی ئێستا، ئاکامی دەیان ساڵ سەرکێشی، دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان، پەرەپێدانی تێرۆریزم و پێداگری لەسەر پڕۆژەی ناوکی و مووشەکییە، کە سەرەنجام ئێرانی وێران کرد و ڕژێمیشی گەیاندە لێواری ڕووخان. هەروەها جەخت کراوەتەوە کە کوژرانی عەلی خامنەیی و ژمارەیەکی زۆر لە فەرماندە باڵاکانی سوپا، ڕەوتی هەرەسهێنانی ئەم دەسەڵاتەی خێراتر کردووە.

 

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەم ململانێیە شەڕی گەلانی ئێران لەگەڵ جیهان نییە، بەڵکوو ڕژێمێکی دیکتاتۆرە کە خەڵکی بە بارمتە گرتووە. لەو چوارچێوەیەشدا هاوپەیمانییەکە ٦ ڕێنوێنی و داواکاریی گرنگی ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان کردووە:

 

١. وشیاری و هەماهەنگی: پێویستە خەڵک بەوپەڕی وشیارییەوە چاوەڕێی پێشهاتەکان بن و هەڵوێستە سیاسییەکانیان لەگەڵ ڕاسپاردەکانی هاوپەیمانییەکە ڕێک بخەن.

٢. پاراستنی موڵکی گشتی: داوا کراوە لە کاتی ڕاپەڕین و کشانەوەی هێزەکانی ڕژێم، هەموو بنکە و دامودەزگا خزمەتگوزاری و ئیدارییەکان بپارێزرێن، چونکە ئەمانە سەرمایەی نەتەوەیین.

٣. داوا لە هێزە چەکدارەکان: هاوپەیمانییەکە داوا لەو کوردانە دەکات کە لە ناو هێزە چەکدارەکانی ڕژێمدان، ڕیزی خۆیان جیا بکەنەوە و بگەڕێنەوە ناو باوەشی گەل و دوا دەرفەت بۆ ئەم مەبەستە بەکار بهێنن.

٤. دوورکەوتنەوە لە تۆڵەسەندنەوە: جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە خەڵک بە ژیرییەوە مامەڵە بکەن و دوور بکەونەوە لە هەر چەشنە تۆڵەسەندنەوەیەکی تاکەکەسی کە زیان بە ئەمنییەتی گشتی دەگەیەنێت.

٥. دوورکەوتنەوە لە بنکە سەربازییەکان: داوا لە هاووڵاتییان کراوە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان، لە ناوەندە سەربازی و ئەمنییەتییەکانی ڕژێم دوور بکەونەوە.

٦. پشتیوانیی کۆمەڵایەتی: داوا لە بازاڕیان، خاوەن‌ماڵ و دەوڵەمەندەکان کراوە کە لەم ڕۆژە سەختانەدا هاوکاری هەژاران و کرێنشینان بن و پشتی یەکتر بگرن.

 

لە کۆتاییدا، هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاندووە کە پێ‌بەپێی گۆڕانکارییەکان، بەرنامە و سیاسەتەکانی خۆیان لە ڕاگەیەندراوەکانی داهاتوودا بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەنەوە.

بۆچونی نوێ