د. ئاسۆ حەسەن زادە: تەنیا لە کوردستان، هێزەکان خاوەنی رێکخراو و پێگەی کۆمەڵایەتین

نوسراو لە بەرواری 2026 , January 13
0 0

لە مانگەکانی ڕابردوودا، کەشوهەوای سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران جارێکی دیکە چووەتە قۆناغێک لە هەڵچوون و ئاڵۆزیی بەردەوام. کۆمەڵێک قەیرانی قووڵی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی، لەگەڵ بەردەوامیی گوشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، بوونەتە هۆی گەڕانەوەی بەرفراوانی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بۆ سەر شەقامەکان؛ ناڕەزایەتیگەلێک کە ئەم جارە نەک تەنیا لە ڕووی جوگرافیەوە فراوانتر بوون، بەڵکوو توێژی جۆراوجۆرتری کۆمەڵگای ئێرانیشی گرتووەتەوە.

 

ئەم شەپۆلە نوێیەی ناڕەزایەتی کە لەلایەن زۆرێک لە چاودێرانەوە وەک درێژەی سروشتیی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» هەڵدەسەنگێندرێت، زیاتر لە هەموو شتێک بە تایبەتمەندییەکی دیار دەناسرێتەوە: نەبوونی سەرکردایەتیی ناوەندی و چڕبوونەوەی دەسەڵات لە دەستی ڕەوت یان کەسایەتییەکی سیاسیی دیاریکراو. بە بڕوای دکتۆر ئاسۆ حەسەن‌زادە، جێگری پێشووی سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئەم تایبەتمەندییە نەک خاڵی لاواز، بەڵکوو بەشێکە لە سروشتی بزووتنەوە شۆڕشگێڕییە هاوچەرخەکان.

 

حەسەن‌زادە لە هەڵسەنگاندنەکەیدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەر وەک چۆن لە ڕەوتی بەهاری عەرەبیشدا بینرا، بزووتنەوە جەماوەرییەکانی ئەمڕۆ دەتوانن بەبێ سەرکردە کلاسیکەکان، بەڵام بە پشت بەستن بە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی لە خوارەوە و سەرکردایەتییە خۆجێییەکان، ڕێڕەوی خۆیان ببەنە پێشەوە و تەنانەت سەرکەوتنیش بەدەست بهێنن. بە وتەی ئەو، ناڕەزایەتییەکانی ئێستای ئێران ڕێک پەیڕەوی لە هەمان شێواز دەکەن؛ بزووتنەوەیەکی سەربەخۆ کە نە لە ناوخۆی وڵات و نە لە دەرەوە، لەژێر فەرمانی ڕەوت یان کەسایەتییەکی سیاسیی تایبەتدا نییە.

 

ئەم شیکارییە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەو ئیدیعایانە ڕەت دەکاتەوە کە لەلایەن هەندێک لە کەسایەتییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات ـ لەوانەش ڕەوتی سەلتەنەت‌خواز بە سەرکردایەتیی ڕەزا پەهلەوی ـ سەبارەت بە ڕێبەری کردنی ناڕەزایەتییەکان دەخرێنە ڕوو. بە بڕوای حەسەن‌زادە، ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات ئەگەرچی چالاکە، بەڵام بەشی هەرە زۆری چالاکییەکەی سروشتێکی میدیایی و مەجازیی هەیە و لە بوونی ڕاستەقینە و ڕێکخراو لە ناوخۆی ئێران بێبەرییە. ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئەم دۆخە بەنزیکەیی هەموو ڕەوتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات دەگرێتەوە، هەرچەندە هەندێک گرووپ بەهۆی هەبوونی سەرچاوەی دارایی و میدیایی زیاتر، تۆختر دەبینرێن.

 

لەم نێوەندەدا، بە وتەی ئەو، تەنیا بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کە هێشتا خاوەنی ئامادەبوونی مەیدانی و پەیوەندیی ڕاستەوخۆیە لەگەڵ پێگەی جەماوەریی خۆی، حیزبە سیاسییەکانی کوردستانن؛ حیزبگەلێک کە لە ڕووی مێژووییەوە لە دەقی کۆمەڵگادا ئامادە بوون و خاوەنی تۆڕی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ڕیشەدارن.

 

لە ڕوانگەی هاوسەنگیی هێزەوە، حەسەن‌زادە پێی وایە کە کۆماری ئیسلامی سەرەڕای ئەزموونی دوورودرێژی لە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، ئەمڕۆ لە دۆخێکی زۆر ناسکتر لە ڕابردوو دایە. ئەو بە ئاماژەدان بە گۆڕانکارییە سەربازی و ناوچەییەکانی ئەم دواییە ـ کە بە ناونیشانی «شەڕی دوازدە ڕۆژە» باسی لێوە دەکرێت ـ دەڵێت توانای سەربازی و دەسەڵاتی مانۆڕی ناوچەیی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. ئەم لاوازبوونە، لە پاڵ قەیرانە ئابوورییەکان، کەلێنە قووڵە کۆمەڵایەتییەکان، گەڕانەوەی بەهێزی ناڕەزایەتییەکان و توندتربوونی گوشارە نێودەوڵەتییەکان، سیستەمەکەی خستووەتە دۆخێکی کەم‌وێنەوە.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو جەخت دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامی هێشتا توانای سەرکوت و بەکارهێنانی توندوتیژیی لەدەست نەداوە و نیشانەکانیشی لە هەفتەکانی ڕابردوودا بە ڕوونی دەبینرێن. بەڵام بە بڕوای ئەو، هاوکێشەی دەسەڵات گۆڕاوە. ئەگەر لە ڕابردوودا کۆمەڵگا لە سیستەم دەترسا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تەنیا بە دەربڕینی هاوسۆزی بەسندەی دەکرد، ئەمڕۆ ئەوە سیستەمەکەیە کە لە کۆمەڵگایەکی تووڕە و لە کاردانەوە ئەگەرییە نێودەوڵەتییەکان ـ بەتایبەتی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ـ دەترسێت.

 

بە وتەی حەسەن‌زادە، کۆماری ئیسلامی ئێستا لە بنبەستێکی ستراتیژیدا گیرۆدە بووە: لە لایەکەوە، هەرجۆرە پاشەکشە و سازشێک دەتوانێت ببێتە هۆی هەرەسهێنانی دەسەڵاتەکەی، و لە لایەکی دیکەوە، بەردەوامیی سەرکوتی خوێناوی مەترسیی کاردانەوەی توندتری نێودەوڵەتی و تەنانەت دەستێوەردانی سەربازی زیاد دەکات. لە هەر دوو سیناریۆکەدا، ئەگەری قووڵبوونەوەی کەلێنەکان و تەنانەت هەرەسهێنانی ناوەکیی پێکهاتەی دەسەڵات بوونی هەیە.

 

ئەو ڕیشەی سەرەکیی ناڕەزایەتییەکان نەک تەنیا لە کێشە ئابوورییەکان یان سنووردارکردنە کۆمەڵایەتییەکان، بەڵکوو لە وشیاریی ڕوو لە گەشەی کۆمەڵگا سەبارەت بە ماهییەتی سیستەمێکی سیاسیی دیکتاتۆر، گەندەڵ و ناکارامە دەبینێتەوە. هەر بۆیەشە کە ئەم جارە دروشمەکان ڕاستەوخۆ سەری هەرەمی دەسەڵاتیان کردووەتە ئامانج؛ دروشمێک کە بە وتەی ئەو، دەربڕی کۆتاییهاتنی هیوا بە چاکسازیی ناوخۆییە.

 

حەسەن‌زادە هەروەها پێی وایە کە بڕینی ئینتەرنێت و سنووردارکردنی پەیوەندییەکان نەک تەنیا یارمەتیی بە کۆنتڕۆڵکردنی ناڕەزایەتییەکان نەداوە، بەڵکوو سروشتی سەرکوتگەرانەی سیستەمی ئاشکراتر کردووە و بە بڵاوبوونەوەی وێنەی قوربانییان لە ڕێگە جێگرەوەکانەوە، تووڕەیی ناوخۆیی و گوشاری نێودەوڵەتی زیاد دەکات.

 

بە بڕوای ئەو، گەورەترین ئاڵۆگۆڕی بەردەم ئەم بزووتنەوەیە، دروستبوونی پلاتفۆرمێکی نیشتمانیی گشتگیر و جێی ڕێککەوتنە؛ چوارچێوەیەک کە بتوانێت هێزە فرەچەشنەکانی کۆمەڵگای ئێران لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش یەک بخات. بەڵام سەرکوت، کەلێنە ناوخۆییەکان و کێبەرکێی وێرانکەری نێو ئۆپۆزیسیۆن ـ بەتایبەتی ڕۆڵی ڕەوتی سەلتەنەت‌خواز ـ لە بەربەستە سەرەکییەکانی ئەم ڕێگایە هەژمار دەکرێن.

 

لە کۆتاییدا، حەسەن‌زادە ڕۆڵی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێشتا بە یەکلاکەرەوە دەزانێت. ئەو بە ئاماژەدان بە هەڵوێستە توند بەڵام دوو لایەنەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، هۆشداری دەدات کە بەکراوەیی هێشتنەوەی هاوکاتی ڕێگای گوشار و دانوستان دەتوانێت بەشێوەیەکی نەخوازراو ببێتە هۆی درێژەدان بە تەمەنی کۆماری ئیسلامی؛ بابەتێک کە بە وتەی ئەو، چارەنووسی گۆڕانکارییەکانی داهاتووی ئێرانی گەیاندووەتە یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی خۆی.

بۆچونی نوێ