چالاکانی سیاسی و مەدەنیی ڕۆژهەڵات: پێویستمان بە مانیفێستێکی نەتەوەیی و دیپلۆماسییەکی یەکگرتوو هەیە

نوسراو لە بەرواری 2026 , January 19
0 0

لە کۆبوونەوەیەکی ڕاوێژکاریی بەرفراواندا کە ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ژانویەی ٢٠٢٦ بە بەشداریی نزیکەی ٤٠ کەسایەتیی سیاسی، مەدەنی و ئەکادیمیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو، وێڕای جەختکردنەوە لەسەر یەکخستنی گوتاری دیپلۆماسی و پێکهێنانی "پەیمانی نەتەوەیی"، بەشداران بە کۆدەنگی ناوچەی "مەلەکشا"یان وەک دەروازەی ستراتیژیی ڕاپەڕینی ساڵی ٢٧٢٥ دیاری کرد.

 

لە دانیشتنەکەدا کە بە دەستپێشخەریی "بزووتنەوەی ئاشتیی ناوخۆیی - ڕۆژهەڵات" (BAN-RH) و "ناوەندی نەتەوەیی ڕۆژهەڵات" (NNRK) ساز درابوو، شرۆڤەی دۆخی سیاسیی ئێران و ئەگەرەکانی ڕووخانی کۆماری ئیسلامی کرا. بەشداران هۆشدارییان دا لە مەترسیی گوتاری ناوەندگەرا و لایەنگرانی پاشایەتی و جەختیان کردەوە کە کورد دەبێت خاوەنی مانیفێستێکی نەتەوەیی بێت. لەو چوارچێوەیەدا، داوای فراوانکردنی "ناوەندی دیالۆگ" کرا بۆ ئەوەی ببێتە چەترێک بۆ کۆکردنەوەی حیزبە سیاسییەکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکانی تاراوگە، بە مەرجێک "خوێنڕشتنی کورد بە دەستی کورد" وەک هێڵی سوور و حەرام دیاری بکرێت.

 

تەوەرێکی سەرەکیی دیکەی کۆبوونەوەکە، گرنگیدان بوو بە قووڵایی ستراتیژیی جوگرافیای ڕۆژهەڵات، بەتایبەت پارێزگاکانی لۆرستان، ئیلام و کرماشان. لەم ڕووەوە، بەشداران بە توندی پێداگرییان لەسەر ئەوە کرد کە ناوچەی "مەلەکشا" بەهۆی پێگە و ڕۆڵی مێژوویی و خەباتگێڕییەوە، دەبێت وەک سیمبوول و دەروازەی سەرەکیی ڕاپەڕینی ساڵی ٢٧٢٥ بناسرێت و مامەڵەی لەگەڵ بکرێت؛ ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ بەشداریپێکردنی کارای باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە گۆڕانکارییەکاندا لێک درایەوە.

 

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە بۆ قۆناغی داهاتوو، پێویستە شاندێکی دیپلۆماسیی بەهێز بۆ ناساندنی دۆزی کورد بە جیهان پێک بهێنرێت و هاوکات هێزێکی بەرگریی نیشتمانیی یەکگرتوو بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی نەتەوەیی و ڕۆڵپێدانی زیاتر بە ژنان لە بڕیارە سیاسییەکاندا دروست بکرێت.

بۆچونی نوێ