بێهروز شوجاعی، توێژەری شیکاریی گوتار و زمانەوانی لە زانکۆی ئوپسالا (Uppsala University)، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەشی فارسیی کوردستانمیدیا، بە وردی باسی لە پارادایمی سەروەریی سیاسیی کورد و ئاستەنگە گوتارییەکانی بەردەم سیاسەت لە ڕۆژهەڵات کرد.
ژینامێدیا لەم ڕاپۆرتەدا، گرنگترین تەوەرەکانی ئەم چاوپێکەوتنە بڵاو دەکاتەوە.
ڕەخنە لە «کەمایەتیبوون» لە چوارچێوەی ناوەنددا
شوجاعی لەم گفتوگۆیەدا جەخت دەکاتەوە کە پێناسەکردنی کورد وەک «کەمایەتییەکی نەتەوەیی» لە چوارچێوەی سیاسیی ناوەنددا، تەنیا وەسفێکی دیمۆگرافی (جەماوەری) نییە، بەڵکوو بەشێکە لە میکانیزمی چەسپاندنی نەزمی هەبوو. بە وتەی ئەو، کاتێک کورد لە پێگەی کەمایەتیدا جێگیر دەکرێت، بە کردەوە لە لۆژیکی سیاسەتداڕشتنی ناوەنددا دەتوێتەوە و لە ئاستی بکەرێکی (سوژە) دامەزرێنەرەوە بۆ ئاستی جەماوەرێکی شیاوی بەڕێوەبردن، دادەبەزێندرێت.
ئەو سیاسەت بە «بەرهەمهێنانی ئاسۆی ڕەوا بۆ کردار» پێناسە دەکات و پێی وایە کورتکردنەوەی داخوازییە کوردییەکان بۆ بواری فەرهەنگی و زمانی، ململانێکە لە ئاستی مافی سیاسییەوە بۆ ئاستی بەڕێوەبردنی ئیداری دەگوازێتەوە. لەم دۆخەدا، کورد لە جیاتی ئەوەی سەرچاوەی بڕیار بێت، وەک "بابەتی بڕیارلێدان" دەمێنێتەوە.
سەروەری بە واتای مافی بڕیاردان
ئەم توێژەرە گەڕانەوە بۆ چەمکی «سەروەری» بە ڕێگای دەرچوون لە دۆخی کەمایەتیبوون دەزانێت؛ سەروەرییەک کە بە وتەی ئەو تەنیا بە واتای سنوورە کلاسیکەکانی دەوڵەت-نەتەوە نییە، بەڵکوو بە واتای «مافی بڕیاردان سەبارەت بە نەزمی سیاسی»ـیە.
شوجاعی ڕوونی دەکاتەوە کە تێپەڕین لە قۆناغی داواکارییەوە بۆ بکەرێتیی سیاسی (سوژەبوون)، پێویستی بە وەرگرتنەوەی مافی بڕیاردان و بەرەنگاربوونەوەی سەرچاوەی ڕەوایەتیی نەزمی هەبووە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، تا کاتێک ململانێکان لە ئاستی دابەشکردنی ئیمتیازەکاندا بمێننەوە، ناوەند دەتوانێت بە پێدانی ئیمتیازی سنووردار یان سەرکوتکردنی لۆکاڵی بەڕێوەی ببات؛ بەڵام گواستنەوەی ململانێ بۆ ئاستی ڕەوایەتی (شەرعییەت)، لۆژیکی یارییەکە دەگۆڕێت.
هۆشداری سەبارەت بە «کۆلۆمێنتالیزم»
یەکێک لە چەمکە سەرەکییەکانی ئەم گفتوگۆیە، «کۆلۆمێنتالیزم»ـە؛ زاراوەیەک کە شوجاعی بۆ وەسفکردنی "ناخەکیبوون"ی لۆژیکی دەسەڵات لە زهنی نوخبە سیاسییەکاندا بەکاری دەهێنێت. بە بڕوای ئەو، کاتێک سنوورەکانی ناوەند دەبنە پیرۆزی و بابەتێکی بێمشتومڕ، سیاسەت لە "ئیمکانی دامەزراندن"ـەوە بۆ "بەڕێوەبردن لەنێو نەزمی هەبوو"دا کورت دەبێتەوە.
ئەو جەخت دەکاتەوە کە «واقیعبینی» ئەگەر بۆ قبووڵکردنی سروشتیی دۆخی هەبوو دابەزێندرێت، دەتوانێت ببێتە ئامرازێک بۆ چەسپاندنی هەژموونی. لە بەرانبەردا، ئەو باس لە «واقیعبینیی سەروەریتەوەر» دەکات کە مەرجە عەینییەکان قبووڵ دەکات، بەڵام ئاسۆی ڕەوایەتی بۆ ئەو مەرجانە کورت ناکاتەوە.
چاوپێکەوتنی بێهروز شوجاعی لەگەڵ کوردستانمیدیا، سەرنجی خستووەتە سەر سێ تەوەری سەرەکی: ڕەخنەگرتن لە پارادایمی کەمایەتیتەوەر، پێناسەکردنەوەی سەروەری وەک بنەمای دامەزرێنەری ڕەوایەتی، و شیکردنەوەی داگیرکاریی زهنی لە قاڵبی کۆلۆمێنتالیزمدا.
وا دەردەکەوێت کە ئەم باسە، لە فضای هزری و سیاسیی ڕۆژهەڵاتدا، دەرگای گفتوگۆیەکی نوێی سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان داخوازی، سەروەری و ئایندەی گوتاری سیاسیی کوردی کردبێتەوە.