ناوەندی نەتەوەییی ڕۆژهەڵات پشتیوانیی خۆی بۆ هاوپەیمانیی نوێی هێزە سیاسییەکان ڕادەگەیەنێت

نوسراو لە بەرواری 2026 , February 24
0 0

ناوەندی نەتەوەییی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، پشتیوانیی بێ ئەملاو ئەولای خۆی بۆ پێکهێنانی "هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران" دەربڕی و ئەم هەنگاوەی بە وەرچەرخانێکی ستراتیژی و مێژوویی لە خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورددا لە قەڵەم دا.

 

ئەم هەڵوێستەی ناوەندی نەتەوەیی دوای ئەوە دێت کە لە ٣ی ڕەشەمێی ١٤٠٤دا، پێنج لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان - پژاک و پارتی ئازادیی کوردستان - پاک) بەرەی هاوبەشی خۆیان ڕاگەیاند.

 

تێپەڕاندنی پەرتەوازەیی و بونیادنانی یەکڕیزی

ناوەندی نەتەوەییی ڕۆژهەڵات لە ڕاگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم یەکگرتنە وەڵامێکی مێژووییە بۆ ویست و داواکارییەکانی کۆمەڵانی خەڵک. هەروەها جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە نیشانەی پێگەیشتوویی سیاسیی هێزەکانە، کە توانیویانە لە پێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەدا، سنووری بەرژەوەندییە حیزبییە تەسکەکان ببەزێنن.

 

بانگەواز بۆ دامەزراندنی میدیایەکی یەکگرتووی نیشتمانی

یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی ڕاگەیەندراوەکە، جەختکردنەوەیە لەسەر پێویستیی دامەزراندنی "دەزگایەکی میدیایی هاوبەش". ناوەندی نەتەوەیی پێی وایە لە سەردەمی ئێستادا شەڕی گوتار و زانیارییەکان گرنگییەکی کەمتری لە خەباتی مەیدانی نییە. ئەم ناوەندە ئامانجەکانی ئەم میدیایەی لە چەند خاڵێکدا کورت کردووەتەوە:

- بەرپەرچدانەوەی شەڕی دەروونی و چەواشەکارییەکانی دەسەڵاتی داگیرکەر.

- دروستکردنی گوتارێکی سیاسیی یەکگرتوو بەرامبەر بە جیهان.

- بوون بە دەنگی ڕاستەقینەی خەباتکارانی ناوخۆ، لەوانە ژنان، کرێکاران و لاوان.

 

ڕێکخستنی تواناکانی دیاسپۆرا و سندوقی نیشتمانی

ناوەندی نەتەوەییی ڕۆژهەڵات داوای کردووە کە تواناکانی ڕەوەندی کورد لە دەرەوەی وڵات بە گەڕ بخرێن و "ئەنجومەنی هەماهەنگیی دیاسپۆرا" بۆ لۆبیکردنی سیاسی پێکبێت. هاوکات پێشنیاری دامەزراندنی "سندوقی نیشتمانیی پشتیوانی" کردووە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی سیستماتیک هاوکاریی بنەماڵەی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و مانگرتنە گشتییەکانی ناوخۆی وڵات بکرێت.

 

دیپلۆماسیی یەکدەنگ و پەیامی "ژن، ژیان، ئازادی"

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە پێویستە "کۆمیتەی دیپلۆماسیی هاوبەش" پێکبێت، تا پڕۆژەی دیموکراسی و مۆدێرنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"دا ڕەنگی داوەتەوە، بە یەک دەنگ بگاتە ناوەندە بڕیاربەدەستەکانی جیهان.

 

ناوەندی نەتەوەییی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆتاییدا داوای لە تەواوی لایەنە سیاسییەکان، ڕەوتە مەدەنییەکان و کەسایەتییە ئازادیخوازەکان کردووە، کە بە دەم ئەم هاوپەیمانییەوە بچن و یەکڕیزیی نیشتمانی وەک تەنیا ڕێگەی سەرکەوتن و مسۆگەرکردنی پێگەی کورد لە داهاتووی سیاسیی ناوچەکەدا بپارێزن.

بۆچونی نوێ