لە دیداری لێژنەی کوردستانیان لە گەڵ وەزارەتی دەرەوەدا دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و رۆژاوا گفتگۆ کرا.
رۆژی پێنج شەممە ٥/٢/٢٠٢٦ دەستەیەک لە چالاکانی کورد بریتی لە خاتوو شەیدا سۆهرابی، خەلاتە دەمیر و رۆلیان سولەیمان و د. مەجید حەقی سەردانی وەزارەتی دەرەوەی فینلاندیان کرد و لەلایەن بەرێزان خاتوو ئانا راوتاڤوئۆری بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداوی فارس و یانێ ئۆکسانێن بەرپرسی دیسکی سووریا دیدار و چاوپێکەوتنیان کرد.
لەو دیدارەدا دوایین پێشهاتەکانی ڕؤژهەڵاتی کوردستان و ئێران خرایە بەرباس و باسی کۆمەلکوژی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاپارتایدی سیستماتیکی دەوڵەتی ئێران دژی نەتەوەی کورد کرد. لەو پێوەندییەدا راپۆرتێک لە ژێر ناوی "ئاپارتایدی سیستماتیکی خەڵکی کوردستان لە لایەن دەوڵەتی ئێران" و هەروەها راپۆرتێکی دۆخی ئێستا و یادداشتێک بۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتی فینلاند ئاراستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە کرا. لەو یادداشتنامەیەدا وێرای ئاماژە بە دوایین پێشهاتەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، داوا لە دەوڵەتی فینلاند کرا، کە سیاسەتێکی چالاکانە لە مەڕ پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان ڕەچاو بکات و گوشار بخاتە سەر رژێم ئێران بۆ کۆتایی هێنان بە سەرکوتی گەلی کورد. هەروەها داوا کرا هەموو بنکە و بنیاتەکانی ئێران کە گرێدراون بە سپای تیرۆریستی پاسداران لە وڵاتی فینلاند دابخرێت.
لە پێوەندی لە گەڵ رۆژئاوای کوردستان، دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژاوا خرایە بەرباس و داوا لە فینلاند و وڵاتانی یەکیەتی ئورووپا کرا، کە بەشدار بن لە چاوەدێری بەسەر چۆنیەتی بەرێوەچوونی پەیمانەکانی نێوان دەسەڵاتی ناوەندی سووریا و دەسەڵاتی ڕۆژاوای کوردستان.