کۆشکی سپی: ترەمپ بژاردەی سەربازی بۆ پشتیوانی لە خۆپیشاندانەکانی ئێران تاوتوێ دەکات

نوسراو لە بەرواری 2026 , January 13
0 0

کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، ڕۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕاوێژکارانی باڵا و بەرپرسانی تیمی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، بژاردە جیاوازەکانی پشتیوانی لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئێران تاوتوێ دەکات. بە وتەی بەرپرسانی کۆشکی سپی، بژاردەی کردەی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامیش لەنێو سیناریۆکانی جێی باسدایە.

 

کارۆلین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی، ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی بەفرانبار لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، بە ئاماژەدان بە فراوانبوونی خۆپیشاندانەکان لە شارە جیاوازەکانی ئێران و نیگەرانیی زیاتری دەسەڵاتدارانی تاران لە دەرئەنجامەکانی، ڕایگەیاند:

«کۆماری ئیسلامی چەندین پەیامی نهێنیی بۆ واشنتۆن ناردووە کە ناوەڕۆکەکەیان جیاوازییەکی ئاشکرای لەگەڵ هەڵوێستە ڕاگەیەندراوەکانی ئەم حکوومەتە لە میدیاکاندا هەیە.»

 

لیڤیت بە پێداگری لەسەر هەڵوێستی توندی ئیدارەی ترەمپ وتی:

«هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن و سەرۆک هیچ ترسێکی لە کردەی سەربازی نییە.»

 

وتەبێژی کۆشکی سپی هەروەها ڕوونی کردەوە کە دۆناڵد ترەمپ چیتر نایەوێت شایەتحاڵی سەرکوت و کوشتاری خۆپیشاندەرانی ئێرانی بێت. بە وتەی ئەو، دابینکردنی دەستڕاگەیشتنی خەڵکی ئێران بە ئینتەرنێتی ئازاد، بەتایبەتی لە ڕێگەی خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ستارلینکەوە، یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆی سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ ئیلۆن ماسک بووە؛ ئەوەش لە کاتێکدایە کە حکوومەتی ئێران ڕێگەکانی پەیوەندیی هاووڵاتییانی بە شێوەیەکی بەربڵاو داخستووە.

بۆچونی نوێ