دوای چەندین کاتژمێر لە بڵاوبوونەوەی هەواڵی دژبەیەک و تەمومژاوی، سەرەنجام میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی، هەواڵی کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری ئەو وڵاتەیان پشتڕاست کردەوە. ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ سەرکەوتنی ئەم ئۆپەراسیۆنەیان ڕاگەیاندبوو، بەڵام کاربەدەستانی ئێران بە توندی ڕەتیان دەکردەوە.
بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، خامنەیی بەیانیی ڕۆژی شەممە، ٩ی ڕەشەمەی ١٤٠٤، لە ئەنجامی هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیلدا بە ناوی "نەعرەتەی شێران" بۆ سەر "بەیتی ڕێبەری" لە شەقامی پاستۆری تاران، کوژراوە.
عەلی خامنەیی لە ساڵی ١٣٦٨ەوە و دوای کۆچی دواییی ڕووحوڵڵا خومەینی، جڵەوی دەسەڵاتی لە ئێران بەدەستەوە گرتبوو. سەردەمی دەسەڵاتداریی ئەو بۆ گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد، پڕ بوو لە سەرکوتکردنی بێبەزەییانە، سێدارە، توندوتیژیی سیاسی و گوشارە ئابوورییە تاقەتپڕووکێنەکان. لە ژێر سێبەری دەسەڵاتی ئەودا، ناوچە کوردییەکان ڕووبەڕووی سەربازییکردن و هەڵاواردنی سیستماتیک بوونەوە.
ڕاگەیاندنی پرسەی گشتی و هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوە
دەسەڵاتدارانی ئێران دوای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە، ٤٠ ڕۆژ پرسەی گشتی و ٧ ڕۆژ پشووی سەرتاسەرییان لە وڵاتدا ڕاگەیاند. هاوکات سوپای پاسداران و ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکان لە بەیاننامەیەکدا هەڕەشەی "تۆڵەیەکی سەخت" دەکەن. لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ لە وتارێکدا خامنەیی بە یەکێک لە "خراپەکارترین کەسایەتییەکانی مێژوو" ناو برد و ڕایگەیاند کە کوژرانی ئەو، چەسپاندنی دادپەروەری بوو بۆ خەڵکی ئێران، ئەمریکا و هەموو جیهان.
شەقامی کوردی و ئێرانی؛ لەنێوان پرسە و خۆشحاڵیدا
هەر زوو دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، شەقامەکانی تاران، کەرەج و چەندین شاری کوردستان وەک سنە، ئیلام و ئاودانان بوونە گۆڕەپانی کاردانەوەی جیاواز. گرتە ڤیدیۆییەکان دەریدەخەن کە لە زۆرێک لەو شارانە، خەڵک بە لێدانی هۆڕنی ئۆتۆمبێل و هەڵپەڕکێ، خۆشحاڵی خۆیان بۆ کۆتاییهاتنی ئەم سەردەمە دەردەبڕن. خەڵکی کوردستان کە ساڵانێکی درێژە ئازاری دەستی بڕیارە توندڕەوەکانی ئەو دەسەڵاتە دەچێژن، ئەم ڕووداوە بە دەرفەتێک بۆ هەناسەدان دەبینن.
لە دەرەوەی وڵاتیش، کوردستانیان و ئێرانییەکان ڕژانە سەر شەقامەکان. لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی گۆڕدرا بۆ ئاهەنگگێڕان و بەشداربووان سوپاسی حکومەتی ئەمریکایان کرد.
وەرچەرخانێکی مێژوویی
نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئەم ڕۆژە وەک "نەورۆزێکی نوێ" و خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی هاوچەرخی ناوچەکەدا دەبینن. زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە ئەمە "کۆتاییی سەردەمێک" و دەسپێکی قۆناغێکی نادیار بەڵام پڕ لە هیوا یە بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی.
لە کاتێکدا کە بەرپرسانی تاران ئەم هێرشە بە "کردەوەیەکی تیرۆریستی" ناوزەد دەکەن و جەخت لە بەردەوامیی پێکهاتەی دەسەڵات دەکەنەوە، بەڵام چاوەکان هەموو لەسەر ناوخۆی ئێران و گۆڕانکارییەکانی داهاتوون. ئایا ئەم ڕووداوە دەبێتە هۆی داڕمانی یەکجاریی سیستەمەکە یان ناوچەکە بەرەو شەڕێکی گەورەتر دەبات؟ ژینامێدیا لە ڕاپۆرتەکانی داهاتوویدا بە وردی تیشک دەخاتە سەر ئەگەر و پێشهاتە نوێیەکان.