ژینامیدیا – هاوکات لەگەڵ ڕاگەیاندنی فەرمیی دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران، سەرچاوە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان باس لە وقوعی زنجیرە تەقینەوەیەکی گەورە لە شارە جیاوازەکانی ئێران و هێرشی مووشەکیی بەرامبەر لە ئاستی ناوچەکەدا دەکەن. گۆڕانکارییەکانی چەند کاتژمێری ڕابردوو نیشاندەری ئەوەن کە پێکدادانەکان چوونەتە قۆناغێکی مەترسیدار و بێوێنەوە.
هێرشی چڕ بۆ سەر ناوخۆی ئێران
میدیا فەرمییەکانی ئێران، لەوانە (ئیرنا) و دەستەی ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی ئەو وڵاتە، هەواڵی تەقینەوەیان لە شارەکانی تاران، ورمێ، کرماشان، قوم، لوڕستان، کەرەج، تەورێز، دزفووڵ و دوورگەی خارک پشتڕاست کردووەتەوە. هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە شارستانی کەنارەک لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران و چەندین ناوەندی سەربازی لە میناب (پارێزگای هورمزگان)، جەم (پارێزگای بووشێهر) و چەندین بنکەی ئاسمانی و دەریایی کراونەتە ئامانج.
ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندووە کە عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی، هاوکات لەگەڵ دەستپێکردنی هێرشەکان بۆ "شوێنێکی پارێزراو" گواستراوەتەوە. لە لایەکی ترەوە، ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ڕایگەیاندووە کە دەرگای قوتابخانە و زانکۆکان تا کاتێکی نادیار دادەخرێن و ڕێکخراوی فڕۆکەوانیی وڵاتیش داوای لە هاووڵاتییان کردووە سەردانی فڕۆکەخانەکان نەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، هێڵی ئینتەرنێت لە زۆربەی ناوچەکانی ئێران یان بە تەواوی پچڕاوە یان دوچاری تێکچوونی توند بووەتەوە.
وەڵامدانەوەی مووشەکیی کۆماری ئیسلامی
ئاژانسە هەواڵییەکانی سەر بە سوپای پاسداران ڕایانگەیاندووە کە چوار بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، لەوانە بنکەی "ئەلعەدید" لە قەتەر، "ئەلسالم" لە کوێت، "ئەلزەفرە" لە ئیمارات و بنکەی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا لە بەحرەین، کراونەتە ئامانجی مووشەکی بالیستیی ئێران.
ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی بەحرەینەوە هێرشەکان بۆ سەر خاکی ئەو وڵاتە و ناوەندی خزمەتگوزاریی کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکای پشتڕاست کردووەتەوە. هەروەها هەواڵی تەقینەوە لە بەحرەین، کوێت، ئوردن و تەنانەت ڕیاز-یش بڵاوکراوەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، میدیاکانی ئیسرائیل باس لە بیستنی دەنگی تەقینەوە لە حەیفا و باکووری ئیسرائیل دەکەن. زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەندین ناوچەی ئیسرائیل لێدراوە و وێنەی دووکەڵی چڕ لە تەلئەبیب بڵاوکراوەتەوە. سەرچاوە نزیکەکان لە فەیلەقی قودس ڕایانگەیاندووە کە شەپۆلێکی نوێی مووشەک بەرەو ئیسرائیل تەقێندراوە.
هەڵوێستی ڕێبەرانی ئەمریکا و ئیسرائیل
بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند کە ئۆپراسیۆنی هاوبەشیان لەگەڵ ئەمریکا بە ناوی "نەعرەتەی شێرەکان" دەستپێکردووە بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە "دەسەڵاتی تیرۆر لە ناوچەکەدا". ئەو جەختی کردەوە کە ئەم هێرشانە لەژێر سەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ ئەنجام دەدرێن و ڕووی قسەی لە خەڵکی ئێران کرد و گوتی: "ئێوە دوژمنی ئێمە نین؛ ئەمە دەرفەتێکە بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر."
نەتانیاهوو لە کۆتایی قسەکانیدا سوپاسی دۆناڵد ترەمپ و گەلی ئەمریکای کرد و بە هاووڵاتییانی ئیسرائیلی گوت: "مەترسن؛ شێرەکانتان کەوتوونەتە نەعرەتە."
لە واشنتۆن، دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکان "ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی گەورەی" لە ئێران دەستپێکردووە. ئەو مەبەستی ئەم ئۆپراسیۆنەی بۆ لەناوبردنی پیشەسازیی مووشەکی، توانای دەریایی و تێکشکاندنی تۆڕی بریکارەکانی کۆماری ئیسلامی گەڕاندەوە و جەختی کردەوە کە ئەمریکا هەرگیز ڕێگە نادات ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. ترەمپ هەروەها کۆماری ئیسلامیی بە "گەورەترین پاڵپشتیکاری دەوڵەتیی تیرۆر" ناوبرد.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتادۆن) ناوی ئەم هەڵمەتە سەربازییەی بە "ئۆپراسیۆنی خەشمە حەماسییەکە" (Operation Epic Fury) ناساندووە.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە زاری ڕۆیتەرزەوە ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی هێرشێکی "پێشوەختە"ی دژی ئێران ئەنجامداوە و سوپای ئیسرائیل زەنگی ئاگادارکردنەوەی لە سەرانسەری وڵات لێداوە بۆ ئامادەباشی لە بەرامبەر هێرشە تۆڵەسەندنەوەییەکان.
پەرەسەندنی پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا
کەناڵی "ئەلعەرەبییە" لە زاری سەرچاوە ئیسرائیلییەکانەوە ڕایگەیاندووە کە پێدەچێت قۆناغی یەکەمی هێرشەکان نزیکەی چوار ڕۆژ بخایەنێت، سەرچاوەیەکی ئەمریکیش بە کەناڵی (CBS)ی ڕاگەیاندووە کە پێدەچێت هەڵمەتە سەربازییەکەی ئەمریکا نزیکەی دە ڕۆژ بخایەنێت.
هاوکات، گرووپی ئەنساروڵڵای یەمەن ڕایانگەیاندووە کە هێرشەکانیان لە دەریای سوور دەست پێ دەکەنەوە. وتەبێژی حەشدی شەعبی لە عێراقیش ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر بنکەکانیان، کەسێک کوژراوە و سێ کەسیش بریندار بوون.
ئێران و ئیسرائیل ئاسمانی وڵاتەکانیان داخستووە و گەشتە مەدەنییەکان ڕاگیراون. وەزارەتی بەرگریی قەتەریش ڕایگەیاندووە کە هەموو ئەو مووشەکانەی ئاراستەی وڵاتەکەی کراون، بەرپەرچ دراونەتەوە و تێکشێندراون.
ئاسۆیەکی تەمومژاوی
بە لەبەرچاوگرتنی پانتایی جوگرافیی هێرشەکان، پچڕانی پەیوەندییەکان لە ناوخۆی ئێران و ڕاگەیاندنی فەرمیی دەستپێکردنی هەڵمەتە سەربازییەکە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە، ناوچەکە چووەتە قۆناغێکی هەستیار و ناسەقامگیرەوە. تا ئێستا ئامارێکی ورد لە قوربانییە مرۆییەکان بڵاونەکراوەتەوە و ڕەهەندە تەواوەکانی ئەم پێکدادانە خەریکە دەردەکەون.
گۆڕانکارییەکانی کاتژمێر و ڕۆژانی داهاتوو دەتوانێت ڕێڕەوی سیاسی و ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی بنەڕەتی بگۆڕێت. ژینامیدیا بەردەوام دەبێت لە شوێنکەوتنی ئەم ڕووداوانە.